ماک: لە گەڤەر بۆچەند کاتژمێرێک لە گەڵ پۆلیسە داگیرکەرەکان تووشی شەڕ بووین

جەنگاوەرانی ئازادیی کوردستان (ماک) رایانگەیاند، کە لە دژی گۆشەگیری و پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم لە چەندین گەڕەکی گەڤەر لە دژی 'داگیرکەران' شەڕیان کردووە و چەندین داگیرکەریان بریندارکردووە.

لە راگەیەندراوەکەی جەنگاوەرانی ئازادیی کوردستاندا هاتووە، "جەنگاوەرانمان ئێوارەی ٩ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٢٠:٠٠ لە گەڕەکەکانی ئەسکی کشڵە، شەهید رۆژڤان، شەهید مزگین، شەهید هەرەکۆل و شەهید فەرماندە سەرداری گەڤەر لەپێناو رێبەر ئاپۆدا رژاونەتە گۆڕەپانەکان".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، "داگیرکەران بە ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلەکانی جۆری عەقرەب هێرسیان کردە سەر جەنگاوەرانمان کە بەربەستیان دانابوو. سەرەتا بە تاکتیکی سابۆتاژ  و بۆمبی دەستکرد لە ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان درا و پۆلیسەکانی داگیرکەر ناچار بەهەڵاتن کران.

کاتژمێر ٢١:٢٠ لە گەڕەکی ئەسکی کشڵە لە بەرامبەر ناوەندی ٧٥ی پۆلیس.ییل دوو جار بە تەقەمەنی چالاکی ئەنجامدرا. داگیرکەران بیناکەیان چۆڵکرد و ویستیان جارێکی دیکە هێرشبکەنەوە. لەو کاتەدا جەنگاوەرانمان بە تەقەمەنی لە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆری عەقرەبیاندا و ئۆتۆمبێلەکە ناچاربوو بکشێتەوە. لەنێوان جەنگاوەرانمان و داگیرکەران لە چەندین شوێندا بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر شەڕێکی دژوار روویدا. جەنگاوەرانمان بە تەقەمەنی، فیشەکی هەوایی و نارنجۆکی دەستی خۆڕاگرییان کرد. لە شەڕەکەدا ژمارەیەکی زۆر داگیرکەر برینداربوون، گورز لە چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش وەشێندرا. جەنگاوەرانمان دواتر بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان".