شەهید مامۆستا شەماڵ، مێژوونووس و ئەرشیفڤان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، ڕۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کفریی لەلایەن میتی تورکەوە تەقەی لێکرا و شەهیدکرا، تەرمەکەشی لە مەراسیمێکی جەماوەرییدا لە کفریی بەخاکسپێردرا.
مامۆستا شەماڵ لە ساڵانی ڕابردوودا بەشداریی لە بەرنامەی “ڕابووریی” تەلەفزیۆنی ستێرکدا کردووە، کە بەرنامەیەکی تایبەتبوو بە ژیانی کەسایەتییەکان و تێیدا کورتە باسێکی لەسەر ژیانی سیاسیی و ڕۆشنبیریی خۆی کرد، ڕۆژنیوزیش بەشێک لە قسەکانی بەبیردەهێنێتەوە.
سوهەیل خورشید عەزیز، ناسراو بە شەماڵ خورشید لە زاری خۆیەوە خۆی دەناسێنێت و دەڵێت: لە دایکبووی شاری کفریم، بنەماڵەمان لە بناری ئاژداغەوە هاتووە، دواتر بەرەو گوندی کانی گۆمە ڕۆیشتووین لە نزیک شاری سلێمانی، لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیی باپیرانم بەرەو شاری کفری هاتوون، لە ساڵی ١٩٦٠ لە دایکبوومە، خویندنی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندیم هەر شاری کفری تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٧٨ چوومە کۆلیژی کشتوکاڵ لە زانکۆی بەغداد، لە ساڵی ١٩٨٢ تەواوم کردووە، لە ساڵی ١٩٨٧ ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێناوە، چوار مناڵم هەیە، سێ کوڕ و کچێکم هەیە، لەم شارە لەدایکبووم و لێرەش دەژیم.
مامۆستا شەماڵ لەبارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە کفری، دەڵێت:”پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی لەم شارە لە نێوان ئایین و ئایینزاکان لە ڕابردوودا زۆر بەهێزتربوو، تەنانەت لە نێوان نەتەوەکان پەیوەندیی خزمایەتیش زۆر بەهێزبووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەوە پەیوەندییانە بەرەوە کاڵبوونەوە ڕۆشتن، بە هۆی دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێزەوە لە ناوچەکە”.
“دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ کە لە ئێرانەوە گەڕامەوە، دەستمکرد بە کاری کشتوكاڵ و هەتا ساڵی ٢٠٠٨، بۆ یەکەمجار کە دامەزرام لە ساڵی ١٩٨٢ بوو لە بەستەنەی باخی بێجی، ئەوە زۆری نەخایاند و براین بۆ سەربازیی، بۆ جاری دووەم لە ساڵی ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دامەزرام” مامۆستا شەماڵ وادەڵێت.
لەبارەی ئاشنابوونی بە فکری ڕێبەر ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردیشەوە، مامۆستا شەماڵ دەڵێت: لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ساڵی ١٩٩٥، فکری ئاپۆیی گەیشتە باشووری کوردستان و شاری کفریش، لەوکاتەوە لەگەڵ فکری ئاپۆچێتیی ئاشنابووم، لە ڕێگەی چەند هاوڕێیەکەوە هەڤاڵانم ناسی، دەتوان بڵێم لە ساڵی ١٩٩٦ەوە پەیوەندییەکی پتەوم هەیە لەگەڵ بزووتنەوەی ئاپۆیی، لە ساڵی ١٩٩٧ەوە بووم بە ئەندامی یەکێتی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان-یەنەدەکە، دواتریش لەگەڵ پارتی چارەسەریی بەردەوام بووم، هەتا دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی لە ساڵی ٢٠١٤وە ئەندامی ئەو تەڤگەرەم.
“لە ماوەی کاروخەباتمدا، لەگەڵ هەموو فشارەکان لەسەر ڕێکخستنەکانی ئاپۆچێتیی، فشارەکان لەسەر ئێمەش زیادی کردووە لە شارەکان، ئێستاش لەگەڵ فشارەکان لەسەر باکووری کوردستان و ڕۆژئاوا، باشووری کوردستانیشی گرتووەتەوە، بە تایبەت کەلار و کفری” مامۆستا شەماڵ وادەڵێت.
مامۆستا شەماڵ وەک خۆی باسی دەکات، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی کردووە بە نووسین، “سەرەتا نووسینەکانم بۆ بڵاوکردنەوە نەبوو، تەنیا بۆ خۆم بوو، لە ساڵانی ١٩٩٧-١٩٩٨ نووسینە سیاسیەکانم لە ڕۆژنامەی وڵات بڵاودەکردەوە، لە ساڵی ١٩٩٨ دەستمکرد بە نووسینی کتێبێک، ساڵی ٢٠٠٢ تەواوم کرد، کتێبەکە بە زمانی عەرەبی بوو بە ناوی لاپەڕەکانی مێژووی ناوچەی گەرمیان (صفحات تاريخ المناطق كرميان) ئەمە بووە وەڵامێک بۆ پڕوپاگەندەکانی جەبهەی تورکمانیی، دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، جەبهەی تورکمانیی هەوڵیان دەدا کفری هەتا خانەقین وەکو ناوچەیەکی تورکمانیی بناسێن، کتێبەکەم بە مەبەستی دژایەتییکردنی هیچ نەتەوەیەک نەنووسیی، چونکە ئێمە لەم شارە ساڵانێکە بە یەکەوە دەژین و خوێنمان تێكەڵ بووە”.
دەشڵێت: بەڵام دواتر زانیاریی زیاترم کۆکردەوە و سێ کتێبم بە چاپ گەیاند بە شێوەیەکی بەرفراونتر، بە ناونیشانەکانی (میژووی کۆنی ناوچەی کفری، پرۆسەکانی پاکتاوی ڕەگەزیی، مێژووی ناوچەی گەرمیان لە ڕووی چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە) دواین کتێبم بە نیازی چاپکردنیم لەسەر ئابووری ناوچەی کفرییە.
هـ . ب