مەزڵوم عەبدی و جۆلانی ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد
فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی کاتی سوریا لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ وەک مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد و تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان لەنێو ئیدارەی سوریادا، ڕێککەوتن.
فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی کاتی سوریا لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ وەک مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد و تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان لەنێو ئیدارەی سوریادا، ڕێککەوتن.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی دەستەی تەحریر ئەلشام (هەتەشە) محەمەد جۆلانی (ئەحمەد شەرع) کە وەک سەرۆکی کاتی سوریا ڕاگەیاندراوە، کۆبوونەوە.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا، مەزڵوم عەبدی و جۆلانی لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتن:
1- مسۆگەرکردنی مافی هەموو سوورییەکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ گوێدانە پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی.
٢- کۆمەڵگەی کورد، کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریایە و دەوڵەتی سوریا هاوڵاتیبوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی کورد مسۆگەر دەکات.
٣- ئاگربەست لە سەرانسەری سوریا ڕادەگەیەنرێت.
٤- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
٥- ئەو سورییانەی لە زێدی خۆیان ئاوارەکراون، بگەڕێنەوە بۆ گوند و شارەکانی خۆیان و لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە بپارێزرێن.
٦- هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو مەترسییەکانی سەر ئاسایش و یەکێتی سوریا.
٧- قسەی ڕقئامێز و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ناتەبایی و بانگەوازی دابەشبوون لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا، ڕەتدەکرێتەوە.
٨- لیژنەکانی جێبەجێکردن، کاردەکەن بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.