ناسنامەی ٣٢ قوربانی گوندی کۆچۆ ڕاگەیاندرا

وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان و تیمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ناسنامەی٣٢ قوربانی گوندی کۆچۆیان ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعشدا کۆمەڵکوژ کران و ڕاگەیەندرا کە بەم نزیکانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێنەوە.

گۆڕی بە کۆمەڵ

لە شەنگال نزیکەی ١٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە و لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تەنها ٥٤  لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە. لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا ڕوفاتی زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەرهێندراون کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی چەتەکانی داعش کۆمەڵکوژ کوژران. تا ئێستا ئێسک و پروسکی  ٢٧٤ لە قوربانیەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە و ئەوانی دیکەش هێشتا لە سەنتەری پزیشکی دادوەری بەغدادن.

ئەمڕۆ تیمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێایدا ناسنامەی ٣٢ قوربانیی هێڕشەکەی ساڵی ٢٠١٤یان  ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی کەسە کوژراوەکان خەڵکی گوندی کۆچۆی سەر بە شەنگالن و لە ماوەیەکی کورتدا ڕوفاتی قوربانییەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێتەوە.

جێی ئاماژەیە پێشتر پزیشکی دادوەری عێراق بە کیسە ڕوفاتی قوربانیانی گوندی کۆچۆی گەیاندبووەوە دەستی بنەماڵەکانیان.

لە کۆچۆ چی ڕوویدا بوو؟

گوندی کۆچۆ دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شەنگال و لەسەر سنووری عەرەبەکانە، لە کاتی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر شەنگال، کۆچۆ بەهۆی دوورە دەستە لە شاخەکانەوە بە ئاسانی لە لایەن چەتەکانی داعشەوە دەور پێچکرا. لە١٥ی ئابی هەمان ساڵدا چەتەکان بە هەموو دڕندەییەکانیانەوە هێرشیان کردە سەر خەڵکی کۆچۆ و هەموو پیاوانی گوندەکەیان کوشت و کچ و ژنیان ڕفاند و تا ئەمڕۆش چارەنووسی بەسەدان کەسیان نادیارە. زۆرێک لەو کچ و ژنانەی خەڵکی گوندی کۆچۆ لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە و یەپەژە لە کاتی جیاوازدا ڕزگارکران و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە.