لەسەر داوای دەوڵەتی تورک نەخشەی کوردستان لەسەر دەرگای زانکۆی زاخۆ لابرا

نەخشەیەکی کوردستان لەسەر دەرگای زانکۆی زاخۆ هەڵواسرابوو، بەڵام دوای ٢٢ ڕۆژ لەسەر داوای دەوڵەتی تورک نەخشەکەیان لابرد.

ڕۆژی ٢٠ی ئاب نەخشەی کوردستانی گەورە لەسەر دیواری فاکەڵتیی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی زاخۆ هەڵواسرا، بەڵام دوێنێ بە بڕیاریی سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ نەخشەکە لابرا و تەنیا نەخشەی باشووری کوردستان لەسەر دیوارەکە هێڵدرایەوە.

ئایدین مەعروف وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکان، کە خۆی تورکمانە و بەوە ناسراوە، کە لە دەوڵەتی تورک نزیکە، سەردانی بەشی زمانی تورکیی لە زانکۆی زاخۆ کرد و ئەو نەخشەیەی کوردستانی گەورەی بینی.

بەپێی ئەو زانیاریەکان، دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئایدین مەعروفەوە فشار دەخاتە سەر بەرپرسانی حکومەتی باشور بۆ لابردنی نەخشەی کوردستان. دوای ئەوەی داوا لە سەرۆکی زانکۆی زاخۆ کرا نەخشەکە لاببات، ئەویش نەخشەکە لابرد!.

سەرۆکایەتیی زانکۆی زاخۆ هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە. ئەم ڕووداوە جارێکی تر ئەوە دەردەخات، کە پارتی (پەدەکە) خاکی باشووری کوردستان، کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید ئاودراوە بۆ خواست و داوای دەوڵەتی تورک پێشێل دەکات.

ژ.ت