لە لجێ ئاگری نەورۆز کرایەوە
لە ناوچەی لجێی ئامەد ئاگری سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵ کرایەوە و ئاهەنگ بەڕێوەچوو.
لە ناوچەی لجێی ئامەد ئاگری سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵ کرایەوە و ئاهەنگ بەڕێوەچوو.
ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ بە درووشمی "ڕێبەرێتی ئازاد و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە ناوچەی لجێی ئامەد کرایەوە. ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان بەشداربوون. هەڵپەڕکێ کرا و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن ژیان ئازادی" بەرزکرایەوە.
هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد، محەمەد شیرین گوربوز گوتی: "ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز ئۆجالان ڕێگەی بۆ کردینەوە. لەبەردەم بانگەوازەکەی بۆ ژیانی ئازاد و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" سەری ڕێز دادەنێین. نەورۆز پیرۆز بەڕێز ئۆجالان".
گوربوز ڕایگەیاند تێکۆشان ببێتە مایەی مسۆگەرکردنی ئازادی گەلی کورد و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، جەختی کردەوە دوژمنایەتی کورد بە کەڵکی گەلانی تورکیا نایەت، پێویستە دەستی ئاشتی درێژ بکرێت. گوتی: "خاوەنداری لە زمان و کەلتوور و ئیرادەی خۆمان دەکەین. بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی کرد بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک. پەکەکە وەڵامی دایەوە و ئاگربەستی ڕاگەیاند. ئێمە چاوەڕێی چین؟ ئیدی بەسە. بۆ گەلی کورد ژیانێکی ئازادمان دەوێت. نەورۆزی ئەمساڵ، نەورۆزی ئاشتی و ئازادییە".
ئەندامی ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی ڕێزان کاگان ئارسەلان تیشکی خستەسەر گرنگی نەورۆز بۆ گەلی کورد وەک هێمای بەرخۆدان و تێکۆشان، جەختی کردەوە، پێویستە لە نەورۆزدا بەباشی لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ تێبگەین.
هەروەها ڕایگەیاند دەبێت دەوڵەت لەم پرۆسەیەدا هەنگاوبنێت، دووپاتی کردەوە گەنجان دژی سیاسەتی شەڕی تایبەت بۆ ئاشتییەکی شکۆدار بەرخۆدان دەکەن، گوتی: "ئەگەر گەنجان لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵ بگێڕن، دەتوانین ژیانێکی شکۆدار بژین، ئەگەر گەنجان پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیە بکەن، هیچ هێز ناتوانێت لەبەردەمیان بوەستێت".
پاشان پەرلەمانتاری دەم پارتی بێریتان گونەش ڕایگەیاند ئەمساڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات ئاگری نەورۆزی لە ئیمراڵی کردەوە، گوتی: "دەبێت ئێمەش بە ئاگری نەورۆزی بەرخۆدان وەڵامی بدەینەوە".
بێریتان ڕایگەیاند لە ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان، ژیانێکی نوێ بنیاتنراوە، گوتی: "پاش بانگەوازی ٢٧ ی شوبات لە جیهان و کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین، زۆر شت گۆڕان. بە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان ئێمە بۆ هەموو هەلان ژیانێکی نوێ ئامادە دەکەین. پێویستە پشتگیری لە بانگەوازی سەدە بکەین".
پاشان بەجۆشێکی مەزن ئاگری نەورۆز کرایەوە. درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە، بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ ئاهەنگەکە بەردەوام بوو.