له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا لانیكه‌م ٦ كۆڵبه‌ر برینداربوون

له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نه‌وسود و بانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا لانیكه‌م ٦ كۆڵبه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژێمی ئێرانه‌وه‌ برینداركراون.

له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی بێكاری و برسیكردنه‌ی كه‌ رژێمی ئێران له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی ناچارن په‌نا بۆ كۆڵبه‌ری و كاسبكاری سه‌ر سنوور ببه‌ن. له‌و چوارچێوه‌دا زه‌مینه‌ی كوشتنی كوردان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ئاماده‌ده‌كرێت و نزیكه‌ی هه‌موو رۆژێك له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كان كورد بریندار ده‌كرێن یان ده‌كوژرێن.

به‌پێی هه‌واڵێكی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا لانیكه‌م ٦ كۆڵبه‌ر له‌ ناوچه‌كانی نه‌وسودی كرماشان و بانه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای سنه‌ بوونه‌ ئامانجی گولـله‌بارانی هێزه‌كانی رژێمی ئێران و له‌ ئه‌نجامدا برینداربوون.

ناوی ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ی برینداربوون به‌م جۆره‌یه‌:

ئارمان مسته‌فا زاده‌ (ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ) و سه‌لامی عه‌زیمی خه‌ڵكی ناوچه‌ی شاهۆی پاوه‌

فه‌رزاد ئیمامی خه‌ڵكی گوندی بانه‌وه‌ری سه‌ر به‌ پاوه‌

فه‌ریاد ئه‌داك ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ خه‌ڵكی سه‌وڵاوا

یه‌حیا رۆسته‌م زاده‌ خه‌ڵكی گوندی دێتووی جوانڕۆ

محه‌مه‌د مه‌ولودی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵ خه‌ڵكی گوندی بانه‌

هـ . ب