لەو شوێنەی مەروان بەدەل شەهیدکرا، نۆکەری شەرمەزارکرا

ژنانی شەنگال لەو شوێنەی مەروان بەدەل، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگال کرایە ئامانج کۆبوونەوە و بەڵێنیاندا ئامانجەکانی شەهیدان بەدیبهێنن، جەختیشیانکردەوە: بەهیچ شێوەیەک لەوانە خۆش نابین کە بوونە هۆی شەهیدبوونی مەروان بەدەل و جێیان لە شەنگالدا نابێتەوە.

ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی لەو شوێنەی کە مەروان بەدەل، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگال کرا ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆبوونەوە و ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕایگشتیی خوێندەوە.

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن ڕیحام حچۆ، ئەندامی تاژێ-وە خوێندرایەوە و تێیدا جەختیانکردبووەوە: هەرگیز لەوانە خۆش نابین کە هاوکاریی دوژمن دەکەن و زانیارییان پێ دەدەن، بەدڵنیاییەوە باجی ئەو هاوکارییە دەدەن، ئەم هێرشەش دژی فەرمانی ٢٠١٤یە.

وەک تاژێ باسی دەکات، دەوڵەتی تورک بەپشتیوانیی ناتۆ، بەهاوکاریی پەدەکە و حکومەتی عێراق و خیانەتکاران، بەدڕندانەترین شێوە هێرش دەکاتە سەر شەنگال، ئەو وڵاتانەشی چەک بە تورکیا دەفرۆشن هاوکارن لەو هێرشانە.

دوای بەیاننامەکەی تاژێ، حەلوا خەلەف بەناوی خانەوادەی شەهید مەروان بەدەل وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، کە ئەوان بەدوای ئەو کەسانەوە دەبن کە هاوکاری دەوڵەتی تورک بوون لە شەهیدکردنی شەهید مەروان بەدەل، وتیشی: ئەوانەی هاوکاریی دەوڵەتی تورکیان کردووە ناتوانن لەناو ئێمەدا بژین.

لە کۆتاییشدا شوێنی شەهیدبوونی مەروان بەدەل گوڵباران کرا و مۆمی لەسەر داگیرسێندرا.

ف.ق