لە سلێمانی پشتیوانی بۆ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" ڕاگەیاندرا
لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، پشتیوانی و بەشداریکردن لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕاگەیاندرا.
لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، پشتیوانی و بەشداریکردن لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕاگەیاندرا.
ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر، چالاکوانی مەدەنی و ئەکادیمیست و وڵاتپارێزان، لەڕێگەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییەوە پشتگیری و بەشداربوون لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕاگەیاندرا.
لە چالاکییەکەدا، دووپاتکرایەوە، ئەو هەڵمەتەی لە سەرانسەری جیهاندا دەستی پێ کردووە، ئەمڕۆش لە سلێمانی دەست پێ دەکات.
بە ناوی کۆمیتەی گشتیی هەڵمەتی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد"، نوسەر و چاودێری سیاسی، عادل عوسمان، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:
"بە دروشمی "ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری بۆ پرسی کورد"، با پێکەوە درووشمی کات کاتی ئازادییه، ئاشتیی و پێکەوەژیان چارەسەریی ڕیشەییە بڵێینەوە. دووپاتکردنەوەی ئەم دۆزە دەربڕی ڕاستیی بڕوای کورددانە بە ئازادیی و ژیانێکی شکۆدار و ئارام بۆ گەلانی ناوچەکە بە هەموو پێکهاتە و رەنگە جیاوازەکانییەوە.
هاونیشتیمانیانی کوردستان؛ ئەمڕۆ لە ٢٥ مین ساڵی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییدا دژ بە ڕێبەری گەلەکەمان بەڕێز عبدوڵڵا ئۆجالان ژیان بەڕێ ئەکەین، کە سیستەمی سەرمایەداریی و دەوڵەتە پاشکۆکانی بۆ قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان بەڕێز ئۆجالانیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرد و زیندانی ئیمرالی کرایە نێوەندی نامرۆڤانەی ئەو پیلاگێڕییە نێودەوڵەتییە کە ئیمراڵی خۆی سیستەمێکی چەوسانەوەو کوشتن و دابڕانە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی! هەربۆیە گەلی ئێمە بەتوندیی دژی ئەو ستەمکارییە بێوێنەیە وەستانەوە و دەیان کەسایەتیی و مرۆڤی ئازادییخواز بە گڕدانی جەستەی خۆیان گرتن و زیندانی بەڕێز عبدوڵڵا ئۆجالانیان ڕەتکردەوەو نەفرەتیان لە سیستەمی دەسەڵاتداریی جیهانیی کرد. هەر ئەو هەڵوێستە جوامێرانەی گەلەکەمان لەو ڕۆژە شومەدا هێمای ئاوێتە بوونی گەل و ڕێبەرەکەی بوو. ئەو یەکێتییە دیالێکتیکە سیانییەی لە نێوان “رێبەر ئۆجالان، گەل، بزوتنەوەی ئازادیی”دا بونیادنراوە، فۆنکسیۆن و ستاتۆیەکی زۆر دیاریکەر و ستراتیژیی هەیە لە چۆنایەتیی دەستنیشان کردنی داهاتووی دۆزی گەلی کورددا، هەر هەنگاوێکی ئەرێنیی لە هەر گۆشەیەکی ئەم سێکوچکەیەوە بەو ئەندازەیە گەلەکەمان لە ئازادیی نزیک دەکاتەوە. هەر بۆیە پیلانگێران تێگەیشتن ناتوانن بگەن بە ئامانجیان چونکە ئامانجی سەرەکیان دابراندنی رێبەرەکەی بوو لەگەلی کورد، بەڵام داگیر کەران و کۆمپلۆگەران درەنگ کەوتن و شکستیان ھێنا، گەل و رێبەرەکەی ئاوێتەی یەکتربوون ئیدی گەلی کورد چیدیکە بێ رێبەرو بێ ھێزو رێکخستن و بێ سیستم نیە و ژیانێکی بێ ئازادی قبول ناکات.
بەڕێز عبدوڵڵا ئۆجالان، بە مێژووی مرۆڤایەتیدا قوڵبۆوە و لەوێوە تێگەیشت کورد نەتەوەیەکی فەرامۆشکرا و ستەملێکراوە، لەدەرەوەی خاوەندارێتیی لە نیشتیمان و مافە گەردونیی و سروشتییەکانی هێڵدراوەتەوە. هەربۆیە بە ئەرکی خۆیزانی پرسی چارەسەری و بونیاتنانەوەی کەسێتی کورد بگرێتە ئەستۆو داڕێژەری پارادیگمایەکی نوێبێت کە بتوانێت ئازادیی تاک و کۆمەڵگە بەرجەستەبکات، بەتێگەیشتن لەپرسی ژن لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئازادیی؛ ژنان بکاتەوە بە خاوەن هێز و رێکخستن و دونیابینی ژیانی ئازاد. هەروەها ئەو حەقیقەتەی ناسی کە گەلەکەی قڕدەکرێت و هەمیشە شوناسی لێسەنراوەتەوەو کولتووری بێگانەی بەسەردا سەپێنراوە، هەربۆیە بەڕێزیان پرۆژەی چارەسەری پرسی کوردو ڕێگا چارەی ئاشتیانە و پێکەوەژیانی گەلانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گرنگ بینیوە و کردیە پرۆژەیەکی جدی لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکرات و کۆمەڵگەی دیموکرات و هەرەوەزی، هەربۆیە فاشیزم و دەسەڵاتخوازان بە پیلانگێڕییەکی نامرۆڤانە لەسەر کەسایەتی بەڕێز عبدوڵڵا ئۆجالان پرسی کورد و ڕێگاچارەی دیموکراسیان ڕەتکردەوە وهەوڵی لەناوبردنیاندا ،چونکە ڕێگاچارەی ئاشتیانەو دیمکراتیانە کۆتایی فاشیزمو حوکمی دەسەڵاتخوازانەیە.
وڵاتپارێزان، بەڕێز ئۆجالان ڕۆحی ژیانەوەو خاوەن دەرکەوتن لە پرسی گەلەکەی و مرۆڤایەتیی لە کەسایەتی کورددا ژیاندوە و بەشێوازێک بونیادی کەسێتی کوردی داڕشتەوە، کە ئەمڕۆ شۆڕشگێڕو بەرخودێرو میلیتانی بوێرو پڕئیرادەی پەروەردەکراوە. بە تێزو هزری وڵاتپارێزی لەمەیدانی کرداریدا پارێزەری خاک و نەتەوەو ژینگەو کۆی بەها گەردونییەکانە. هەربۆیە ئەم تێکۆشەرە، ئەو ڕێبەرەیە کە ئێستا بەگۆشەگیریی نێو زیندان و سزای دیسپلین و فشاری دەروونیی دەیانەوێت تەسلیم بە مردنی بکەن، بەڵام بەڕێز ئۆجالان بەرخودانی هەڵبژاردو فاشیزمی تورک و گلادیۆ ناتۆی بێچارەکرد! هاوکات بەڕێزیان هەرگیز بۆ فاشیزم و خواستە گڵاوەکانی داگیرکەر و سیستەمی سەرمایەداریی و سیستەمی ئیمڕاڵی چۆک دانادات.
بەڕوونیی دەرکەوتووە، لای بەڕێزیان “بەرخودان ژیانە” و بۆ ئێمەیش هەر ڕستە و دەستەواژەیەکی بەڕێزیان وانەو دەیان تێگەیشتن و داهێنان و شیکاریی بۆ ئەکرێت کە نیشانەی ژیاریی و هونەری ناسینی ژیان و گەردونە.
بەڕێز عبدوڵڵا ئۆجالان شایستەی ئەوەیە مێژوو شانازیی پێوەبکات! هەروەک دیارە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی لەناوسیستەمی دەسڵاتدارییەتیدا لەگێژاودایە، هاوکات ئەم کائیۆسە مرۆڤایەتی ناچار بەلێگەرین دەکات بۆ دەست نیشان کردن و گرەنتی کردنی چارەنوسی خۆی، لەکاتێکدا یاساکانی ژیانی کۆن هەڵوەشاونەوە و توانای وڵامدانەوەی قەیرانەکانیان نییە، مرۆڤایەتی ناچارە لەئاسۆکانی چارەسەری بگەرێت، فیکر و پارادایمی بەڕێز ئۆجالان کلیلی چارەسەری ئەم گرێژنانەیە کەمرۆڤایەتی پێیانەوە دەناڵێنێت، هاوکات تاکە ئاسۆییەکی روونە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو چارەسەری ریشەیی دەبات… ئەوەی دەبینرێت لە ئێستا چین و توێژە جیاوازاکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی لە تێگەیشتنێکی قوڵدان بۆ پارادایمی ئۆجالان، ئەمەیش لە مەیدانی ریالیستییدا رەنگی داوەتەوە. ئەوەتا کچان و کوڕانی ئەنتەرناسیۆناڵ فشاردەخەنەسەر ناوەرندەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان و دەوڵەتی فاشیستی تورکیا.
هاوکات لێرەوە فەریزەیەک دێتەپێشەوە، پێویستە گەلی کورد و تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە پێداگربن لە ئازاد کردنی فیزیکی رێبەرکەیان و ژیانیان موتوربە بکەن بە تێز و فیکر و فەلسەفەی رێبەر ئۆجالان. چونکە ئەم مرۆڤە نەبۆخۆی و نە بۆگەلەکەی بەتەنها نەژیاوە، بەڵکو بۆ کۆی مرۆڤایەتی دەژی و هزر و لێگەڕینی ئازادیی و پێکەوەژیان و خۆشەویستیی، لەچوارچێوەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیدا بۆ نەخشاندین. هەروەها ڕێگەی ڕاستیی پڕ ستەمی سەرمایەداریی و میللیگەرایی و دەسەڵاتخوازیی بۆ ڕۆشنکردینەوە، ئالێرەوە دەبینین چۆن لە مڕۆدا جیهانی مرۆڤ دۆستان و بڕوادارانی ئەم هزرە فراوانەی بەڕێز ئۆجالان لە جیهاندا لەم ڕۆژە شومەدا لە کوچەو شەقامو ناوەندە ئینسانیەکان ڕێگای هەڵمەتی ئازادیی دەچڕن و هاژەی ڕووبارەکان و شەپۆلی دەریاکان سنوری دەستکردی دەوڵەت- نەتەوەیان بەزاندو بەیەک دەنگ هاوارئەکەن ئازادیی بۆ ئۆجالان و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ کوردوگەلانی ناوچەکە.
ئەبێت باش بزانین قەیرانەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە و بە تایبەت باشووری کوردستان لەڕووی ئابوریی و سیاسیی و مافەکانی مرۆڤ و هێرش وپەلاماردانەکانی داگیرکەران،سوتاندنی ڕەزو باگ و چیاکان، گرێدراوی پرسی داگیرکاریی و هێڵی خیانەتە، هەربۆیە بەڕێز عبدوڵڵا ئۆجالان جەختدەکاتەوە هەتا داگیرکاریی و خیانەت هەبێت، شۆڕش و بەرخودان ئەبێت.
دواجار ئازادیی بەڕێز عبدوڵڵا ئۆجالان، زامنی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، هەربۆیە لە پێناو چارەسەریی و ئاشتییدا ئازادیی بەڕێز عبدوڵڵا ئۆجالان پێویستییەکی حەتمییە."