لە ماوەی مانگێکدا ٢٣٠ هەزار ئەفغانی ئێرانیان بەجێهێشت

ڕێکخراوی کۆچی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند، لەماوەی مانگی حوزەیراندا زیاتر لە ٢٣٠ هەزار ئەفغانی ئێرانیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەوە وڵاتی خۆیان.

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکخراوی کۆچی نێونەتەوەیی (IOM) ڕایگەیاند، لەماوەی مانگی حوزەیراندا زیاتر لە ٢٣٠ هەزار ئەفغانی ناچاربوون ئێران جێبهێڵن.

بە ملیۆنان ئەفغانی لە ئێران دەژین، کە زۆربەیان "نایاسایی"ن. ئێران تاوەکو دوێنێ یەکشەممە دەرفەتی دابوو وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

وتەبێژی رێکخراوەکە ئاڤان عەزەز قسەی بۆ (AFP) کرد، وتی کە لە نێوان ١-٢٨ـی حوزەیراندا ٢٣٣ هەزار و ٩٤١ ئەفغانی سنووری ئێرانیان تێپەڕاندووە و تەنیا لە ڕۆژانی ٢١-٢٨ـی حوزەیراندا ١٣١ هەزار و ٩١٢ کەس گەڕاونەتەوە.

عەزەز ئاماژەی بەوە کرد لە ١ـی کانوونی دووەمەوە تا ٢٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ـدا بەتێکڕا ٦٩١ هەزار و ٤٩ کەس گەڕانەوە، کە ٧٠٪ـیان بەزۆر دیپۆرتکراونەتەوە.

پەنابەرە ئەفغانییەکان لە پاکستان و ئێران بە فراوانی دیپۆڕت دەکرێنەوە. تاران و ئیسلاماباد لە مانگی نیسانەوە بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوەی پەنابەران پڕۆسەی ناردنەوەیان خێرا کردووە.

ئەفغانستان کە لەلایەن تاڵیبانەوە بەڕێوەدەبرێت، بە فەرمی وەکو ئەوەی "لە ئاشتیدا دەژی" هەژمار دەکرێت؛ بەڵام بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ یەکی دانیشتووانەکەی برسین، ٨٥٪ـی بە کەمتر لە دۆلارێک لە ڕۆژێکدا دەژین.

ئەو بنەماڵانەی دەگەڕێنەوە و دەگەنە ئەفغانستان، لە کەمپی کاتی دەمێننەوە؛ گەلێکیان نازانن بچنە کوێ و لە هەلومەرجی خراپدا دەژین.