لە کەرکوک بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدان کرا

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی سەردانێکی ڕێکخست بۆسەر گڵکۆی شەهیدان لەشارەکە.

ئێوارەی ئەمرۆ لە رۆژی عارفەدا وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئاینی کۆمەڵگای باشور و کۆمەڵگای ئیسلامی، خەلکی سەردانی گۆری کەسوکاریان دەکەن، تەڤگەری ئازادیش لە کەرکوک بەهاوکاری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوای کوردستان و کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان وەکو خاوەنداریکردن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کرد.

ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، (ڕەژاک) و گەنجانی وڵاتپارێز لە سەردانی کردنیاندا بۆ سەر گڵکۆی شەهیدان یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانیان کردەوە و داوایانکرد، لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان بەگشتی و باشوری کوردستان بەتایبەتی، تەواوی چین و توێژەکان و ئازادیخوازان بێ دەنگ نەبن و هەڵوێست بنوێنن لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشستی تورک بەهاوکاری نۆکەرانی لەباشوری کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە سەردانەکەیاندا بۆ سەر گڵکۆی شەهیدان، نەوزاد بەکر ئەندامی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: " سەرەتا سەری رێزو نەوازش دادەنین بۆ گشت شەهیدانی سەربەرزی کوردستان کە بە خوێنی خۆیان توانیان کوردستان بپارێزن، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانانی هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەین بەتایبەتی هاوڵاتیانی کەرکوک بەتەواوی پێکهاتەکانیەوە، ئێمە ئەمڕۆ هاتووین بۆ سەردانی گڵکۆی شەهیدان. بێگومان ئەم سەردانە جیاوازە بە بەراورد بە سەردانەکانی قۆناغی ڕابردوو چونکە ئیستا دوخی ناوچەکە بەتایبەتی کوردستان لە ئالۆزیەکی گەورەیە بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەهاوکاری پارتی دیموکرداتی کوردستان(پەدەکە)".

هەروەها نەواز بەکر ووتیشی: "داوا لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەکەین کە بێ دەنگ نەبن و چالاکییەکان فراوان بکرێن بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورک لەخاکی کوردستان، پێویستبوو لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستێکی جوامێرانەیان هەبووایە دژ بەو هێرش و لەشکرکێشیانەی کە دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکرکردنی باشوری کوردستان ئەنجامی دەدات بەداخەوە لەئیستادا لایەنە سیاسییەکان بێ دەنگیان هەڵبژاردووە".

لەکۆتایدا نەوزاد بەکر ووتی: " لە کاتێکدا ئێمە سەردانی گڵکۆی ئەم شەهیدانە دەکەین لە کەرکوک کە رۆژ بەرۆژ دوژمنانی گەڵەکەمان هێڕشەکانیان بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان بەهاوکاری (پەدەکە) چرتر کردۆتەوە، ئێمەش لەسەر گۆری ئەم شەهیدانە بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە دڕێژە پێدەری ئەو ڕێبازە دەبین کە لەپێناویدا شەهیدبوونە".

ف.ق