لە مەخموور بە جۆش و خرۆشەوە ھەڵمەتی ١٥ـی ئاب پیرۆزکرا
لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور، بە بەشداری ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە پێنج وڵاتی ئەورووپاوە، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پیرۆزبایی ٣٩یەمین ساڵیادی ھەڵمەتی ١٥ـی ئاب کرا.
لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور، بە بەشداری ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە پێنج وڵاتی ئەورووپاوە، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پیرۆزبایی ٣٩یەمین ساڵیادی ھەڵمەتی ١٥ـی ئاب کرا.
لە ناوەندی کەلتوور و هونەری کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور)، ٣٩یەمین ساڵیادی ھەڵمەتی ١٥ی ئاب، بە سازکردنی ئاهەنگێکی گەورە پیرۆزکرا. لە مەراسیمەکەدا سەدان کەس لە دانیشتوانی کەمپەکە و ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە پێنج وڵاتەوە بەشدار بوون.
دوای خولەکێک ڕێزگرتن، یوسف کارا، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی گەلی مەخموور، وێڕای پیڕۆزبای ھەڵمەتی ١٥ی ئاب لە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، جەنگاوەرانی ئازادی و ھەموو گەلی کوردستان، وتی: لە ١٥ی ئابدا یەکەم فیشەک لە مێشکی داگیرکەری درا. پێش ١٥ی ئاب، هێرش و کۆمەڵکوژی بۆ سەر کورد و ھەبوونی کوردان ئەنجام دەدرا. یەکەم فیشەک بووە وەڵامێکی مێژوویی بۆ ئەو سیاسەتە چەپەڵانە. دوژمن چاوەڕێی نەدەکرد ڕۆژێک کورد لەدژیان ڕاپەڕێت. بە چالاکی دەستپێک، دوژمن تۆقا. هەموو دەستکەوتەکانمان بەرهەمی ١٥ی ئابن. سوپاسگوزاری ئەو ڕۆژەین و پێزانینمان بۆی ھەیە. ئێستا بەو ڕۆحەوە لە چیا ئازادەکان تێکۆشانی بێهاوتا لە دژی داگیرکاری بەڕێوەدەچێت. سڵاو لەو شەڕڤانانە دەکەین.
دوای وتاری دەستپێک، بەڵگەفیلمێک نمایشکرا. پاشان گرووپی شانۆیی "ژنم ژیانم"، گرووپی میوزیکی ئەستێرەی زێڕین، هونەرمەند ڕێبین ئاراز و گرووپی هەڵپەڕکێی شەهید ئارام، کۆمەڵێک چالاکیی هونەرییان پێشکەش کرد.
ھاوکات چەندین کەس لە دەرەوەی وڵاتیش بەشداری مەراسیمەکەیان کرد. ھەروەھا گرووپێک، کە لە ئەنتەرناسیۆنالیستەکانی پێنج وڵات پێکھاتبوون و لە ئەھەنگەکەدا بەشدار بوون، پەیامێکی تایبەتیان بە ١٥ـی ئاب خوێندەوە، کە تێیدا هاتووە، "پیرۆزبایی جەژنی ژیانەوە لە ڕێبەر ئاپۆ، گەریلاکانی سەر چیا و تەواوی خەڵکی مەخموور دەکەین، ئێمە لە پێنج وڵاتی ئەورووپاوە هاتووینەتە ئێرە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە گرنگە لەگەڵ ئێوە پیرۆز بکەین. ئەم رۆژە، ڕۆژێکی نوێیە. وەکو ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: 'لە بەرامبەر سیاسەتیی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی گەلی کورد، ١٥ی ئاب جێگرەوە و ئاڵتەرناتیڤ بوو'. هەر بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە، فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو شوێنێک بڵاو بکەیەنەوە، بەرزڕاگرتنی ١٥ـی ئاب بۆ ئێمە سەرفرازییە، گرتنەبەری ڕێچکەی شەهیدان، ئەرکی سەرشانمانە.
مەراسیمەکە بە گۆڤەند و ھەڵپەڕکێی فۆلکلۆر کۆتایی ھات.
ژ.ن