پادێ بانگەوازێکی ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری عێراق کرد

پادێ داوای لە ئەنجومەنی دادوەری عێراق کرد، پێداچوونەوە بە بریارەکانی پەیوەست بەوان بکات و رایگەیاند کە هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارە چڕدەکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پادێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوای پێداچوونەوەی بە بڕیاری داخستنی حزبەکەیان کرد و ڕاگەیەندرا، حزبەکەیان بەپێی یاساکانی عێراق دامەزراوە و کاری کردوە، پێویستە ئەنجوومەنی دادوەری پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکات، دەشڵێن، لە هەموو شوێنە پەیوەندیدارەکان تانە لە بڕیارەکە دەدەین و بەڵگەی پێویست دەخەینەڕوو.

دوێنێ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى سێ حزبی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، هەریەك لە (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی) هەڵدەوەشێنەوە.

لە دوای بڕیارەکە مەکتەبی سیاسی پادێ هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دادوەری ڕاگەیاند و لە ناوەندی سەرەکی پادێ لە سنۆنێ لە شنگال کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی عەرەبی لەلایەن سلێمان حاجی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نوێنەری پادێوە خوێندرایەوە.

سلێمان حاجی لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند، ئێمە بە ناوی گەلی ئێزدی و جەماوەری پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی- پادێ داواتان لێدەکەین کە بەشێوەیەکی بەرفراوان سەیری ئەم بڕیارە بکەن، لەبەرئەوەی حزبەکە بەپێی مۆڵەتی ژمارە ٤٠ دامەزرێندراوە، ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن دەزگای پارتە سیاسییەکانی عێراقەوە بە پێی یاسا و ڕێساکانی دامەزراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پارتەکەمان سێ جار بەشداری هەڵبژاردنی کردووە، حزبەکەمان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ چالاکی کردووە و هیچ کارێکی نایاسای ئەم حزبە تۆمار نەکراوە، سەرجەم بەڕێوەبەر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون.

وتیشی، بڕیارەکە لە دوای هاتنی ئەردۆغانەوە دراوە، بۆچی لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی گەلەکەماندا بڕیارێکی لەو شێوەیە دەدرێت؟ ئێوە چۆن لە هەستی برینداری گەلەکەمان دەڕوانن، ئیمە بە رەنجی خۆمان و هاوکاری کۆمەڵگەی ئێزدی لە دەرەوەی وڵات کارەکانمان بەڕێوە دەبەین.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پادێ ڕاشیگەیاند، هەموو بەڵگەیەکی پێویست دەخەینە بەردەم دادگا پەیوەندیدارەکان کە هیچ پەیوەندییەکمان بە هیچ لایەنێکەوە نییە، هیوادارین یاسا سەروەربێت و پێویستە ئەوە بزانرێت کە ئەم حزبە هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی وڵات درووست ناکات.