لە قەڵای کەرکوک، بە بەشداری چین و توێژەکانی شارەکە ئاگری نەورۆز کرایەوە
بە دەستپێشخەڕی حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک و بە بەشداری تەواوی چین و توێژەکانی شارەکە ئاگری نەورۆز لە قەڵای کەرکوک کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.
بە دەستپێشخەڕی حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک و بە بەشداری تەواوی چین و توێژەکانی شارەکە ئاگری نەورۆز لە قەڵای کەرکوک کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.
کاتژمێر ٣ی ئێوارەی ئەمرۆ، لە قەڵای شاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی نوێنەری حزب و لایەنە کوردستانیەکانی شارەکە، ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکوک کرایەوە، هەروەها چەندین گۆڕانیبێژی میلی بەشدارییان لە ئاهەنگی کردنەوەی ئاگری نەورۆز کرد لەسەر قەڵای شارەکە.
دەیان هەزار هاوڵاتی کوردی شاری کەرکوک بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری ئاهەنگەکەیان کرد و پێکەوە نەورۆزیان پیرۆز کرد.
مامۆستا زیلان عوبێد، مامۆستایەکی شاری کەرکوکە و بەشداری ئاهەنگی کردنەویە ئاگری نەورۆزی کردبوو لە قەڵای کەرکوک، سەبارەت بە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "نەورۆزی ئەمساڵ بەبێ جیاوازی نێوان نەتەوەکانی کەرکوک لە سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک پیرۆز دەکەم، ئەمرۆ بەبۆنەی یادی ڕاپەرین و نەورۆز ئاهەنگێکی بەرفراوان لە کەرکوک ساز دەکرێت" .
هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە، مامۆستا زیلان ڕاگەیاند: " ئاهەنگەکە زۆر بەهێمنی و جۆش و خرۆشەوە بەڕێوەدەچیت و دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیەکانی شارەکە دەکەم کە هێمنی و ئارامی لە شارەکە دەپارێزن بەتایبەتی پاراستنی بەڕیوەچوونی ئەم ئاهەنگە، کە سەرجەم هاوڵاتیانی شارەکە بەبێ جیاوازی بەشدارن لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و پیرۆزکردنی ئەم جەژنە" .
لەکۆتاییدا سەبارەت بە هەستی هاوڵاتیانی کوردی شارەکە دوای ئەوەی چەند ساڵی ڕابردوو بە ئازادی نەیانتوانیوە ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن، مامۆستا زیلان وتی: " ئەمرۆ بە ئازادانە ئاهەنگی نەورۆز ئەنجام دەدەین و نەورۆز پیرۆز دەکەین، هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوو ڕێگری کراوە کە ئاهەنگی نەورۆز بە ئازادانە بگێرێت، بەڵام ئێمەی کوردانی کەرکوک سەڕەڕای ئاستەنگییەکان بەردەوام ئاگری نەورۆزمان کردۆتەوە و ئاهەنگی نەورۆزمان ئەنجامداوە" .
لە ئاهەنگەکەدا حزب و لایەنە سیاسییەکانی شاری کەرکوک جگە لە پەدەکە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان خوێندوە و نەورۆزیان پیرۆز کرد و تیدا داوای جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠یان کرد.
بەیاننامەی حزب و لایەنە کوردستانیەکانی کەرکوک لەلایەن ئاسۆ مامەند ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستانەوە خوێندرایەوە، بەیننامەکە بەم شیوەیەی خوارەوە بوو:-
جەماوەری بە ئەمەکی کوردستان..
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..
کەرکوكییە خۆڕاگرەکان..
خوشک و برایانمان لە نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک..
نەورۆز، و راپەڕین، و رزگارکردنی کەرکوکتان باش..
ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە، لەسەر قەڵای دێرینی کەرکوکەوە.. بە جلوبەرگی ئاڵ و وئاڵای نەتەوەیی و ئاڵای کوردستانەوە، جەژنی نەورۆز و یادی راپەڕین و (٣١)مین ساڵەی رزگارکردنی شاری کەرکوک پیرۆز دەکەین، کە بۆ یەکەمین جار لە مێژوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورددا لە بەهاری ساڵی (١٩٩١) ئەم شارە بە پشتیوانی خەڵکی دلێر و خۆڕاگری کوردستان و هێزی پێشمەرگە، ئازاد کرا و دەسەڵاتە فاشیست و ستەمکارەکەی بەعسیان راماڵی، و ئێوارەی (٢٠)ی ئادار (خەڵک و پێشمەرگە) بە یەکەوە زەماوەندی سەرکەوتنی (راپەڕین) و (رزگارکردنی کەرکوک) و (جەژنی نەورۆز)یان گێڕا، بە رزگارکردنی کەرکوکیش راپەڕینی ساڵی (١٩٩١) تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.
جگە لەوەی (نەورۆز) بۆنەیەکی مێژووییە، هاوکات هێمایەکیشە بۆ بە گژداچوونەوەی نادادیی و ستەمکاری و زۆرداری،
نەورۆز لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسی و فەرهەنگی خەڵکی کوردستاندا بریتییە؛ لە ئاشتی و ئازادیی و خۆشەویستی و یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە سروشت و جوانییەکانی.
جەماوەری خۆشەیست و کۆڵنەدەری کەرکوک..
لە کاتێکدا ئەم ساڵ جەژنی نەورۆز و یادی (٣١) ساڵەی راپەڕین و ئازادکردنی کەرکوک دەکەینەوە، هەم ناوچەکە و هەم عیراق، هەم ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی لە هەڵکشاندایە، تا دێ پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە دۆخێکی نا سروشتیدا تێدەپەڕێ، هەروەها (پێک-نەهێنانی) حکومەتی نوێی عیراقیش، یەکێکی دیکەیە لەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی پڕۆسەی سیاسی عیراق بووەتەوە، و هەروەها گرفتی جددیشی لە سەر خواست و مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان درووست کردووە.
ئەم بۆنەیە بە دەرفەتێک دەزانیین تێیدا جەخت بکەینەوە؛ لە جێبەجێ کردنی تەواوی بڕگەکانی مادەی (١٤٠)ی دەستوور کەزامنی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم شارەیە، و هەروەها داوا لە حکومەتی فیدڕاڵیش دەکەین؛ کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت کە ماوەی پێنج ساڵە بە سەر خەڵکی کەرکوکدا سەپێنراوە، جگە لە (پێکهاتەیەک) ئەوانی دیکە لە زۆربەی ئیستحقاقە دەستوری و هەڵبژاردنییەکان بێبەش و پەراوێز خراون، و هاوبەشی راستەقینە لەم پارێزگایەدا لە سایەی ئەم (ئیدارەیە) کەوتووەتە بەر هەڕەشە و مەترسی جددیی.
ئێمە پێمان وایە باشترین رێگەچارە بۆ پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، تەنها گەڕانەوەیە بۆ دەستووری هەمیشەیی ، بەدەر لەو رێگە چارەیە، پرسی کەرکوک هیچ رێگە چارەیەکی دیکە قبوڵ ناکات، هەروەها هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە؛ کە بە هیچ شێوەیەک سازش لە سەر کوردستانیی بوونی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ناکەین، و پۆستی پارێزگاری کەرکوک؛ بە مافی رەوای کورد دەزانیین، چونکە کورد لەدوایین هەڵبژاردندا جارێکی دیکە بەهێنانەوەی زۆرینەی دەنگ وکورسی لەپارێزگای کەرکوک سەلماندیەوە ئەم پۆستە مافی ڕەوای پێکهاتەی کوردە.
هاوڵاتیانی بەڕێز
ئەم شارە لەڕوی خزمەتگوزاریەوە فەرمۆشکراوە و ئەوەی بۆی دەکرێت وەک پێویست نیە چونکە خودی شارەکە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە، بۆیە دەکرێت گرنگی تەواوی پێبدرێت و دانشتوانەکەی زیاتر خزمەت بکرێت،
سڵاو.. لە شەهیدانی راپەڕین، و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاریخوازی کوردستان
دووبارە نەورۆز، و راپەڕین، و رزگارکردنی کەرکوکتان پیرۆز بێت
حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک
٢٠ی ئاداری ٢٠٢٢
ف.ق