لە مەخمور یادی سارا گۆیی و روکەن زەلال بەرزڕاگیرا

سارا تۆڵهەڵدان گۆیی و روکەن زەلال کە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە مێرسین چالاکی گیانبازانەیان ئەنجامدا و شەهید بوون، بە مەراسیمێک لە مەخمور یادیان کرایەوە.

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) شەوی رابردوو شەهید سارا تۆڵهەڵدان گۆیی (دلارا ئورپەر) و روکەن زەلال (ئەمەل فەرەمەز حسێن) کە شەوی ٢٦ی ئەیلولی ساڵی رابردوو لە دژی گوشارەکانی ناو زیندانەکان، کۆمەڵکوژی و هێرشە کیمیاییەکان لە دژی گەریلا، لە ناوچەی مەزیلتی مێرسین چالاکی گیانبازییان ئەنجامدابوو، لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا یادیان بەرزڕاگیرا.

مەراسیمی یادکردنەوەکە لەلایەن بزوتنەوەی ژنانی گەنجی مەخمور و دەزگای بنەماڵەی شەهیدانەوە رێکخرابوو. بەر لە مەراسیمەکە لە کەسایەتی شەهیدان سارا توڵهەڵدان و روکەن زەلالدا بە یەک خولەک بێدەنگی رێز لە سەرجەم شەهیدان بزوتنەوەی ئازادی کوردستان گیرا.

دوای رێزلێنانەکە لەسەر ناوی بزوتنەوەی ژنانی گەنجی مەخمور کاژین ئۆزەک و دواتریش لە سەر ناوی بنەماڵەی شەهید سارا پورێکەی بە ناوی جەمیلە تۆنگ قسەی کرد.

کاژین ئۆزەک سەبارەت بە تێکۆشانی شەهید سارا تۆڵهەڵدان و روکەن زەلال قسەی کرد و لە کەسایتەی ئەواندا هەموو شەهیدانی کوردستانی بەبیرهێنایەوە و وتی، "ئێمە وەک ژنانی گەنجی ئەم کەمپە و گەلی وڵاتپارێزی ئەم کەمپە بەڵێن دەدەین کە رێگەی ئەوان بەرنەدەین. لەبەر ئەوەی هەر هەڤاڵێکمان کاتێک لە ئێمە دادەبڕێت بە بڕوایەکی پتەوەوە لە سەر رێبازی ئەوان رێبکەین و بەردەوام لە دڵی خۆماندا بە زیندوویی رایاندەگرین.

هەروەها لە سەر ناوی بنەماڵەی شەهید سارا تۆڵهەڵدانیش پورێکی بە ناوی جەمیلە تۆنگ قسەی کرد و سەرەتا سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی کوردستنی بە بیرهێنایەوە و رایگەیاند: "شەهید تەنیا شەهید ئێمە نییە، شەهیدی هەمووتانە. بەبۆنەی شەهیدبوونیانەوە سەرەتا پیرۆزبایی لە رێبەر ئاپۆ، هەڤاڵەکانیان کە لە سەنگەرەکاندا خۆڕاگری دەکەن، بەتایبەتیش لە دایکانی شەهیدان، دەکەم. مرۆڤ لەسەر شەهیدان چەندەش بڵێت بەس نییە. سەرمان بە شەهیدبوونی ساراوە بەرزە".

دوات پێشکەشکردنی وتارەکان بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی ئەو دوو شەهیدە نمایش کرد و یادەکە بە وتنەوە دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆتاییهات.

هـ . ب