لە شوێنی تیرۆرکردنی شەهید مامۆستا شەماڵ نەمام چاندرا

لە کات و شوێنی تیرۆرکردنی شەهید سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ وەکو ڕێز نەمام نێژرا و گوڵ داندرا.

شەهید سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، کاتژمێر ١:١٤ خولەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢٨ـی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاروچکەی کفری سەر بەئیدارەی گەرمیان، بە دەستڕێژی گوللـە شەهید کرا، ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر شەهیدبوونیدا تێدەپەڕێت، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدە تێکۆشەرە، دوای نێوەڕۆی ئەمرۆ دووشەممە لە ساڵرۆژی شەهیدی کردنی شەهید لە کاتژمێر ١:١٤ خولەکە لەبەردەم ماڵەکەیدا لە کات و شوێنی تیرۆرکردنی شەهید مامۆستا شەماڵدا، بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری شەهید و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوخەبات و کەسایەتی رۆشنبیری شاروچکەکە و باشوری کوردستان یادی ئەو شەهید بەرزڕاگیرا.

لە مەڕاسیمی یادکردنەوەکەدا، وێنەی شەهید و کتێبەکانی و پاسکیلەکەی نمایشکران، سەرەتا ئامادەبووان بە خولەکیک بۆ روحی پاکی شەهید وەستان و پاشان هاوڕێ و هاوخەباتانی شەهید مامۆستا شەماڵ، بە ووتنەوەی دروشمەکانی( شەهید نامرن و شەماڵ نامرێت) ٦٣ گوڵیان وەکو ڕێز و وەفا دانا وەکو ئاماژەیەک بۆ تەمەنی شەهید و هەروەها لە شوێنی شەهیدکردنی چەند نەمامێک نێژران.

جێگای باسە هاوخەبات و هاوڕێیانی شەهید سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، بڕیاریاندا کە وەکو نەریتێکی جوان هەموو ساڵێک نەمامێک بنێژن لە شوێنی تیرۆرکردنی شەهید مامۆستا شەماڵ.

هـ . ب