دەوترێت 'ترەمپ بۆ غەززە پلانی ڕێککەوتن ئامادە دەکات'

بنیامین نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، دەرفەتی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە هاتووتە پێش. لەهەمان کاتدا باس لەوە دەکرێت دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا خەریکی ئامادەکردنی پلانی ڕێککەوتنە'

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە نووسینگەی نەتانیاهۆ بە "سەرکەوتن لە بەرامبەر ئێران" ناوی بردووە، بڵاویکردووەتەوە دەرفەتی زۆرتر بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە فەلەستین بەدەست هاتووە.

جێی ئاماژەیە لە نێوان ١٣بۆ ٢٤ی حوزەیران، ئیسرائیل سەرەڕای داوای ئاگربەست لە کاتی شەڕی ١٢ڕۆژەی لە گەڵ ئێران، بەردەوام بووە لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە.

پلانی ترەمپ

بە گوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە دانوستانەکان بەکەناڵی i24NEWS  ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی ئامادەکردووە کە سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادبکرێن و دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی کە ناوی نەهێنراوە رایگەیاند: "گەشبینین بە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ئەمە دەبێتە هۆی وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان."

ترەمپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا بتوانرێت ئاگربەست بەرقەرار بێت.

بانگەشەی چارەسەرکردنی ٧٥٪ی کێشەکان

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە نەتانیاهۆ لە بارەگای فەرماندەیی باشوور لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵای ئەمنی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکانی ئیسرائیل، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردن لەسەر ئەوە بووە کە ئایا ئیسرائیل شاندێک بۆ دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکان لە میسر یان قەتەر بنێرێت یان نا. هەرەوەها ڕاگەیاندراوە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی٧٥٪ی کێشەکان چارەسەر کراون.

بەدەیان هەزار فەلەستینی کوژران

شەڕی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣بە هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد، بووە هۆی کوژرانی هەزار و ٢١٩ کەس لە ئیسرائیل کە زۆربەیان کەسانی مەدەنی بوون. لەو کاتەدا ٤٩ کەس بە بارمتە گیران و لەو ژمارەیەش ٢٧ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٦هەزار و ٤٠٠ فەلەستینی کە زۆربەیان کەسانی مەدەنینبە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە. جگە لەوەش وێرانکارییەکی بەرفراوان و کارەساتێکی مرۆیی لە ناوچەکە کەوتووتەوە. تەنانەت لە لایەن ئەو ناوەندە هاوکارییانەی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەڕێوە دەچێت، بە سەدان هاوڵاتی فەلەستینی کوژراون.