داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بە هاوکاری پەدەکە بەردەوامە، ئەمەش بووە بە هۆکاری نیگەرانی گەل بە گشتی چینی ڕۆشنبیران بە تایبەت، سەبارەت بە بەرفراوانبوونی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەر یەک لە نوسەران؛ پەروێزهوما و هاوکارنەسرەدین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF)) قسەیان کرد.
'تورکیا ڕێکەوتنی لەگەڵ لایەنێکی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە'
نوسەر پەروێزهوما باسی لەوە کرد ئەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک لە مێژوودا نوێ نیە، وە لە ڕووی سەربازییشەوە شکستی هێناوە و بۆیە پەنای بردووەتە بەر هاوکاری لایەنێکی سیاسی باشووری کوردستان و گوتی: "لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ڕێکەوتنی لەگەڵ تورکیا ئەنجامداوە، پێمان خۆشە بزانین ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ داگیرکەر ئەنجام دراوە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت کە بزانین چ سودێکی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، جگە لە ماڵوێرانی بۆ گەل؟ ئەمە نیشانەی پرسیارە لەسەر ئەو لایەنە سیاسیەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە کە بووە بە ڕێگە خۆشکەر بۆ سوپای تورکیا. ئەمەش بووە بەهۆکاری ئەوەی گوندنشیانەکان گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن. چۆڵکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و گوندەکان و هاتن بەرەو شارەکان بە مانای بچووکبوونەوەی جوگرافیای کوردستان دێت و فراونبوونی دەسەڵاتی داگیرکەر دێت. ئەوەی جێگەی نیگەرانی گەل و ڕۆشنبیر، نوسەرانە؛ ئامانجی تورکیایە کە بە ئاشکرایە دەیەوێت خەلافەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە."
پەروێزهوما لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد پێویستە ڕۆشنبیران و نوسەران فشار لەو لایەنە سیاسییە بکەن و ڕێگەی بۆ دابنرێت و وتی: "مادام لایەنێکی سیاسی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ڕێکەوتن ئەنجام بدات با لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ لایەن سیاسییەکانی باکووری کوردستان ڕێکەوێت کە ئەنجامێکی مەزن و بەرژەوندییەکی زۆر باشی بۆ هەرێمی کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت، چونکە ئەوان سیاسەتێکی حەکیمانە پەیڕەو دەکەن."
'دەوڵەتی تورکیا چەکی قەدەغە کراو لە دژی کورد بە کاردێنێت'
هەر سەبارەت بە پرسی داگیرکاری نوسەر هاوکار نەسرەدین نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر داگیرکارییەکان دەربڕی، نوسەر لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، خەلافەتی عوسمانی هەڵدەوەشێتەوە و کۆمەڵێک دەوڵەت دروست دەبن یەکێک لەو دەوڵەتانە تورکیای نوێیە، ئەم دەوڵەتە درێژرەپێدەری سیاسەتی تواندنەوەی کلتورییە بەرامبەر بە گەلی کورد و وتی: " ئەم دەوڵەتەش هاوشێوەی خەلافەتی عوسمانی داگیرکەرە و هەوڵی لە ناوبردنی کەمە نەتەوە و پێکهاتەکانی داوە و یەکێک لەو نەتەوانەی کە بە درێژای مێژوو چەوسێنراوەتەوە لە لایەن داگیرکەرانەوە کوردە و دابەشکراوە بەسەر چوار پارچەدا و یەکێک لەوانەش تورکیایە. دەوڵەتی تورکی هیچکات ڕێزی لە کلتوور و زمان و مرۆڤی کورد نەگرتووە و بە درێژایی مێژوو کوردی چەوساندۆتەوە. گەر تەماشای دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا بکەین تەنها لە ناخۆی تورکیادا چەوسانەوە نیە و بەڵکو لە هەموو شوێنک ئەو دژی کوردە، گەر تێبینی ئەوە بکەین دەوڵەتی تورکی بە هەموو هێزی خۆی و بەچەکی قەدەغەکراو هێرشی کردە سەر کوردانی سوریا. هەروەها چەکی قەدەغە کراویشی لە قەندیل بەکارهێناوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا هاوکار نەسرەدین پەیامی بۆ نوسەر و ڕۆشنبیران نارد کە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بووەستنەوە و وتی: " هەندێک پارتی سیاسی نەک بێدەنگە بەڵکو بووە بە چاوساغی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. دەوڵەتی تورک نەک دژی مرۆڤ بەڵکو دژی ژینگە و ژیانە، ئەوە ئەرکی هەموومانە لە بەرامبەر ئەم کارە قێزەوەنەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەڵوێستمان هەبێت.