ماوەیەک لەمەوەبەر هەندێک لایەنی عەرەبی و تورکمانی لەشاری کەرکوک، داوای گۆڕینی سەرۆکی نووسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیان کرد، بەو پێیەی کە بەرپرسی نووسینگەی کۆمسیۆن کوردە و سەر بە یەکێتی نشتیمانی کوردستانە و هەروەها ئەو لایەنی عەرەب و تورکمانانە کورد بە ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن لە هەلبژاردنەکانی پێشوو بۆ پەرلەمانی عێراق کە تێیدا کورد لە کۆی ١٢ کورسی پەرلەمان ٦ کورسی بەدەستهێنابوو.
لەئیستادا بە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەرپرسی نووسینگەکە کە کورد بوو گۆڕا و ژمارەی کوردان لە نووسینگەی کەرکوکی کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ٢٥٪ تێپەر ناکات لە کاتێکدا کە کورد زۆرینەیە.
نێوەرۆی ئەمرۆ حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ تاوتۆێ کردنی ئەو پرسە و پاش کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکدا، محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی (٢)ی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بەناوی حزبە کوردستانیەکانی شارەکەوە بەیاننامەیەکی سەبارەت بەدەستوەردانی هەندێک لایەنی شاری کەرکوک لەکاروباری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خویندەوە کە تیدا هاتبوو : "ئێمە وەکو حزب و لایەنە سیاسیە کوردیەکانی شاری کەرکوک وێڕای تێبینیمان لەسەر گۆڕانکارییەکان لە نووسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە تێیدا بەرێوبەری نووسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنەکە کە لەپشکی کورد بوو بەبێ هیچ هۆکارێک گۆڕاوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێکهاتەی کورد لە کەرکوک ٪٦٠ شارەکەیە و لە کۆی ١٢ پەرلەمنتاری کەرکوک شەش-یان کوردن، بەو شێوەیەش دەبوو بەشی کورد لە نووسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی کورد لە ٥٠٪ کەمتر نەبوایە."
هەروەها محەمەد عوسمان وتیشی: "ئێمە وەکو لایەن و حزبە سیاسیەکانی شاری کەرکوک رێزێکی زۆر لە سەربەخۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەگرین و هاوکار دەبین لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەرد لە عێراقدا."
هەروەها سەبارەت بە لێداوانەکانی لایەنی عەرەبی و تورکمانی شاری کەرکوک کە تێیدا یەکێتی نشتیمانی کوردستانیان بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا تۆمەتبار کرد، محەمەد عوسمان لە وەلامی بۆ هەردوو لایەنی عەرەبی و تورکمانی لە کەرکوک، وتی: " لێدوانە نابەرپرسەکانی هەندێک لایەنی عەرەبی و تورکمانی بەتوندی ڕەتدەکەینەوە و لێدوانەکانی ئەو لایەنانە دەچێتە خانەی دەستوەردان لە کاروباری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان."
هەروەها محەمەد عوسمان داوایەکی ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "بێ گوێدانە ئەو دەنگە نەشازانەی شاری کەرکوک کە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی لە کەرکوک ناکات، مافی پێکهاتەی کورد بپارێزن و بیشەیانە و بێ لایەنانە بەردەوام بن لە کارەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردنیکی پاک لەژێر چاودێری ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان.''
لە کۆتایدا ناوبراو وتی: "نەتەوەکانی شاری کەرکوک و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر لەوە هۆشیارترن کە بکەوەنە ژیر کاریگەری ئەو چەواشەکارییانەوە و هەروەکو ڕابردوو سەنگی یەکلاکەرەوە سندوقەکانی دەنگدان دەبێت."
ف.ق