لە کەرکوک دەربارەی گرنگی ڕاگەیاندن و شانۆ کۆڕێک بەڕێوەچوو
لە کۆڕێکدا لە شاری کەرکوک باس لەوە کرا کە کەرکوک هەمیشە خاوەنی کەلتورێکی کوردی پاک و بیروباوەڕێکی نیشتیمانپەروەرانە بووە بۆ خزمەتکردنی کوردستان.
لە کۆڕێکدا لە شاری کەرکوک باس لەوە کرا کە کەرکوک هەمیشە خاوەنی کەلتورێکی کوردی پاک و بیروباوەڕێکی نیشتیمانپەروەرانە بووە بۆ خزمەتکردنی کوردستان.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، لە هۆڵی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوک، لە ژێرناونیشانی (گرنگی ڕاگەیاندن و شانۆ) کۆڕێک بۆ ڕاگەیاندکار و هونەرمەندی شانۆ، مامۆستا فەرید زەنگەنە ڕێکخرا.
لە کۆڕەکەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوان و هونەرمەندان، بەشداریان کرد، تێیدا مامۆستا فەرید زەنگەنە جەختی لە گرنگی پاراستنی کەلتوور و فۆلکلۆری کورد کرد بەتایبەتی لە شاری کەرکوک، هەروەها داواشی لە گەنجانی شارەکە کرد کە مێژووی کوردستانی بوونی کەرکوک لەبیرنەکەن کە شارەکە بەچ دۆخێکدا تێپەڕیوە لەپێناو پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا ئامادەبووان سەرنج و تێبێنییەکانی خۆیان ئاڕاستەی کۆڕگێر کرد و پاشان قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە مامۆستا فەرید زەنگەنە.
سەبارەت بە کۆرەکە فەرید زەنگەنە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "دڵخۆشم کە دەبینم کۆمەڵێک گەنجی کەرکوک کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکوک، هەرچییەک بۆ کەرکوک بکەین هێشتا کەمە، ئەگەر کەرکوکم خۆشنەوێت کوردستانیشم خۆش ناوێت، ئەوەی ئەمرۆ لەم کۆڕەدا باسمان کرد ڕابردووی شارەکە بوو، کە من باسی شانۆ و میدیا کرد کە چۆن رۆلی هەبوو لە کەرکوکدا، رۆژگارێک بەسەرچوو بەڵام لە سەردەمی ئێستادا گەنجاندا نازانن کەرکوک چۆن بووە و چی کردووە و لە چ دۆخێکدا ژیاوە، خاوەنی چ کەلتورێکی کوردی بووە ، ئەوانەی شارەزای مێژووی شارەکە نین بابزانن کە کەرکوک هەمیشە خاوەنی کەلتورێکی کوردی پاک و بیروباوەڕی خزمەتکردنی کوردستان بووە".
لە کۆتایی قسەکانیدا فەرید زەنگەنە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئەو پاکیەی لەناو کوردی کەرکوک هەیە جیاوازە لە هەموو ناوچەکان، کاتێک کە کەرکوکییەکان شانۆیان هەبووە کەسێک نەیدەوێرا بڵێت من کوردم بەڵام ئیستا شانازی بەو کاتانەوە دەکەین کە مێژوویەکمان بۆخۆمان تۆمار کرد".