لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢ سوهێل خورشید ناسراو بە (مامۆستا شەماڵ) ئەندامی دەستەی بەڕیوبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، لە بەردەم ماڵەکەی خۆییدا لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە تیرۆر کرا. لەو بارەیەوە ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان؛ جومعە کەریم بۆ ئاژانسی هەواڵی (ANF) قسەی کرد.
'مامۆستا شەماڵ گەڕیدەی حەقیقەت بوو'
جومعە کەریم لە سەرەتای قسەکانییدا لە کەسێتی مامۆستا شەماڵدا سەرجەم شەهیدانی بەبیرهێنایەوە و وتی: "لە دووەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی مامۆستا شەماڵدا ئێمە دەڵێین ڕێ و ڕێبازت پیرۆز، درێژە بە کار و خەباتت دەدەین. ئەو دەستانەی بوونە هۆکاری شەهید کردنی هاوڕێکانمان دەیبڕینەوە.
مامۆستا شەماڵ تەنها هەڤاڵێک نەبوو بەڵکو مێژوونوس و جوگرافیناسێکی لێهاتوو بووە. ڕۆشنبیرێکی خاوەن قەڵەم بوو، کە هەر شتێکی بنوسیایە بە قەڵەمەکەی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بووە. مامۆستا شەماڵ گەڕیدەی حەقیقەت بوو، هەمیشە بەدوای ڕاستییەکانەوە بووە بۆ ئەوەی مێژووی کوردستان و ناوچەکە ڕاست بکاتەوە. لە ماوەی ژیانییدا توانی چەندین کتێب بنوسێت دەربارەی مێژووی کفری و گەرمیان، جینۆساید و ئەنفال، لە چاپیشی بدات."
وتیشی: "لە ڕووی کاری سیاسیەوە مامۆستا شەماڵ ماوەی ٣٠ سال کاری کردووە، تاکە بیر و فەلسەفەی مامۆستا شەماڵ بیر و فکری ڕێبەر ئاپۆ بووە، ئەمەش بووە بەهۆی ئەوەی کاریگەری دابنێت لەسەر خێزان و هاوڕێکانیی.
لە پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کوردستان، لە کار خەباتی ئەو حزبانەدا قۆناغەکانی ڕێکخستنی بەڕیوە، توانیویوتی ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە و دەستەی دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادی کوردستان. تێڕوانین و بۆچوونەکانی مامۆستا شەماڵ هەموکات و بە گرنگی بە بەیاخەوە وەرگیراوە."
'بەهۆی ئازادبوونی قەڵەمەکەیەوە مامۆستا شەماڵ تیرۆرکرا'
لە درێژەی قسەکانییدا جومعە کەریم ئاماژەی بەوەکرد کارکردن لەگەڵ مامۆستا شەماڵدا زۆر ئاسودەی و ئارامی هەبووە، چونکە کەسێکی لێهاتوو و بە توانابووە، بەمجۆرە بەردەوام بوو: "لە ناو خەڵک و شاری کفرییدا مامۆستا شەماڵ زۆر خۆشەویستبووە، خۆشەویستییەکی زۆری هەبووە لە ناو پێکهاتە جیاوازەکانی شارۆچکەی کفریدا.
بۆیە بە ئامانجگرتنی مامۆستا شەماڵ لە لایەن دووژمنەوە بۆ ئەوە دەگڕێتەوە کە خاوەن قەڵەمێکی ئازاد بووە، ئەوە بوو لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا شەهید دەکرێت."
لە کۆتایی قسەکانییدا جومعە کەریم بانگەوازی لە گەل و هاوڕێکانی مامۆستا کرد کە درێژە پیدەری خەباتی مامۆستا شەماڵ بن، وتی: "دواکارم لە خەڵکی باشووری کوردستان و گەرمیان بەتایبەت، ئەو ڕی و ڕێبازەی مامۆستا شەماڵ بگرن کە تێکۆشانی تێدادەکرد چونکە ئەوە تاکە ڕی و ڕێبازی حەقیقەتە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ ئازادبوون.
هەروەها لەم ڕۆژانەی دواییدا ئەوەمان بینی دوو ڕۆژنامەنووسی ژنی ئازاد لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کرانە ئامانج و شەهیدبوون ئەو کردەیە شەرمەزار دەکەین، ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت دەوڵەتی تورک دەست لە کەس ناپارێزێت، ڕۆژنامەنووس یا سیاسی بێت جیاوازی ناکات ئەوەشمان بینوە خەڵکی مەدەنی بە ئامانج گرتووە. بۆیە ئەوانەی ئەو دەیکات جێگەی قبوڵ نییە پێویستە گەل و حکومەتی ئێراق بە دەنگ بێن لە بەرانبەر ئەو کردە تیرۆریستییانەی دەوڵەتی تورک."