لە قەندیل بە گردبوونەوەیەکی جەماوەری گۆشەگیری شەرمەزار کرا

بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی گەل لە بناری قەندیل، بەمەبەستی یادکردنەوەی شەهیدانی کوردستان مەراسیمێک سازکرا و لە مەراسیمەکەدا راگەیەندراوێک لە بارەی شەرمەزارکردنی سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی کە لەسەر رێبەری گەلی کورد پەیڕەودەکرێت، خوێندرایەوە.

لە گوندی سینامۆکی بناری قەندیل ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیلی سەربە تەڤگەری ئازادی لەپێناو یادکردنەوەی شەهیدانی کوردستاندا مەراسیمێکی مەولودی سازکرد. بە سەدان ژن، گەنج، پیر، منداڵ و توێژە جیاجیان ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی مەولود دەستیپێکرد. لە مەراسیمەکەدا لەبارەی سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی کە لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیڕەو دەکرێت، راگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا. راگەیەندراوەکە بە دوو بەشی جیاجیا خوێندرایەوە. راگەیەندراوی یەکەم لەلایەن مامۆستا هەڵمەت و راگەیەندراوی دووەم لە لایەن سەروین ئەحمەد هاوسەرۆکی شارەوانی قەندیلەوە خوێندرایەوە.

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەبوو:

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا رێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی دەستگیرکرا. لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ەوە تا ئەمڕۆ رێبەر ئاپۆ لەسەر دەستی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە دورگەی ئیمراڵی لە ناو ئەشکەنجە و گۆشەگیرییەکی دژواردا زیندانی کراوە. رێبەر ئاپۆیان لە کۆمەڵگا دابڕاندووە، رێگەنادرێت لە دەنگی ئەو و نە یەک وتەی ئەو بگاتە کۆمەڵگا. لە رێگەی گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ، رۆژئاوا، باشور، رۆژهەڵات و باکوری کوردستانیان گۆشەگیر کردووە. بە گۆشەگیری رێبەر ئاپۆ، کۆمەڵگەی کورد و کوردستانیان گۆشەگیر کردووە. لە ئەنجامی گۆشەگیریدا نەک هەر رێبەر ئاپۆ، بەڵکوو دەیانەووێت جینۆسایدی گەلی کورد بە تەواوەتی بگەیەننە ئەنجام. ئامانجی گۆشەگیری ئەوەیە. دەبێت گەلی کورد وکۆمەڵگەکەمان لە باشووری کوردستان باش ئەوە بزانێت.

لەبەرامبەر ئەوەشدا تێکۆشانی بێ هاوتا کە رێبەر ئاپۆ لە دژی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی گرتوویەتیەبەر، لە ئارادایە. ئیمرآڵی گۆڕدراوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ. رێبەر ئاپۆ بێ پسانەوە لە پێناو ئازادی گەلی کورد تێدەکۆشێت، دوژمنی ئازادی گەلی کوردیش هێرش ئەنجام دەدات. دەبێت ئێمە هەموومان ئەو شەڕەی کە لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت ببینین، دەبێت ئێمە بەرخودانی رێبەر ئاپۆ ببینین و بتوانین لە پێناو ئەو بەرخودانە و بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ تێبکۆشین.

لە ئەنجامدا وەک گەلی قەندیلی مەکۆی بەرخودانی هەزاران ساڵە، جارێکی تر لێرەوە رایدەگەیەنین کە ئێمە بەرخودانی رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین. لەو بڕوایەداین کە ئەو بەرخودانەی رێبەر ئاپۆ چارەنوسی گەلی کورد و وڵاتەکەمان، کوردستانی ئازاد یەکلادەکاتەوە. جارێکی دیکە گۆشەگیری شەرمەزار دەکەین و لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ گوڕ بە تێکۆشانمان دەدەین".

هـ . ب