نوێنەرایەتیی بەڕێوبەریی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا: شەڕڤانان هەموو جیهانیان پاراست

نوێنەرایەتیی بەڕێوبەریی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشوری کوردستان لە ٨هەمین ساڵیادی ١ی نۆڤەمبەر  ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ باسیان لە هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا و بێدەنگیی نێونەتەوەیی و هێزە گارانتیکارەکان کرد.

نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان لە بارەگای خۆی لە شاری سلێمانی بە بۆنەی ١ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی کۆبانێ لە ڕاگەیاندراوێکدا تیشکی خستە سەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ڕاگەیاندراوی نوێنەرایەتییەکە لەلایەن فەتحوڵا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاو خوێندرایەوە.

حوسەینی وتی، ئەو بەرخۆدانە، کە شەڕڤانانی کورد لە یەپەگە و یەپەژە دا کردیان بوو بە بەرخۆدانێکی جیهانی و وتیشی: "تێکشکاندنی داعش بۆ تورکیا زۆر قورسبوو، بۆیە چەتەکان جارێکیتر بە هاوکاریی تورکیا هێنرانەوە بۆ ناوچەکە. بەرخۆدانی شەڕڤانان لە سەر زەوی لە باغۆز بە پێشەنگایەتی شەڕڤانانی قەسەدە و بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان، بووە هۆی تێکشکاندنی داعش".

فەتحوڵا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راشیگەیاند، دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨دا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە گەلی کورد هێرشی کردە سەر عەفرین و لە ساڵی ٢٠١٩دا هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێسپی و داگیری کردن.

حوسەینی ئاماژەی بەوەدا، دەیانەوێت ئەم یادە بکەنە دەرفەتێک بۆ ئەوەی سیستمی ئێستای خۆبەڕێوەبەری هەمیشەیی بێت و وتی: "ئێستا زۆرێک لەحزبەکان و هەندێک لایەنی کوردی نایانەوێت ئەوە بەدی بێت و لە ناوەوە و دەرەوە دوژمنایەتیی ئەو پرۆژەیە دەکەن".

فەتحوڵا حوسەینی لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی لەو پێشێلکارییە دژ بە مرۆڤایەتییانە کرا، کە لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێن.

حوسێن ئاماژەی بەوشەدا، گەڕانەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١ قبوڵناکرێت و کەسیش قبوڵی ناکات و وتی، "پڕۆژەی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەریی ئێمە پڕۆژەیەکی نوێیە و چارەسەرە بۆ هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە. پێویستە سوریا متمانەی بە کورد و هێزەکانی قەسەدە هەبێت".

حوسەینی لە کۆتایی دا ڕایگەیاند، ئەوانەی داعشیان تێکشکاندووە بە بەر چاوی هێزە نێونەتەوەییەکانەوە دەکرێنە ئامانج و ڕاشیگەیاند: "پێویستە پشتگیری لە بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر و ئەو هێزانە بکرێت، کە داعشیان تێکشکاندووە، چونکا ئەو شەڕڤانانە، کە داعشیان تێکشکاند، بە بەرخودانەکەیان هەموو مرۆڤایەتییان پاراست".

ژ.ت