لە سەروبەندی یەکەم ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن،ژیان، ئازادی'، هێزەکانی سەر بە دەسەڵات، شەپۆلێکی نوێی ڕەشبگیریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستپێکردووە و ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی و چالاکوان بە بێ خستنەڕووی هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن، دەستبەسەر دەکەن.
بە گوێرەی ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی ئاب، چوار چالاکوان بە ناوەکانی "موبین دەھار" تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی گوندی سینگانی سەر بە شاری شنۆ، "سەمەد شابوویی" خەڵکی گوندی شاوانەی شنۆ، "ئەمیر سەیدی" خەڵکی مەھاباد و "ئەفشین ساعدی" خەڵکی گوندی خامسانی کامیاران لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەستگیر و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕۆژی ١٦ی ئاب، گەنجێکی خەڵکی گوندی پسوەی پیرانشار بە ناوی "موعین شەریفیان"، بێ خستنەڕووی فەرمانی دەستگیرکردن، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لە بەردەوامی فشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان بۆسەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، ڕۆژە سێشەممە ٢٢ی ئاب، "شەرمین حەبیبی" ھاوسەری فەرەیدون مەحمودی یەکێک لە گیانبەختکردووانی ئە سەھەڵدانە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستم و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی"، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەقز دەستگیر و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.
فەرەیدون مەحمودی، خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژی ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لە گەرمەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ھێزە سەرکوتکارەکانی دەوڵەتی ئێران گیانی بەخت کرد.
بە گوێرەی ئامارێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، تەنیا لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم ٤٠ چالاکوان و هاوڵاتی کورد لە شارەکانی تاران، پیرانشار، سەقز، جوانرۆ، کامیاران، شنۆ، مەهاباد و سنە لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵات دەستبەسەر کراون.
ژ.ن