"لۆزان بریتییە لە کۆمەڵکوژی کورد"
لە یادی سەد ساڵەی لۆزاندا، بەناونیشانی (لەدوای سەد ساڵ لە لۆزان، کورد چ ئایندەیەک هەڵدەبژێرێت) لە کەرکوک کۆڕێک سازکرا.
لە یادی سەد ساڵەی لۆزاندا، بەناونیشانی (لەدوای سەد ساڵ لە لۆزان، کورد چ ئایندەیەک هەڵدەبژێرێت) لە کەرکوک کۆڕێک سازکرا.
لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان، کۆمەڵەی زانستە سیاسیەکانی کوردستان و بە هاوبەشی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بەناونیشانی (لەدوای سەد ساڵ لە لۆزان کورد چ ئاینەیەک هەڵدەبژێرێت) و بەئامادەبوونی ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) کۆڕێکیان ساز کرد.
کۆڕەکە بەبۆنەی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان ڕێکخرابوو، لە کۆڕەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی، چالاکوان، سیاسەتمەدار، رۆژنامەنووسان و کەسایەتی کۆمەڵایەتی شارەکە ئامادەبوون، سەرەتا کۆڕەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی تەواوی شەهیدانی کوردستان کە لەسەد ساڵی ڕابردوو دژ بەداگیرکەران شەهیدبوونە دەستی پێکرد.
کۆڕەکە لەبارەی سەدساڵەی لۆزانەوە لەلایەن هەریەکە لە سالار مەحمود و ئەبوبەکر هەڵدنی ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کۆڕەکە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، وە لەلایەن ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کەنەکە-ەوە بەڕێوەچوو.
پەیماننامەی لۆزان بۆ ئاشتی نەبووە بەڵکو بۆ دابەشکردنی دەستکەوتی جەنگ بووە
لە کۆڕەکە سالار مەحمود ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد پەیماننامەی لۆزان ئامانج لی دابەش کردنی دەستکەوتی جەنگ بوو و ووتی: "پەیماننامەی لۆزان پەیماننامەی دوای جەنگ بووە کە ئامانج لێی دابەشکردنی دەستکەوتی داوی جەنگ بووە، بۆیە ئەم پەیماننامەیە نەیتوانی ئاشتی بەدەست بهێنێت چونکە لەسەر بنەمای ئاشتی نەبووە، کاتێک نەتەوەیەکی ڕەسەن و دەوڵەمەندی وەکو کورد لە رۆژهەڵات ناوەڕاست ناوخوێندرێتەوە و دابەش دەکرێت بێ گومان ئەم پەیماننامەیە بۆ ئاشتی نەبووە، یەکێک لە بۆچوونەکان ئەوەیە کە کورد دابەش بوو بەسەر ئەم چوار دەوڵەتە تا ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستان هیچ کات ئارامی بەخۆیانەوە نەبین وە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بەناوی ئاشتکردنەوە بەرژەوەندییە ئابورییەکان بەدەست بهێنن کە ماوەی سەد ساڵە ئەوە ڕوودەدات".
هەموو جینۆسایدەکانی کورد لە لۆزانەوە سەرچاوەی گرتووە
ئەو ئەندامەی کەنەکە سەبارەت بە قوربانی کردنی گەلی کورد لە پەیماننامەی لۆزاندا بووتی: "لە لۆزاندا مەسەلەی ئینکارکردنی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هاتە کایەوە بەداخەوە تائیستاش بەردەوامی هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە پەیماننامەی لۆزان بریتییە لە کۆمەڵکوژی کورد، هەموو پرۆسەکانی (جینۆسایدی دەرسیم، گەلی زیلان، جینۆسایدی شای عامودا و جینۆسایدەکانی باشوری کوردستان لە ئەنفال و ڕاگواستن و کیمیاباران کردن و تا دەگاتە جینۆسایدی کوردانی فەیلی و ئێزدی) هەمووی دەچێتە چوارچێوەی هەڵەیەکی مێژووی کە سەد ساڵە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باجەکە دەدات چونکە جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتییە".
سەد ساڵەی لۆزان بکەینە نەخشە ڕێگا بۆ قۆناغێکی تازە
هەروەها سالار مەحمود دەربارەی سەرنەکەوتنی هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی گەلی کورد ووتی:"گەلی کورد قۆناغی مەترسی لەناوچوونی تێپەڕاند، لەسەدەی ڕابردوو ڕژێمی سەدام حوسێن هاوشێوەی تورکیا پڕۆسەی نکۆڵی و سڕینەوەی گەلی کورد دەستپێکرد، وە پرۆسەی بەدناو ئەنفال سەرەتای پرۆسەی لەناوبردنی کورد بوو لە عێڕاق، بەڵام ئەوەی سەری نەگرت و رژێمی بەعس ڕووخا، هەروەها لە رۆژئاوای کوردستان نموونەیەک دروست بوو کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد لە شەری دژی داعش، وە ژنی کورد توانی نموونەیەک نیشان بدات کە هەموو جیهان سەرسام بکات، لە ئێران و رۆژهەڵاتیش بەهەمان شیوە وە لە تورکیا لە هەڵبژاردنەکان کورد پێگەیەی خۆی هەیە، پێویستە سەد ساڵەی لۆزان بکەینە نەخشە ڕێگا بۆ قۆناغێکی تازە".
ناکۆکی حزبەکان بریتییە لە پلانگێری داگیرکەرانی کوردستان
سالار محمود ئەندامی کەنەکە و ئەندامی پێشووی پەرلەمان، ڕەخنەی لە بەشێک لە حزبە سیاسیەکان گرت و ووتی: "پێویستە ڕەخنە لە کەم کورتیەکان بگیرێت لەناو هەموو حزبەکاندا، بەشێک لەناکۆکی خەڵکی کوردستان لەڕێگەی حزبەکانەوە بریتییە لە پلانی داگیرکەرانی کوردستان، شەڕی ناوخۆی کوردستان لەدوای دروستبوونی هەرێمی کوردستان بەئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دروست و رۆڵی گەورەیان تێدا گێڕا، وە ئەو ڕووداوانەی بەسەر کەرکوکدا هات ئەوە کێشەی ناوخۆیی کوردستان نەبوو بەڵکو پلانگێرییەکی دەرەوەی کوردستان بوو جێبەجێکرا".
پێویستە لە سەد ساڵەی لۆزاندا گوتار و سیاسەتی نوێمان هەبێت
لە کۆتایدا سالار مەحمود ڕایگەیاند: " پێویستە لە سەد ساڵەی لۆزاندا گوتارێکی نوێمان هەبێت بۆ واقعێکی نوێ، چونکە پەیماننامەکان هێز و بەرژەوەندی دەیگۆڕن، گەلی کورد هێزی هەیە و ئابوریشی هەیە، بەڵام پێویستمان بە سیاسەتێکی نوێ بۆ بەستنەوەی بەرژەوەندی گەلی کورد بە بەرژەوەندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەشەری دژی داعش توانیمان پێگەیەک بۆ خەڵکی کوردستان دروست بکەین بەڵام سیاسەتی چەوت و هەڵە بەخێرایی ئەمەی نەهێشت".
پاشان ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی کەنەکە بۆ ئامادەبووان دوا و لەسەرەتای قسەکانیدا ووتی "ڕەحمەت لە گیانی شەهیدانی هەرچوارپارچەی کوردستان کە لەماوەی سەد ساڵەی ڕابردوو لەپێناو مافی گەلەکەیان شەهیدبوونە" پاشان ڕەخنەی ئەو سیاسەتە جیاکاری حزبییەی کرد کە پەدەکە لە باشوری کوردستان پەیڕەوەی دەکات، ئەوبەکر هەڵدنی ڕەخنەی لە دەسەڵاتی پەدەکە گرت بەتایبەتی لەو ڕووداوەی دوو رۆژ لەمەوبەر کە پەدەکە ڕێگری لە وەفدێکی باشوری کوردستان کە بۆ کۆنفرانسی لۆزان سەردانی رۆژئاوای کوردستان نەکات کە لەنێو وەفدەکەدا هاوژینی سەرۆککۆمار و پارێزگاری سلێمانیش هەبوون"
دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی شکستخواردوون
ئەبوبەکر هەڵەدنی سەبارەت بە ڕێگرییەکانی پەدەکە لە گەیشتنی کوردان بەیەک، ووتی: " کە بینیمان لە دوو رۆژی ڕابردوو کاتێک وەفدێک لە باشوری کوردستانەوە ویستی بچێتە رۆژئاوای کوردستان کە لەنیوان وەفدەکەدا پارێزگاری سلێمانی و هاوژینی سەرۆککۆماری عێراق بوونیان هەبوو بەڵام لەلایەن پەدەکەوە ڕێگریان لێکرا ، لە کاتێکدا هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕێگەی بە ئێمە داوە بچینە ئەم دیوی سنوری دەسەڵاتی خۆیان و ئەم کۆڕەی تایبەت بە لۆزان بکەین بەڵام دەسەڵاتی(پەدەکە) ڕێگەی نەداوە وەفدێکی کوردستانی لەپارچەیەکەوە بچێتە پارچەیەکی دیکەی کوردستان ئەمەش جێگای قەبووڵ نیە، بەنسبەت منەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان پیرۆزە بەڵام دەسەڵاتدارەکانی ئەوپەری شکستخواردوون".
خۆمان هاوکاری خۆمان نەبووین
هەروەها ئەبوبەکر هەڵەدنی وتیشی: "بەشێک لەو ووڵاتانەی کە ئیمزای پەیماننامەی لۆزانیان کرد بەشێک لە قەرزەکانیان بەرامبەر میلەتی کورد دایەوە کاتێک کە هاوکاریان پێشکەشی کورد کرد لە (ناوچەی دژە فڕین لە هەرێمی کوردستان هاتە کایەوە، لە ڕووخانی رژێمی بەعس و نووسینەوەی دەستور وهەروەها لەشەری دژی چەتەکانی داعش پشتیوانی کوردیان کرد، لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو خۆمان هاوکاری خۆمان نەبووین".
داگیرکەران هیچیان نەچنیەوە لە سیاسەتی نکۆڵی کردن و سڕینەوەی گەلی کورد
هەروەها ئەو ئەندامەی کەنەکە، سەبارەت بە بەرخۆدانی گەلی کورد دژ بەسیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوە، ڕایگەیاند: "چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای کورد نەک تەنها خزمەت بە گەلی کورد دەکات بەڵکو خزمەت بە چوار دەوڵەتی داگیرکەریش دەکات چونکە لەماوەی ئەو سەد ساڵە ئەو دەوڵەتانە هیچیان نەچنیەوە لە سیاسەتی نکۆڵی کردن، ئێمە تەنها دڵمان بە میلەتەکەمان خۆشە و هیوامان پێیەتی ئەگەر نا من نائومێدم لە حزب و لایەنەکانی کوردستان چونکە هەموو گەلی کورد یەکڕیزی دەخوازین بەپێچەوانەی حزبەکان".
هۆکاری مانەوەی گەلی کورد بۆ شتگەلێک دەگەڕێتەوە
ناوبراو تیشکی خستەسەر دوو هۆکاری سەرەکی کە وایکردووە گەلی کورد بەرگەی هەموو هەوڵێکی سڕینەوە بگرن، و ئاشکرای کرد: "ئەوەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە ئەگەر بەسەر هەر نەتەوەیەکی دیکەدا بهاتایە ئیستا ناوی لە مۆزەخانەش نەدەما، هۆکاری مانەوەی گەلی کورد بۆ شتگەلێک دەگەڕێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە کورد شارستانیەت و زمانێکی دەوڵەمەندی هەیە، ئەگەر تەماشا بکەین لە باکوری کوردستان و رۆژهەڵاتی سەرەڕای هەموو سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوەی گەلی کورد چ کلتور و کەلەپور و زمانی کوردی لە چ ئاستێکی بەرزدایە"
پێویستە حزبەکانی باشور دان بەشکستی خۆیان بنێن و لە قۆناغی حزبەوە هەنگاو بنێن بۆ قۆناغی نەتەوە
لە کۆتایدا ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) گوتی: "لەسیاسەتدا شتێک نیە بەناوی ڕەشبینی، بۆیە پێویستە حزبەکانی باشوری کوردستان دان بەشکستی خۆیان بنێن و پاشان لە قۆناغی حزبەوە هەنگاو بنێن بۆ قۆناغی نەتەوە، حزبەکان پێویستە ڕەخنەیەکی بنیادنەری خۆیان بکەن بۆ هەستانەوە، هەرچوار پارچەی کوردستان پێویستی بە ئاشتبوونەوە هەیە، هەروەها کونسڵخانەکانی ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خراپ دەگێرن چونکە چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتدارانی باشور دەکەن و هیچ فشارێک ناکەن لەسەر دەسەڵاتی باشور".
لە پاشان ئامادەبووانی کۆڕەکە سەرنج و تێبینی و پرسیارەکان خۆیان ئاڕاستە پێشکەشکارانی کۆڕەکە کرد و بەم شێوەیە کۆڕەکە کۆتایی هات.