کورکچو: بۆ ئەوەی ئۆجالان بتوانێت پرۆسەکە بەڕێوە ببات، دەبێت زەمینەی یاسایی بڕەخسێندرێت

ئەرتوغروڵ کورکچو سەرۆکی فەخری هەدەپە ڕایگەیاند؛ پرۆسەکە بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەبچێت، دەبێت زەمینەی یاسایی و کارکردنی بڕەخسێندرێت.

ئەرتوغروڵ کورکچو سەرۆکی فەخری هەدەپە لە ڕێگای ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاندنی بۆ بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک"ی ڕێبەر ئاپۆ کرد.

کورکچو ئاماژەی بەوەدا کە بزووتنەوەی پەکەکە بۆ یەکەمجار نییە لە مێژوودا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چەکدانان و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری. "ئەڵبەت پێشتریش لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٠  و ٢٠٠٢ دا شێوەی ڕێکخستنی گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو، بە شێوەیەکی یەکلایەنە ڕایگەیاند کە کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری هێناوە. بەڵام بە پێشنیارەکەی ئۆجالان پەکەکە بەڵێنی دا بەبێ مەرج کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری بهێنێت و بزووتنەوە ٤٠ ساڵەکەی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم بارودۆخە هەوڵێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوەیە بۆ ئەوەی مۆرکی خۆی لەو ٤٠ ساڵە بدات. کێ چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بڕیارە دەکات گرنگ نییە، ئەم بڕیارە هەنگاوێکی زۆر یەکلاکەرەوەیە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی پەکەکە لە هەموو لایەکەوە.

ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و شەڕەکانی ئەم ١٠٠ساڵەی ڕابردوو کە لەسەر پرسی کورد ڕوویانداوە. هەروەها دەرفەتێکی گەورەیە. کاتێک لەم ڕوانگەیەوە سەیر دەکرێت، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە دەرگای پرۆسەیەکی زۆر گرنگ بەڕووی هەموواندا کراوەتەوە".

'پێویستە مەرج و دەرفەتەکان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بخوڵقێندرین'

کورکچو لە میانەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەبچێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادی کارەکانی بەڕێوە ببات و دەرفەت و ئیمکانی پەیوەندیکردن و ڕاگەیاندنی هەبێت و وتی: "عەبدوڵا ئۆجالان بەرپرسیارێتی ئەم پرۆسەیەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە. بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی و کاریگەر بەڕێوەبچێت، دەبێت سەبارەت بە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالان هەندێک سەرڕاستکردنەوە بکرێت، ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی عەبدوڵا ئۆجالانە، بۆیە دەبێت هەلومەرج و دەرفەتەکانی کارکردنی بۆ بەڕێزی بخوڵقێندرێت، هەتا بارودۆخی ئێستا بەم شێوەیە بمێنێتەوە ئەو بەرەو پشچوونەی کە پێویستە ئەنجام بدرێت بە هۆی بارودۆخی گۆشەگیرییەوە سنووردار دەبێت و ناکرێت. ئەرکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چەکدانانی پەکەکە هێشتا تەواو نەبووە، ئەمە تەنها دەستی پێکردووە بۆ ئەوەی بتوانێت پروسەکە باشتر بەڕێوەببات دەبێت دەرفەتی کارکردن بخوڵقێندریت.

تەنانەت ئەگەر عەبدوڵا ئۆجالان نەتوانێت لە زیندانی ئیمرالی ئازاد بکرێت، دەبێت ئاسانکاری ئەوەی بۆ بکرێت لە شوێنێ جیاوازدا لە دەرەوەی زیندان شوێنێکی بۆ دابین بکرێت کە بتوانێت دەرفەت کار و پەیوەندی بۆ بڕەخسێندرێت هەتا بتوانێت کۆبوونەوە و دانوستانەکان بەڕێوە ببات، ئەمە تەنها بە دەرفەتی جەستەیی نابێت. هەروەها دەبێت لەسەر بنەمای یاسایی وحقوقی دەرفەتی بۆ ئامادە بکرێت. لە دۆخێکی وەها پێویستی بە زانیاری نوێ هەیە، لەبەر ئەوەی مەحاڵە عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت بە تەنیا بە ئەزموونی خۆی پرۆسەکە بەڕێوە ببات هەروەها دەبێت درفەتەکانی پەیوەندیکردن و ڕاگەیاندن کراوەبن بۆ ئەوەی زانیاری بگۆڕدرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان زۆر گرنگە.

'سەبارەت بە پەکەکە پێویست بە هەموارکردنەوەی یاسایی هەیە'

ئەوانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی پەکەکەدا دەستگیرکراون، هێشتا پروسەی دادگایی کردنیان بەردەوامە، ئازاد بکرێن و دادگاییکردنەکانی سەبارەت بە پەکەکە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەریدا هەموارکردنەوی یاسایی بۆ بکرێن و هەموو دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە پەکەکە لاببرێن. ئەمە هەنگاوێکی گرینگ و پێویستە کە دەبێت بۆ دڵنیابوون لە ڕاستگۆیی و دادپەروەری بۆ بە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بنرێت. ئەگەر 'ڕێکخستنێک' نەمێنێت، ئەوا ئەوانەی تۆمەتبارن بە 'بە بیانووی ئەندامبوون لە ڕێکخستن' دەبێت ئازاد بکرێن. بە دەیان هەزار کەس کە بەهۆی ئەندامێتی لە ڕێکخستندا دادگایی کراون، دەبێ لەو تاوانانە دوور بخرێنەوە و بێتاوان و ئازاد بکرێن. ئەگەر بانگەوازییەکەی ئۆجالان ئەنجامێکی کردەیی بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە پرۆسەیەکی نوێ، گۆڕانکاریی بۆ زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان دێتەپێشەوە و لە سەرکەوتنی پرۆسەکەدا زۆر کاریگەر دەبێت.

ئەم پرۆسەیە وەک پێش و دوای بانگەوازییەکەی ئۆجالان دەبێ بە گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لەبەر چاو بگیردرێت. هەروەها بۆ ئەوەی پرۆسەکە شکست نەهێنێت، دەبێت دەستبەجێ ئەنجامی بەرچاو ببینرێت. تەنها بەم شێوەیە دەکرێت پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلی کورد بە هێزتر بکرێت و متمانە و بڕوا بە پرۆسەکە بخوڵقێندرێت.

ئایا ئەم پرۆسەیە هیچ قازانج بەدەست دەهێنێت یان نا، بە تەواوی گرێدراوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ گەل و گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی ژیانی گەلەوە. قبوڵکراو نییە حکومەت پرۆسەی یەکلاکردنەوە بکاتە ئامرازێک بۆ موزایەدە بە زیانی گەل. هەوڵێکی سیاسی جددی پێویستە بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی بەرچاو لە پرۆسەکە. پێش هەموو شتێک دەبێت دەرفەتی سیاسی بۆ ئۆجالان بکرێتەوە و ئازادکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەکەکە دادگایی دەکرێن مسۆگەر بکرێت. هەروەها پێویستە دۆسیەکان بوەستێنرێن و دۆسیەی نوێی لەوبارەوە نەکرێنەوە.

بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە تەواوی ئەم پرۆسەیە لە لایەن ئەردۆغانەوە بەڕێوە دەچێت. باخچەلی دەسەڵاتی بڕیاردانی ڕاستەوخۆی نییە. دەسەڵاتی فەرمان بە داواکاری گشتی، پارێزگارەکان، یان وەزارەتی داد هەموو لە دەستی ئەردۆغان و ئاکەپەدایە. بەڵام تا ئێستا ئەردۆغان هیچ ئیرادەیەکی لەم بارەیەوە نیشان نەداوە."

'زمانی میدیاکانیش پێویستە گۆڕانکاریان بەسەردا بێت'

ئەرتوغروڵ کورکجو ئاماژەی بەوەدا کە زمانی ڕاگەیاندن لە تورکیا کە گرێدراوی هێڵی پەخشی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت و حکومەتە، لە پرسی ڕاست نیشاندانی وردی پرۆسەکە کەمکاری دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت ئەم ڕەوشە گۆرانکاری بەسەردا بێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی و سەرکەوتوو بەرەوپێش بچێت.