بە دیمەن

مامۆستایانی کەرکوک: دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی گوێنەدان بە خەڵک گەلەکەمانیان تووشی نەهامەتی کردووە

مامۆستایانی کەرکوک: دەبوو حکومەتی عێراق ڕێگری لە بە قاچاخ بردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات و سزای حکومەت بدات نەک سزا و بڕینی قووتی هاووڵاتیان.

ئەمڕۆ شەممە، مامۆستایانی خوێندنی کوردی و دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەدژی ڕاگرتنی مووچەی فەرامانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست و تیدا ڕایانگەیاند، کە "دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی گوێنەدان و حیساب نەکردن بۆ کەس نەهامەتییان هێناوەتە سەر گەلەکەمان"، هەروەها هۆشداریان-دا لە بڕینی قووتی خەڵکی بێ تاوانی کوردستان و دەلێن، "لەبری ئەوەی حکومەتی عێراق سزای دەسەڵاتدارانی هەرێم بدەن کە پابەند نابن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، زۆر بێویژدانانە دەست بۆ قووتی خەڵکی بێتاوانی کوردستان دەبەن و نانبڕاویان دەکەن.

' بەهۆی ناڕوونی داهاتەکانی حکومەتی هەرێم تووشی گرفت بووە لەگەڵ حکومەتی ناوەند'

جێگای باسە، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، مامۆستا محەمەد جەلیل نوێنەری دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی کەرکوک، بەیاننامەیەکی بۆ ڕایگشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە، کە تیدا هاتووە: "لە کاتێکدا ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک سەرقاڵین بە گواستنەوەی ڕاژەکانمان بۆ سەر حکومەتی ناوەند، بەتایبەتی کە دوایین جار فۆرمە واژووکراوەکانی زیاتر لە پینج هەزار مامۆستا و فەرمانبەر گەیشتە بەغدا و بێ ئەنجام مایەوە، حکومەتی هەرێمیش لە کەرکوک تەواوی مووچەخۆرانی سەرقاڵ کردووە بە پڕکردنەوەی هەژماری من، کە پێچەوانەی بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ تەوتین لە بانکە حکومییەکان، لەئێستادا حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، هەروەک چۆن پڕۆژەی پاشەکەوتکردن و دابەشکردنی مووچەی بە چارەک و نیویان داهێنا و سەپاندیان بەسەر مووچەخۆرانی هەرێم، بەهۆی ناڕوونی و نادیاری داهاتەکانی هەرێمەوە تووشی گرفتی دارایی بووە لەگەڵ حکومەتی ناوەند،

'دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی گوێنەدان بە کەس نەهامەتییان هێناوەتە سەر گەلەکەمان'

هەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئەو نوێنەرەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندی کوردی لە کەرکوک، ڕاشیگەیاند: "جگە لە هەموو ئەو نەهامەتییانەی زیاتر لە ١٠ ساڵە بەسەر گەلەکەماندا هێناویانە، وا ئەمجارە بڕینی تەواوی مووچەکانیشیان هاتە سەر، هەڵبەت ئەوەش بەهۆی گوێنەدان و حیساب نەکردن بۆ کەس و ڕادەستنەکردنی داهاتەکانی نەوت و نانەوت، کە کەس نازانێت هەرێم چییان لێ دەکات، دەرئەنجام مووچەی تەواوی خەڵکی کوردستانیان گەیاندە تونێلێکی نادیار، بەڵام سەرەڕای هەڵە بەردەوامەکانی هەرێم و تێبینییەکانمان لەسەریان، حکومەتی عێراق بەتایبەتی وەزیری دارایی، لەبری ئەوەی سزای دەسەڵاتدارانی هەرێم بدەن کە پابەند نابن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، زۆر بێویژدانانە دەست بۆ قووتی خەڵکی بێتاوانی کوردستان دەبەن و نانبڕاویان دەکەن".

'لەسەر حساب قووتی خەڵکی کوردستان هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن'

لە درێژەی قسەکانیدان ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لێرەوە زۆر بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی بڕیاری وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەند دەکەین، کە بە ئاشکرا بڕیاری دادگای فیدراڵیی پێشێل کردووە، کە دەڵێت "نابێت مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت و پێویستە هەموو مانگێک وەک فەرمانبەرانی عێراق، فەرمانبەرانی هەرێمیش لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن"، لەبری ئەم هەنگاوە دەیانتوانی ڕێگری لە نەوتی قاچاخ و بازرگانیی بەرپرسان بکەن و لەبەرامبەردا بڕیاری تەوتین جێبەجێ بکەن، ئێمە لەوە تێدەگەین کە هەڵبژاردن نزیک بۆتەوە، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا دەیانەوێت شەقام لە خۆیان ڕازی بکەن و خەڵک بخەڵەتێنن، بەڵام هەرگیز ئەوە ڕەوای حەق نییە کە لەسەر حسابی قووتی خەڵکی کوردستان هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ خۆیان بدەن، لە کاتێکدا خەڵک لە ڕۆژە پیرۆزەکانی ساڵدایە و چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی قوربانی پیرۆز، دەبوو موژدە و جەژنانەیان بە خەڵک بدایە، نەک قووتیان ببڕن".

' دەرگای دۆزەخی تووڕەیی مووچەخۆران لە هەردوو حکومەت دەکرێتەوە'

محەمەد جەلیل جەختی لەوەشکردەوە، کە پێویستە چیدیکە کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەسەر حسابی هاوڵاتی و مووچەخۆر نەبێت، و بە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی سیاسی و یاسایی و دیبلۆماسی لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن، لە ئەگەری بەردەوامبوونیان لەسەر بڕیاردان بە ڕاگرتنی مووچە، بە دڵنیاییەوە دەرگای دۆزەخی تووڕەیی مووچەخۆران لە هەردوو حکومەت دەکرێتەوە.

'داوا لە خەڵکی بە هەڵوێست دەکەین دەنگەکانیان یەک بخەن دژبە ستەمکاری'

لە کۆتایی قسەکانیدا، مامۆستا محەمەد جەلیل، نوێنەری دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی کەرکوک، ووتی : "لە کۆتاییدا داوا لە شەقام و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی بە هەڵوێست دەکەین دەنگەکانیان یەک بخەن بە مەبەستی کۆتایی هێنان بەم ستەمکارییە، لە کۆتاییدا دەبێت هەمووان ئەوە بزانین کە سەنگی مەحەکی نێوان خەڵک و دەسەڵات سندووقەکانی دەنگدانە".