لە سەروبەندی ٢٥ەمین ساڵەی دەستپێکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە یەکەم هەنگاوەکەی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٨ نرا، لە ئامەد بە بەشداری کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) و فیدراسیۆنی کۆمەڵەی یاسایی و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراونی مێدیا (مەد-توهاد فەد) بە دروشمی "ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە بینای لقی مەد توهاد فەد سازکرا.
لە هۆڵی کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە پلاکاردی "تا راگرتنی گۆشەگیری درێژە بە رێپێوانی ئازادی خۆمان دەدەین" هەڵواسرابوو. هاوسەرۆکی کەجەدە بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکانی گشتی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز و کەسکین بایندر، پەرلەمانتارانی پارتی چەکی سەوز و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیەکان بەشداربوون لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە خوێندرایەوە هاتووە:
پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بە ئامانجی لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا ئەنجامدراوە. بێگومان گەلی کورد لە چەقی ئامانجەکانی ئەو پلانەدایە. ئەو پلانەی کە بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمڕۆ بە بەرفراوانی بەردەوامە.
زیاتر لە ٣٠ مانگە هەموو رێگەکانی دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان پچڕاون و ئەو گۆشەگیرییە بەردەوامە. هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە بارەی بەڕێز ئۆجالانەوە بەردەست نییە و ناتوانێت چاوی بە بنەماڵە و پاڕێزەرەکانی بکەوێت. ئەو دۆخە نامرۆڤانەیەی گۆشەگیری مایە نیگەرانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی گەلی کوردە و دەبێت بزانرێت ئەو نیگەرانیانە تادێن گەورەتر دەبن و دەگۆڕدرێن بۆ توڕەیی و بێزاری گەورە.
بەهۆی گۆشەگیرییەوە سەرباری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، وێڕای چارەسەرنەکرانی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کێشەی کورد بێ چارەسەر ماوەتەوە.
ئاستی هەنووکەیی گۆشەگیری وەک هەوری رەش تەواوی تورکیای تەنیوەتەوە و وادەکات فاشیزم کە سەرچاوەی لەو گۆشەگیرییەوە وەرگرتووە، چوار لای وڵاتەکە گەمارۆ بدات، بەهاکانی کۆمەڵگا تا ئاستی خنکاندن هاتوون، هیوای ژیانی گەلان زەوت کراوە. ئەوانەی گۆشەگیری دەسەپێنن ئەمڕۆ لە ژێر سایەی قەیرانی ئابووریدا نان لە سەر سفرەکانمان دەدزن و هەمان ئەو کەسانە بەرپرسن لە هەژاری کە تادێت قووڵتر دەبێتەوە. ئەوانەی کە هەژاری بە سەر گەلەکەماندا دەسەپێنن، بە ئامانجی قووڵکردنەوەی گۆشەگیری بژێوی گەل پێشکەش بە سیاسەتەکانی شەڕ دەکەن.
دەبێت باش بزانن کە؛ گۆشەگیری بناغە و زەمینە بۆ کردەوە و پێشێلکاری نایاسایی، نادادپەروەری و بنپێکردنی مافەکان سازدەکات. لە کەسایەتی بەڕێز ئۆجالاندا، لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیانێکی گۆشەگیرانە دروست دەکرێت. ئەوەش رێگە بۆ جیاکاری و نەژادپەرستی لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا دەکاتەوە.
دەبێت ئەوە لەبیر نەکرێت، کە رەوتی مێژوویی بە روونی دەریدەخات کە تا گۆشەگیری نەشکێندرێت، تا بەڕێز ئۆجالان ئازاد نەکرێت، ئازادی گەلان و بەدەستهێنانی قەوارە ئەستەمە.
لە رێگەی دژوارترکردنی گۆشەگیرییەوە مافی ئازادی گەلی کورد و مافی دیموکراسی گەلانی تورکیا تا دێت زیاتر زەوت دەکرێن. لەبەر ئەوەشە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری لەهەمان کاتدا تێکۆشانە لە پێناو ئازادی و دیموکراسیدا. چەسپاندنی دادپەروەری و یاساش هەر لەرێگەی ئەو تێکۆشانە دەبێت.
لەبەر ئەوەش، کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری کە لە جیهاندا هاوشێوەی نییە، لە رەوتی بەدیموکراتیکبوون و سەروەرکردنی یاسادا رۆڵی گەورەدەگێڕێت، هەروەها لە پێناو گێڕانەوەی سیاسەتی ژیان بۆ تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری رۆڵی گەورە دەگێڕێت. لە گفتوگۆکانی چارەسەری پرسی کورددا، کلیلی پرۆسەکە تەنیا لە دەست بەڕێز ئۆجالاندایە. ئامانجمان لە شکاندنی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان رەخساندنی دەرفەتە بۆ خەبات و ژیانێکی ئازاد و چەسپاندنی یەکسانییەکی هەمیشەیی.
تا گۆشەگیری کۆتایی پێنەهێنرێت، هیچ کەس ئارامی و ئۆقرەیی بە خۆیەوە نابینێت و داهاتوومان بەردەوام رووبەڕووی تاریکی و قەیران دەبێت. بەئامانجی شکاندنی ئەو گۆشەگیرییەی ئەمڕۆ لەسەر بەڕێز ئۆجالان جێبەجێ دەکرێت، ئێمە دەڵێین 'کات کاتی کەوتنەخۆ و جموجۆڵە. بەو ئامانجەشەوە تا کۆتایی بە گۆشەگیری نەهێندرێت، ئێمە ناسرەوین. بە تەواوی هێزمانەوە گوڕ بە تێکۆشانی شکاندنی گۆشەگیری دەدەین، کۆتا قسەمان ئەوەیە کە 'کەس ناتوانێت لەو رێگەدا ئێمە بوەستێنێت و لەمپەرمان بۆ ساز بکات'.
لەو چوارچێوەدا ئێمە بانگ لە کەسانی خاوەن ویژدان، حزب و رێکخراوە سیاسیەکان، رێکخستنە جەماوەریە دیموکراتیکەکان، کۆمەڵە و سەندیکاکان، سەندیکا پیشەییەکان، رێکخراوە یاساییەکان، ژنان و گەنجان، هەروەها رێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین. بانگ لەو هاووڵاتیانە دەکەین کە دەڵێن "خۆشەویستی لە برای رق، پێکەوە ژیان لە بری دوژمنکاری، ژیانێکی ئاسوودە لە بری هەژاری":
کاتێک دەنگی بەڕێز ئۆجالان دەبیسترێت لە بری تاریکی مردن، هیوا و دڵخۆشی ژیان سەوز دەبێت. ئەو دەنگە، دەنگی چەکەکان رادەگرێت، هەلومەرجی ئاشتی دەرەخشێنێت. لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە پێکەوە گۆشەگیری تێبشکێنین. لەو رێگەوە رۆژ و ئایندەیەکی ئاشتیانەی هەمیشەیی پێکەوە ساز بکەین.
بەڕێز ئۆجالان بە هۆشمەندیی خۆیەوە کە داکۆکی لە ئاشتی، دیموکراسی و چارەسەری هەمیشەیی دەکات، سەرباری ئاستەنگەکان، لە بەرەوپێشبردنی خەباتەکان، گفتوگۆی دیموکراتیکدا هەوڵی بەنرخی بەڕێوەبرد. لە پێناوەدا گەورەترین ئاواتی ئەوەیە کە وڵاتێک بونیاد بنێت کە تێیدا کەس نەمرێت و ئارامی و ئازادی تێدا بێت. لەبەر ئەوەش لە بەرامبەر دەسەڵاتدارە شەڕخوازەکاندا، بەڕێز ئۆجالان هیوای ژیانێکی هاوبەشی گەلانە.
تا ئەو گۆشەگیریەی لە دژی بەڕێز ئۆجالان پەیڕەو دەکرێت، تێکنەشکێندرێت، بەردەوام روومان لە ئیمراڵی دەبێت. بەو ئامانجەوە داوا لە هەموو هاووڵاتیانمان دەکەین، کە لە شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان دەژین، بە کورتی داوا لە سەرجەم گەلەکەمان دەکەین، هەروەها داوا لە دۆستانمان کەسانی خاوەن هەست و هەڵوێست دەکەین؛ لە ٩ی تشرینی یەکەمەدا لە ئامەد کۆببنەوە، ئێمە هەرگیز رێگە نادەین کە هیوای ژیانی ئازاد و پێکەوەیی گەلان دەستیبەسەردا بگیرێت. ئازادی بەرێز ئۆجالان ئازادی هەموومانە، هەروەها نەهێشتن و رەواندنەوەی تاریکیە لە ئایندەی گەلان. بە تەواوی رای گشتی دیموکراتیک بە تایبەتی گەلی کورد رادەگەیەنین، تا دەستەبەربوونی ئازادی بەڕێز ئۆجالان، ئێمە بێ وچان درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
هـ . ب