لە ئاگری نەخۆشەکان لە ڕێگادا گیان لەدەست دەدەن

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز نەجلا دەمیر لە بازنەی ئاگری ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەو شارە بەگوێرەی پێویست پزیشکی نییە، خەڵک ناچارن رووبکەنە شارەکانی دیکە و بەوهۆیەوە ژمارەیەکیان لە ڕێگادا گیانیان لەدەست دەدەن.

لە ئاگری کە ژمارەی دانیشتووانی ٥٤٠ هەزار کەسە، قەیرانی تەندروستی تادێت قووڵتر دەبێتەوە. لەو شارە  بەشی پێویست نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی تێدا نییە، هەروەها بەشی بە گوێرەی پێویست پزیشک و کارمەندی تەندروستی و کەرەستەی تەندروستی نییە. لە تورکیا بە شێوەی مامناوەند بۆ هەر ٤٦١ کەس یەک پزیشک هەیە، بەڵام لە ئاگری بۆ هەر ٨٥٧ کەس یەک پزیشک بوونی هەیە. هەروەها دەبێت ژمارەی پزیشکە پسپۆڕەکان بەلایەنی کەمەوە ٥٤٠ پزیشک بێت، بەلام ٢١٣ پزیشکی پسپۆڕ لە شارەکەدا هەیە.

لە ئاگری کە لە ڕووی ڕێژەی لەدایکبوونەوە، یەکێکە لە شارە سەرەکییەکانی کوردستان و تورکیا تەنها چەند پزیشکێکی ژنان و منداڵبوون هەیە.

بۆ نەخۆشییە سەختەکان نەخۆشەکان رەوانەی ئەرزرۆم یان وان دەکرێن

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز نەجلا دەمیر ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١ی وەزارەتی تەندروستی لە تورکیا، بۆ هەر ٤٦١ کەس یەک پزیشک هەیە، بەڵام لە ئاگری کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ٥٤٠ هەزار کەسە، بۆ هەر ٨٥٧ کەسێک ،پزیشکێک هەیە، لە موش بۆ هەر ٨٣٠ کەس پزیشکێک، لە رحا بۆ هەر ٨٧٩ کەسێک پزیشکێک، لە شرناخ بۆ هەر ٧٨٩ کەس پزیشکێک و لە عوسمانیە بۆ هەر ٧٧٨ کەس  یەک پزیشک هەیە.

نەجلا دەمیر بەبیری هێنایەوە کە ئاگری یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین ژمارەی لەدایکبوونی تێدایە بەڵام لە سەنتەری ئاگری لەبری ١٢ پزیشک ئێستا تەنها ٥ پزیشک هەیە، هەروەها تەنها یەک پزیشکی شێرپەنجە هەیە". نەجلا دەمیر ڕوونی کردەوە کە نەخۆشەکان ناچارن بچنە ئەرزرۆم یان وان.

نەخۆشەکان لە ڕێگا دەمرن'

نەجلا دەمیر باسی لەوەشکرد، کێشەی نەبوونی پزیشک و پێداویستی تەندروستیی ساڵانێکە لە ئاگری بەردەوامە و وتی، "ئەم کێشانە ساڵانێکە چارەسەر نەکراون، لەبری چارەسەر، قورسترکراون، نابێت ئەم کێشەیە وەکو ئەوەی کە چارەنوسی ئاگرییە بسەپێندرێت. رێگای ئاگری- ئەرزرۆم بۆ تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵەوە بۆتە کارەسات بۆ خەڵکی ئاگری، نەخۆشانی ئاگری لەم ڕێگایە گیان لەدەست دەدەن، چونکە پزیشکی شارەزا و کەلوپەلی پزیشکی وەک پێویست لە ئاگری نییە، خەڵکی ناچارن بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکانیان لە ئاگرییەەوە لە ڕێگای زەمینیەوە بچن بۆ ئەرزرۆم، بەڵام زۆرێکیان لە ڕێگادا گیانیان لەدەست دەدەن، کاتێک ئێمە ئەم بابەتەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاگەیاند، وەک ئەوەی ئەمە چارەنووس بێت داوایان لێکردین دان بەخۆماندا بگرین، دەبێت لەسەر ئەم بابەتە راوەستە بکەین و بگەینە ئەنجام. ئەوەی پێویستە دەیکەین و هەڵوێستەی لەسەر دەکەین”.

هـ . ب