لە شاری کەرکوک بە سیمینارێک ١٥ ی ئاب پیرۆزکرا

ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک، لە ٣٩ هەمین ساڵیادی جەژنی ژیانەوەی ١٥ ی ئاب، بە سیمینارێک باس لە ڕۆڵ و گرنگی ئەم ڕۆژە کرا و تیشک خرایە سەر خیانەتەکانی پەدەکە لەو ساڵانەدا.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، هەروەها ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕژاک) بە بۆنەی ڕۆژی ١٥ی ئابی ١٩٨٤، جەژنی ژیانەوە، لە بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان سیمینارێک بەڕێوەچوو. لە سیمینارەکەدا دووپاتکرایەوە، یەکەم فیشەکی چەکەکەی شەهید عەگید (مەعسوم کۆرکماز) بووە بڵێسەی شۆڕش و هێشتاش کاریگەرییەکەی بەردەوامە.

پاش خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، عومەر حاجی حەسەن، سیمینارێکی لەبارەی گرنگی ئەم ڕۆژەوە پێشکەش کرد. کورتەباسێکی لەمەڕ مێژووی کوردستان و جووڵانەوە سیاسییەکان خستەڕوو، تیشکی خستەسەر ڕەوشی کوردستان لەوکاتەدا، پاش پەیماننامەی لۆزان و پارچەکردنی کوردستان و پووکانەوەی شۆڕشەکانی کورد، دواتریش ئاشبەتاڵەکەی پارتی و دروستکردنی قیادە مۆقەتە دژی یەنەکە و هەموو جووڵانەوە کوردییەکان.

لە درێژەی سیمینارەکەدا، عومەر حاجی حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، ئەوکاتە و لە ساڵی ١٩٨٣، هەر وەک ئێستە، پەدەکە چاوساغی بۆ دوژمن کردووە، بەشێوەیەکی خیانەتکارانە بۆتە هۆی شەهیدبوونی پۆلێک گەریلای ئازادی کوردستان.

هەروەها ڕوونی کردەوە، چۆن ساڵێک دوای ئەم خیانەتە، پۆلێک گەریلای تر بە فەرماندەیی شەهید عەگید (مەعسوم کۆرکماز) دەگەنە چیاکان و لە ١٥ ی ئاب یەکەم فیشەکی شۆڕشەکەی پەکەکە دەتەقێنن. ئەم فیشەکە دڵی دوژمنی پێکا و لە هەموو لایەک دەنگی دایەوە.