نەبوونی ماڵی داڵدەدان (شەڵتەر) ژنانی ناچارکردووە پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن
ژنانی چالاكوانان لە شاری كەركوك، بۆ پاراستنی ژنان لەتوندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن داوای دروستکردنی ماڵی داڵدەدان (شەڵتەر) دەکەن.
ژنانی چالاكوانان لە شاری كەركوك، بۆ پاراستنی ژنان لەتوندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن داوای دروستکردنی ماڵی داڵدەدان (شەڵتەر) دەکەن.
لە شاری كەركوك تا ئێستا ماڵی داڵدەدان (شەڵتەر)ی ژنان بوونی نییە، نەبوونی ماڵ بۆ داڵدەدانی ژنان (شەڵتەر) لە کەرکوک ژنانی بێ پەناگە کردووە بەرامبەر ئەو توندوتیژییەی دژیان دەکرێت ژنان پەنا دەبەنە بەرخۆکوشتن، ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن و توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە ڕەوانەی شێڵتەرەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێن بەهۆی نەبوونی شەڵتەر لەشارەکەی خۆیان، نەبوونی شێڵتەر ترسی لای ڕێكخراوەكانیش دروستكردووە، چونكە زۆر جار ڕێكخراوەكان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە بەهۆی داڵدەدانی ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.
توندوتیژی دژی ژنان بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپ هەنگاو دەنێت
سرود محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمەڵەی (هیوای عیراقی)، دەربارەی پێویستی شاری کەرکوک بۆ شێڵتەر بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF) ڕاگەیاند: " نەبوونی لانەی ئارام لەشاری کەرکوکدا وایکردووە کە کەیسەکانی توندوتیژی زیاتربێت و بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپ هەنگاو دەنێت و نەبوونی پەناگە(شەڵتەر) بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی کوشتن و خۆکوشتن زیاد بێت، لەئیستاشدا بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، دادوەر ئەو ژنانە بۆ زیندانی(تەسفیرات)ی کەرکوک دەگوازنەوە کە ئەمەش وادەکات لەبری پاراست مافی ئەو ژنانە زیاتر پێشەڵ بکرێت."
ژنانی هەڵهاتوو لەلایەن باندی تایبەت ڕاودەکرێن بۆ لەشفرۆشی
هەروەها دەربارەی ئەو مەترسیانەی ژنان قوربانی توندوتیژی ڕووبەڕووی دەبنەوە، سرود محەمەد، ڕایگەیاند: " بەهۆی نەبوونی شەڵتەر لە خواری عێراق، ژنان بەهۆی توندوتیژییەوە هەڵدێن و دێنە شاری کەرکوک بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بگەیننە شەڵتەرەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگەیان پێ نادرێت دەرباز بن، لەشاری کەرکوک لەسەر شەقامەکان دەمینێنەوە و لە شاری کەرکوک ئەو ژنە هەڵهاتووانە دەکەونە داوی باندی تایبەت بە لەشفرۆشی و سواڵکردن کە لەشاری کەرکوک باندی زۆر گەورە هەن کە ژنان بەکارهێنانیان، بەڵام لە ئەگەری بوونی شەڵتەر لەم شارە دەتوانین ئەو ژنانە بپارێزین لە ڕاوکردنیان لەلایەن ئەو باندانەوە" .
عەقلیەتی ئیدارەی ئیستای شاری کەرکوک باوەری بە مافی ژنان نیە
سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ دروستکرنی پەناگە(شەڵتەر) بۆ ژنان لە کەرکوک، ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی هیوای عیراقی وتی: " سالانێکی زۆرە ئێمە هەوڵدەدەین (شەڵتەرێک) دروست بکەین لەم شارەدا، لەسەردەمی پارێزگاری پێشووی کەرکوک( دکتۆر نەجمەدین) کە ڕازامەندی دەربڕی کە لەبری شەلتەرێک دوو شەڵتەرمان بۆ دروست بکات چونکە ئاگاداری خراپی دۆخی ژنان بوو لەشارەکە،
هەروەها سرود ئەحمەد ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و وتی، زۆر داوامان کرد لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد ئەو کاتەی دەسەڵاتداربوون لەم شارەکە کە شەڵتەرێکمان بۆ دروست بکەن بۆئەوەی ژنان لە کۆشتن و کەوتنە داوی باندەکان بپارێزین، بەڵام بەداخەوە گوێیان نەدایە داواکارییەکانمان، عەقلیەتی ئیدارەی ئیستای شاری کەرکوک هیچ باوەری بە مافی ژنان نیە و پییوایە کە شەڵتەر شوێنێکە بۆ ئەوەی ژنان کاری خراپی تێدا ئەنجام بدەن، لەئیستادا لەژیر فشاری نەتەوە یەکگرتووەکان پلان هەیە لەم مانگەدا شەڵتەرێک لەشاری کەرکوک بکەنەوە ".
بوونی شەڵتەر رێژەی توندوتیری کەم دەکاتەوە
هەروەها سەبارەت بەکاریگەری کردنەوەی شەڵتەر لەسەر رێژەی توندوتیژی دژی ژنان، سرود محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمەڵەی هیوای عێراقی، وتی: " داواکارین لە پەرلەمانی عیراق یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی پەسەند بکات، چونکە لە برگەکانی ئەو یاسایە باس لە بوونی (شەڵتەر) لانەی ئارام بۆ ژنان کراوە، کاتێک ژنان دەزانن کە لانەیەکی ئارام هەیە بۆ پاراستنیان کە کەسانی شارەزای تێدایە لەلایەنی دەرونی، یاسایی و کۆمەڵایەتی کە دەتوانن یارمەتیان بدەن، و بوونی ئەو شەڵتەرە ڕەنگادانەوەی جوانی دەبێت لەسەر شارەکە کە رێژەی توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان کەم دەبێتەوە"
زیادبوونی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان ڕەنگداانەوەی کۆمەڵگایە
سەبارەت بە ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان، سرود محەمەد، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " ڕێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادبووە، ئەم زیادبوونەش لە رێژەی توندوتیژی دژی ژنان ڕەنگادانەوەی کۆمەلگایە کە لەئیستادا عەقلیەتی باوەرنەبوون بە مافی ژنان زاڵە لە کۆمەلگا و گەندەڵی و بڵابوونەوەی رێژەیەکی زۆر چەک لە کۆمەلگادا و ....هتد، ئەم هۆکارانەش وایکردووە کە مافی ژنان زیاتر پێشەڵ بکرێت.
ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی مافی ژنان داوامان کردووە کە خولی تایبەت بۆ بەرپرسان و دادوەرانی شارەکە بکرێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر تێبگەن لە کێشەکانی ژنان."
زاڵبوونی عەقلیەتی پیاوسالارییە هۆکاری سەرەکی زیابوونی توندوتیژی دژی ژنانە
رۆشنا شوان توێژەرێکی کۆمەڵایەتیە، دەربارەی بەدیاردەبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: " لەئیستادا رێژەی توندوتیژی و کوشتن و خۆ کوشتنی ژنان لە رووداوەوە گۆڕاوە بۆ دیارەیەکی رۆژانە، زیادبوونی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان بەم رێژە مەترسیدارە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە بریتین لە ناتەندروستی پەروەردەی خێزانی و بڵاوبوونەوەی چەک لە کۆمەلگا بەرێژەیەکی مەترسیدار، هەروەها هۆکاری هەرە سەرەکی بۆ زیابوونی توندوتیژی دژی ژنان زاڵبوونی عەقلیەتی پیاوسالارییە لە کۆمەلگادا" .
شوێنێک نیە ژنان پەنای بۆ بەرن
هەروەها رۆشنا شوان دەربارەی ئەو ئاستەنگایەنی ڕووبەروویان دەبنەوە وەکو چالاکوانی بواری ژنان رایگەیاند: " یەکێک لەئاستەنگە هەرە گەورەکان لەبەرامبەرمان وەکو ڕێکخراوەکانی مافی ژنان نەبوونی پەناگەیە(شەڵتەر)، کاتێک ژنان لە کۆمەڵگا توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت یان لەلایەن کۆمەڵگاوە قببوول ناکرێن یان لەلایەن خێزانەکانیانەوە ڕەت دەکرێنەوە، شوێنێک نیە ژنان پەنای بۆ بەرن بۆیە پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن یان لەزیندانەکان دەمێننەوە بۆ پاراستنی ژیانیان کە مانەوەی ئەو ژنانە لەزیندان و تێکەڵ بوونیان لەگەڵ کەسانی تاونبار کاریگەری لەسەر دەرونی ئەو ژنە دەبێت" .
بوونی پەناگە هۆکارە بۆ کەم کردنەوەی رێژەی توندوتیژی
لەکۆتایی قسەکانیدا ڕۆشنا شوان وتی: "بەهۆی پەسەندنەکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ڕیکخراوەکان ناتوانن ژنان لەلای خۆیان بپارێزن ، بەڵام لەئەگەری بوونی پەناگە(شەڵتەر) ڕێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بەشیوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە" .
دادوەرەکانیش نازانن لە کۆێ ئەو ژنانە داڵدەدە بدەن
چیمەن ئەحمەد پارێزەرێکە کە کار لە بواری پاراستنی ژنان دەکات، دەربارەی گرنگی شەڵتەر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " من وەکو پارێزەرێک و چالاکوانێکی بواری ژنان بوونی شەڵتەر بە گرنگ دەزانم، چونکە کاتێک ژنێک هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرێت تەنانەت دادوەرەکانیش نازانن لە کۆێ ئەو ژنانە داڵدەدە بدەن بۆ پاراستنی ژیانیان، نەبوونی شەڵتەریش دەگەڕێتەوە بۆ پەسەندنەکردنی یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی. بەداخەوە بەهۆی نەبوونی شەڵتەر کاتێک ژنێک هەڕەشەی لێدەکرێت دادگا ئەو ژنە دەگوازێتەوە بۆ بەندینخانە کە ئەوەش جۆرێکە لە توندوتیژی دژی ئەو ژنە کە لەکاتێكدا تاوانی نەکردووە ."
ژنانی پەرلەمانتار ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکردووە وەکو ژنێک
لە کۆتایدا سەبارەت بەهۆکاری پەسەندنەکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد: "چەندین ساڵە هەوڵدەدەین یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزانی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت بەڵام بەداخەوە پەسەند نەکراوە، هۆکاری پەسەندنەکردنی ئەو یاسایە دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی وەکو زاڵبوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری لەکۆمەڵگادا و هەروەها ژنانی پەرلەمانتار وەکو ژن هەلنەساون بە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان، هەروەها لە کۆمەڵگادا خوێندنەوەیەکی دروست نەکراوە بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ، لەکاتیكدا ئەم یاسایە تەنها ژنان ناپارێزت بەڵکو منداڵ و تەواوی تاکەکانی خێزانی کۆمەڵگا دەپارێزێت، لەم کۆمەڵگایەدا گرنگیەکی زۆر نەدراوە بەخێزان لەکاتێکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا سەرەتا دەبێت لە خێزانەوە دەستپێبکەین چونکە خێزان بناغەی کۆمەڵگایە."
ف.ق