لە مەخموور هێرشەکەی تورکیا ئیدانەکرا

خوێندکاران و دانیشتووانی کەمپی مەخموور ئیدانەی هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان کرد بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

خوێندکاران و دانیشتووانی کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخموور، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە دژی هێرشەکەی تورکیا لەڕێگەی درۆنەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

سەرەتای ڕاگەیاندراوەکە بە بەشداری خوێندکاران و دانیشتووانی کەمپی مەخموور بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن مامۆستا موستەفا ئەرگان ئەندامی ئیدارەی دواناوەندی شەهید کۆچەرەوە خوێنرایەوە.

مامۆستا موستەفا لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە هێرشەکە کرد و گوتی: «کاتێک دەڕوانینە هەر دەوڵەت و شار و ناوچەیەک، دەبینین ئەو سەرکردە کوردانەی خۆیان کردۆتە فیدای مافی مرۆڤ، هەمیشە ئامانجی هێرشەکان بوون. دووبارە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی یەنەکە ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە. ئاکەپە و مەهەپە و خیانەتکارە کوردەکان دەیانەوێت ئەو کەسانە بکەنە ئامانج کە دەنگی کورد دەگەیەنن، ئەو کەسانەی کە بەرگری لە شکۆی مرۆڤ دەکەن، ئێمەی خوێندکاران و مامۆستایان و خەڵکی کەمپی مەخموور، داوا لە ڕای گشتی دەکەین بە ئەرکی مرۆڤانەیان هەستن».