مەجلیسی پەژاک لەسێدارەدانی رەزا رەسایی بە توندی شەرمەزار دەکات

مەجلیسی پەژاک لەسێدارەدانی رەزا رەسایی لە دەستبەسەرکاوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بە توندی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، "لەسێدارەدانی رەسایی لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی شکستی رەوتی سیاسی-ئەمنیەتی ستەمکارانەی سیستمی ئێرانە".

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە راگەیەندراوێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی رەزا رەسایی، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە سزاکەی جێبەجێکرا، رایگەیاند: "بێگومان سیاسەتی تۆقاندن لە رێگەی زیندان و سێدارە ناتوانێت ببێتە مایەی وەستاندن و راگرتنی ئەم جوڵانەوە جەماوەریە بەرین و مێژووییە و لە سایەی بەشداری توێژ و کۆمەڵان و چالاکوانان و رۆشنبیران و زەحمەتکێشان، لە لوتکەدا دەگاتە ئاکام".

راگەیەندراوەکەی مەجلیسی پەژاک بەم جۆرەیە:

"لەسێدارەدانی رەزا رەسایی لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی شکستی رەوتی سیاسی- ئەمنیەتی ستەمکارانەی سیستمی ئێرانە

لەسێدارەدانی رەزا رەسایی لە کوردانی یارسان و دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ، ئەوەش بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پاڕێزەرەکەی کە پێشیلکاری تەواوەتی مافەکانی مرۆڤە، ستەمکارانە و کۆمەڵکوژکارانەیە. ئەم کردەوە زۆردارییەی سیستمی ئێران بە توندی شەرمەزار دەکەین.

لەسێدارەدانی رەزا رەسایی لە کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦ی گەلاوێژ (٦ی ئاب) لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئاماژەیەکە بۆ بڕیاری سیستمی ئێران بە ئاراستەی چڕکردنەوەی هەڵسوکەوت و هەنگاوەکان خۆی بە ئامانجی سەرکوتی زیاتر لە جارانی کۆمەڵگا و چالاکوانانی ئازادیخواز. ئەم جۆرە لەسێدارەدانە دەریدەخات کە دەسەڵاتی ئێران هێشتا ئەزمونی لە هەڵوێستی جەماوەری سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی وەرنەگرتووە. لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، پەیامی توندوتیژانەی ڕێژیمە بۆ کۆمەڵگا بە ئامانجی لەناوبردن و بێدەنگ کردن  تەواوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران هێشتا لە دڵی کۆمەڵگادا بەهێز ماوەتەوە و بەڵگەی ئەم بانگەشەی ئەم هەڵوێستە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئێراندا بەڕوونی دەرکەوت. هەڵبژاردنێک کە تێیدا گەل سەرهەڵدانی شۆڕشی"ژن، ژیان، ئازادی"یان لە حوکمڕانی دەوڵەتی ئێران پێ باشتر بوو. ئەوەی کە لە سێدارەدانی چالاکوانان ناوبەناو بەردەوامە، ئەوە دەردەخات کە حکومەت هێشتا لە دەرئەنجامەکانی ئەو سەرهەڵدانە دەترسێت. لەسێدارەدانی هەر چالاکوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نیشانەی دەسەڵاتی حکومەت نییە، بەڵکو نیشانەی بێهیوایی و بێدەسەڵاتیە لە بەردەم شەپۆلە جەماوەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی.

لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی وەک گەنجێکی کوردی یارسانی گێڕانەوەی مێژووی دوو جار چەوساندنەوەیە بەرامبەر بە شوناسە جیاوازەکانی گەلی کورد لە ڕێگەی جینۆسایدی بەردەوامەوە. بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە لە خەڵک پەنا بۆ ئەو جۆرە لەسێدارەدانانە دەبات. بەڵام توانای چۆکپێدادانی ئەو گەلەی نییە کە بڕیاری مێژوویی خۆیان بۆ هێنانەدی گەورەترین گۆڕانکاری شۆڕشگێڕیی داوە.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی گەنجێکی کوردی یاراسانی  بە توندی شەرمەزار دەکات. باوەڕی پتەومان بەوە هەیە کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی یەکێکە لەو بزووتنەوە قووڵ و بنەڕەتیانەیە کە لە دڵی گەلان و کۆمەڵگاوە سەریهەڵداوە و تا بەدی هێنانی ئازادی ناوەستێت، لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی لە سەروبەری سەرهەڵدانی ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدایە و شکستی پرۆسەی سیاسی - ئەمنیەتی ڕژێمی سەرکەوتکەری ئێران نیشان دەدات. بێگومان سیاسەتی تۆقاندن لە ڕێگەی زیندان و سێدارە ناتوانێ ببێتە هۆی وەستانی ئەم بزووتنەوە مەزن و مێژووییە جەماوەریە و لە سایەی بەشداری توێژەکانی کۆمەڵگا و چالاکوانان، ڕۆشنبیران و زەحمەتکێشاندا لە لوتکەدا دەگاتە سەرکەوتن.