لە کۆیە سکاڵا لەسەر کۆمپانیایەکی تورکی تۆمارکرا
بەهۆی پێنەدانی مافەكانیان و دەركردنیان لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق ١٠٠ كرێكاری كێڵگەكە لە دادگای بەرایی كۆیە سكاڵایان لەسەر كۆمپانیای توركی “تیتی ئۆپیكۆ” تۆمار كرد.
بەهۆی پێنەدانی مافەكانیان و دەركردنیان لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق ١٠٠ كرێكاری كێڵگەكە لە دادگای بەرایی كۆیە سكاڵایان لەسەر كۆمپانیای توركی “تیتی ئۆپیكۆ” تۆمار كرد.
ئەمڕۆ، بەشێك لە کرێکارانی کێلگەی نەوتی تەقتەق، بە مەبەستی وەرگرتنی مافەکانیان لە دادگای بەرایی سکاڵایان لە کۆمپانیای تورکی “تیتی ئۆپیکۆ” تۆمار کرد.
سرود شاخستانی پارێزەری خۆبەخش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: كۆمپانیاكە زووڵمی زۆری بەرامبەر بەو كرێكارانە كردووە مافەكانی پێنەداون.
وتیشی : بەگوێرەی یاسای كار لە هەرێمی كوردستان دەتوانن مافەكان بۆ كرێكارەكان وەربگرنەوە، چونكە بەشێكی زۆری كرێكارەكان نزیكەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵە لەو كۆمپانیایە كار دەكەن، پێویستە بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت نەك بەمشێوەیە دەر بكرێن.
هاوكات سەنگەر عەزیز نوێنەری كرێكارەكان ڕایگەیاند: بەهۆی دەركردنیان بارودۆخی ئابووریی و دەروونیی كرێكارەكان زۆر خراپە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر هێڵ و ئەو كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن.
ڕاشیگەیاند: داوا دەكەین كۆمپانیا ١١ موچەمان پێكەوە پێ بدات، چونكە پێشتر گەر كرێكارێك دەركرابێت كۆمپانیا زیاتر لە ١١ موچەی بەیەكەوە پێداوە، بەڵام ئێستا بۆ ئەم كرێكارانە هیچ مووچەیەك نادات و جگە لە جیاوازی مووچەی كرێكارە كوردەكان بەرامبەر بە كرێكاری بیانیی.