بەردە مەڕمەڕینەكانی قۆروە بەهۆی ئەستووربوونی تاشەبەردەكانی و یەكدەست بوونی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لەكوردستان دەدزرێن و دەبردرێنە پارێزگای ئیسفەهان. بەردی مەڕمەڕ بەتایبەتی مەڕمەڕی سپی لەو كانانەیە كە لەسەرئاستی جیهان كەمە و بێ وێنەیە. پارێزگای سنە یەكێك دەوڵەمەندە بەیەكێك لەم سەرچاوانە، كانەكانی بەردی مەڕمەڕ پاك و خاوێن و دروشاوەن.
كرێكارانی كورد بەرۆژان زیاتر لە ٢٥٠٠ تەن لەكانەكانی بەردی مەڕمەری قۆروە ئامادە دەكەن. ئەم كرێكارانە لەكەش و هەوای دە تا پانزدە دەرجە لەژێر سفرەوە بۆ دەرخستن و ئامادەكردنی هەر تەنێك لەو بەردانە تەنیا ١٥٠٠٠٠ هەزار مەعاش وەردەگرن، واتا نزیكەی ٤ تا ٥ دۆلار وەردەگرن.
مەڕمەڕی خاوێنی كوردستان لەم كانانەدا بەدەست دەخرێن و بەنرخی هەر تەنێك بە ٤٠٠٠ دۆلار دەفرۆشێتە چین. چینیەكان لەهەر تەنێك ١٥ مەتر بەردی ئامادەكراوە بۆ دانان ئامادەدەكەن كە بەنرخی هەرمەترێك لە ٧٠٠ تا ١٠٠٠ دۆلار دەیفرۆشنەوە. لەئەمریكاش ئەم بەردانە هەر مەترێكی بە ٣٠٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەكەن. بەشێوەیەكی سادە و ساكار مرۆڤ دەتوانێت بڵێت كە لەهەر چوار دۆلار كرێكاری كانێك لەپرۆسەیەكی مامەڵە و دانۆستاندن و بەرهەمهێناندا بە ٤٥٠٠٠ دۆلار دەگات. لەم ٤٥ هەزار دۆلارە، بەدەر لە چوار دۆلار بۆ كرێكاری كانەكان، هیچ شتێك بۆ پارێزگای سنە ناگەڕێتەوە.
ئەم نموونەیە تەنیا رەوشی دوو كانە بەردی مەڕمەڕ لەشارەكانی قۆروە و سنەیە. لەرۆژهەڵاتی كوردستان ٦٦ كانی مەڕمەڕ لەلۆرستانە، ١٥ كانی مەڕمەڕ لە هەمەدانە، ١٥ كانی مەڕمەڕ لە پارێزگای ئۆرمێیە، ١٥ كانێ مەڕمەڕ لەپارێزگای سنە و ٨ كانی تریش لە پارێزگای كرماشانە.
سەرەڕای ئەو دەوڵەمەندییەی لەپارێزگای سنە، بەتایبەتی لەبابەتی كانە بەردینیەكان كە بەشی هەموو كۆمەڵگەی ئەو پارێزگایە دەكات، بەڵام بەداخەوە پارێزگای سنە بێ بەشترین پارێزگایە لەئێران، ئەمەش نیشانەی داگیركاری و سیستەمی باڵادەستی لەكوردستان، سیاسەتی جۆداخوازی و هەڵاوردنی ئەتنیكی و داسەپاندنی سیاسەتی پەراوێزخستنی كۆمەڵگەی كورد نیشاندەدات.
ف.ق