نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق: سەقامگیری و ئاشتەوایی دەگەرێنینەوە بۆ کەرکوک

نوێنەری سەرۆک کۆمار دەربارەی خۆپیشاندانەکانی کەرکوک، گوتی: "پێویستە جارێکی دیکە ڕووداوی دڵتەزێنی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و سەقامگیری و ئاشتەوایی بچەسپێت لە کەرکوک".

نیوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە، لە مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ١٨ پارت و لایەنی کوردستانی شارەکە، عەزیز نەجید نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست سەبارەت بە سەردانەکی وەکو نوێنەری دکتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ تاوتوێ کردنی پێشهاتەکانی دواین خۆپیشاندانی شارەکە کە لە ئەنجامدا ٣ گەنجی کوردی شارەکە شەهید بوون و ١٥ی دیکە برینداربوون و جگە لە دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری گەنجانی کوردی شارەکە و بڵاوبوونەوەی سەربازانی هێزی تایبەت و سوپای عێراق لە گەرەکە کوردییەکان.

سەرۆک کۆمار بەوردی چاودێری دۆخی کەرکوک دەکات

سەبارەت بە دۆخی کەرکوک دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کورد و شەهید بوون و برینداربوونی گەنجانی کوردی شارەکە، عەزیز مەجید نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند: "هاوخەمی و سەرەخۆشی فەخامەتی سەرۆک کۆماری عێراق بە بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەی پارێزگای کەرکوک ڕادەگەینین، وە هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، دیارە دکتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار وەکو رۆڵ و پێگە و دەسەڵاتی خۆی زۆر بەوردی چاودێری دۆخی شاری کەرکوک دەکات".

ڕووداوی دڵتەزێنی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە

هەروەها عەزیز مەجید سەبارەت بە ڕێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی دڵتەزینی لەو شێوەیە کە گەنجانی کورد تیدا بوونە قوربانی، ووتی: "منیش ئەمرۆ وەکو نوێنەری فەخامەتی سەرۆک کۆمار هاتوومەتە شاری کەرکوک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەل بەرپرسە باڵا و سیاسییەکانی شاری کەرکوک بۆ ئەوەی لەنزیکەوە هۆکاری ئەو ڕووداوانە بزانین، وە چی بکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕووداوی دڵتەزێنی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە وە سەقامگیری و ئاشتەوایی بگەڕێتەوە شاری کەرکوک".

ئارامی و ئاشتەوایی زیاتر لە کەرکوک دەچەسپێنین

لە کۆتایدا عەزیز مەجید نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق، باسی بەردەوامی هەواڵەکانی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک و چەسپاندنی ئاشتی لە شارەکە و ئاشکرای کرد: "بۆ جێگربوونی ئارامی و ئاشتەوایی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق فەخامەتی سەرۆک کۆمار هەموو تواناکانی خۆی دەکاتە گەر بەتایبەتی بۆ شاری کەرکوک، بەدڵنیایەوە لە کۆبوونەوەکانی هەفتەی ئایندەدا رۆڵی سەرەکی دەبێت لە جێبەجێ کردنی ئەو بڕگانەی دەبنە هۆی چەسپاندنی ئارامی و ئاشتەوایی زیاتر لە پارێزگای کەرکوک، ئەمرۆ کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێت لەگەل سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی دیکەی شاری کەرکوک".