وەک هەموو ساڵێک ئەمساڵ بە تایبەتی کە کورد لە هەوڵی گەیشتنی بە ئامانجی نیو سەدە تێکۆشانی دەدات، جەژنی نەورۆز کە لە نێو کورداندا بە ڕۆژی سەرکەوتن بەسەر ستەمکاراندا ناسراوە، ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خرۆشەوە دەستی پێکرد.
دوێنێ هەینی ٢٨ی شوبات، لە گوندی سەراوکامی ناوچەی کامیاران لە پارێزگای سنە، جەژنی نەورۆز بە بەشداربوونی جەماوەرێکی زۆرەوە لە هاوڵاتیانی ناوچەکە بە پێشوازییەکی گەرمەوە بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا هاوڵاتیانی گوندەکانی دەوروبەر و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان کرد.
هەروەها ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز له گوندی زاکرلو، ناوچەی شاری پلدەشت لە پارێزگای ورمێ بە خرۆشەوە بە بەشداری هەزاران هاووڵاتیی کورد بەڕێوەچوو.
گەل لە مەراسیمەکەدا بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و ئاهەنگ گێڕان، سەما و هەڵپەرین، جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
پێشبینی دەکرێت مەراسیمەکانی جەژنی نەورۆز لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر جەماوەری گەورەتر و پڕ خرۆشتر بەڕێوە بچێت.