مەخموریەکان بانگەوازیان ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد

ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی مەخمور داوای لە خەڵکی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، حکومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئەرکی خۆیان پێکبێنن.

ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، لەسەر هێرش و هەڕەشەکانی سەر کامپەکەیان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاکردەوە، کە لەلایەن عەلی ئورەک هاوسەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی گەلی مەخمور خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: ئێمە بەهۆی هەژاریی نەبوو کە پەنابەر بووین، بەهۆی قبوڵنەکردنی ئەو نادادیی و زۆڵمەی هەبوو کۆچمان کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، حکومەتی عێراق و ڕای گشتی دڵسۆزان، وەک پەنابەرانی سیاسیی مەخمور بەم پەیامە کراوەیە لە دۆخی خۆمان ئاگادارتان دەکەینەوە، هەروەها داواکاریی و هیواکانمان دەخەینە ڕوو، ئێمە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٢٨ ساڵە پەنابەرین، ئەمەش خواستی ئێمە نەبوو، ئێمەش دەمانویست لەسەر خاکی خۆمان وەک هەموو گەلانی جیهان، بە ناسنامە و زمانی خۆمانەوە بژین، هەروەها دەمانەوێت بە ئاشتی و ئارامی بژین.

لە بەردەوامییدا هاتبوو: کاربەدەستان و ئەو هێزانەی بەرامبەر ژیانی ئێمە بەرپرسیارن، وەک خەڵکی مەخمور دەمانەوێت بە شێوەیەکی ڕوون پێتان بلێین و دەمانەوێت لێمان تێبگەن، تورکیا ئەوەی ٢٨ ساڵ لەمەو بەر بەسەر ئێمەیدا سەپاند، ئەمڕۆش دەیەوێت ئەو قڕکردن و کۆمەڵکوژییە پێکبێنێت، بە بیانۆ و ئەگەری بێ بنەما ئێمە دەکاتە ئامانج، هەڕەشەمان لێدەکات و دەیەوێت ئارامیی کۆمەڵگاکەمان تێکبدات، ڕاستە کە ئێمە بۆ مافی ڕەوای خۆمان پەنابەر بووین و پشتیوانی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەکەین کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەوتووە و گرێدراوی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆین، بەڵام ئێمە لە کامپێکی سڤیلین کە زۆربەی هاوڵاتیانی، منداڵ، ژن و بەتەمەنن، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی تورکیا دەسەڵاتێکی فاشیستە و دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات، چونکە ئەم دەوڵەتە فاشیستە ڕۆژانە لەسەر گەلی کورد سیاسەتی قڕکردن جێبەجێی دەکات و ئەمڕۆش دەیەوێت پێکیبێنێت، ئێمە دژبەری ئەم دەسەڵاتدارییەین.

بانگەوازی

" وەک خەڵکی پەنابەری کامپی مەخمور، داوا لە هەموو گەلانی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، حکومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین؛ لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا لە سەرمان خاوەن هەڵویست بن و بمانپارێزن، داواکاریمان ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی خۆتان لە بەرامبەر ئێمە بەجێی بێنن."

ف.ق