ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ی وەک وادەی بەڕێوەچوونی چوارەم هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگانى عێراق دیارى کرد، هەڵبژاردنەکە لە (١٥) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەدەچێت و پرۆسەکە پاڕێزگاکانی هەرێم ناگرێتەوە.
ئەوەى ئەم هەڵبژاردنەى ئەمجارەى پارێزگانى عێراق لەناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک لە هەڵبژاردنەکانى دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە؛ پۆستى پارێزگار و چەندین پۆستى کارگێڕى دیکە، کە پێشتر لەدەستى کوردا بوون لەدواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمەوە ئەو پۆستانەیان لێوەرگیراوەتەوە و حزبە کوردییەکان وەک پێشووتر ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییەیان لەو ناوچانە نەماوەتەوە.
هەرچەندە لەپێش ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، هەموو ئەو مەترسیانەى ڕووبەڕووى کەرکوک و ناوچەدابڕێنراوەکان و پرسى مادەى سەد و چل دەبوونەوە لەچ لە ئاستى ناوخۆ و دەرەوە خرانەڕوو، بەڵام پەدەکە و بەتایبەت مەسعود بارزانى سەرۆکى پەدەکە هیچ یەک لەو هۆشداری و مەترسیانەى لەپێش چاو نەگرت و نەوچە دابڕینراوەکان و کەرکوکى ڕووبەڕووى دۆخێک کردەوە، کەمەترسى لەدەستانى سەنگ و قورسایى کورد هەیە لەو ناوچەیە.
لەو چواچێوەیەدا و پەیوەندیدار بەهەڵبژاردن، دۆخى ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک بە هۆى ململانێى سیاسى و بەرژەوەندى حزبییەوە تا دێت خراپتر دەبێت و ململانێکان تادێت نێوماڵى کورد بەرەو پەرتکردن و لاوازى دەبەن، ئەمەش پێگەی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان رووبەڕووی مەترسی گەورە دەکاتەوە.
لە دوا ساتەکانى تۆمارکردنى لیستەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، حزبە کوردییەکان لەکەرکوک بەچەند لیستى جیاواز بەشدار دەبن، پەدەکەش بەهۆى بەرژەوەندى حزبی و بنەماڵەیی و پاشکۆیەتى بۆ دەوڵەتى داگیرکەرى تورک، ئامادەنەبوو بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردن بکات، دەنگى کوردى لەو ناوچەیە زیاتر دابەشکرد.
ئەمڕۆش دوا وادەیە بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى نوێ و پێناچێت کورد بتوانێت بەهاوپەیمانییەکى هاوبەش بەشدارى هەلبژاردنەکان بێت.
بەپێی زانیارییەکانیش ئەو لیستانەى تا ئێستا تۆمارکراون، نزیک دەبنەوە لە ٤٠ هاوپەیمانی.
تائێستا ئەگەرەکانى دواخستنى هەلبژاردن لەو وادەیە ئەگەرێکى کراوەیە بەجۆرێک، لەلایەکەوە هەوڵ هەیە بۆ قایلکردنی رەوتی سەدر بە بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەكان، لەلایەکی دیکەشەوە هێزە سیاسیەکان خواستی ئەوەیان هەیە لە رێگەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، دەرفەتی ئەوە بەدەستبهێنن تا یاسای هەڵبژاردن هەمواربکەنەوە.