نامیلکەی نەمرانی شۆڕشی ژن، ژیان،ئازادی بڵاوکرایەوە

کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکانی کەژار بۆ بەرزراگرتنی یادی شەهیدانی سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نامیلکەی 'نەمرانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی'ی بڵاوکردەوە.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) رایگەیاند، کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکانیان لە چوارەم مانگی شۆڕشت ژن، ژیان،ئازادیدا بە ئەرکی خۆی زانیوە کە بۆ پارێزگاری و بە زیندوویی راگرتنی ناو و یادی شەهیدانی شۆڕش نامیلکەی 'نەمرانی شۆڕشی ژن، ژئان، ئازادی' ئامادە بکات.

لەراگەیەندراوی کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکانی کەژاردا هاتووە: "لە نامیلکەی پێشووی کە لە ژێر ناونیشانی 'نەمرانی شۆڕشێک' بڵاوکرابووە، جیا لە ناوی شەهیدانی ٦٠ رۆژی سەرەتای سەرهەڵدانەکە، ئاوڕ لە رەهەندی مێژوویی پرسی خۆڕاگری و بەرخودانی مێژوویی سەرجەم گەلان درابووەوە. هەروەها باس لە شەهیدبوونی ژنان و پیاوانێک کرا کە بوونە پێشەنگی قۆناغی شۆڕش و بە هەرمانی و نەمری ماونەتەوە. ئەو ژن و پیاوانەی بوونە مایەی بەردەوامبوونی شۆڕشەکە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە نامیلکەی "نەمرانی شۆڕشی ژن، ژیان،ئازادی" لە هەمان چوارچێوەدا ئامادە کراوە. تیایدا جیا لە خستنەڕووی ناوی شەهیدانی شۆڕش، باس لە هۆکاری بە زیندوویی مانەوەی ئەم شۆڕشە، دوورنما و پارێزگاری لە شۆرشەکە کراوە".

کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکانی کەژار راشیگەیاندووە: "بێگومان شۆڕشی ئێستا بە ئامانجی بونیادنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک، هاتووتە ئاراوە و لەم نامیلکەیەدا باسیش لە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە ئێران کراوە کە وەک رێکاری بنچینەیی و جێگرەوەی ئەڵترناتیڤی گونجاو، مزگێنیدەری داهاتوویەکی ئازادە".

لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە: "ئامادەکردنی نامیلکەی ' نەمرانی شۆڕشێک' و هەروەها ئەم نامیلکەی ئێستاش، هەنگاوێکی زۆر بچووکە لە پێناو رێزلێنان لە یاد و بیرەوەری شەهیدانی ئەم چوار مانگە. هیوادارین کە توانیبێتمان لە بوارەدا هەنگاوێکمان نابێت هەرچەندە بچوکیش بێت".

بۆ وەرگرتنی نامیلکەکە لێرە کلیک بکەن.

هـ . ب