پارتی چەپی سەوز لە سەمسور متمانەی بە خۆی هەیە
بەکر گوربوز هاوسەرۆکی هەدەپە لە سەمسور ڕایگەیاند، بە خێراییەکی زۆر هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز بەڕێوەدەچێت و ڕاشیگەیاند، لە سەمسور متمانەیان بە خۆیان هەیە.
بەکر گوربوز هاوسەرۆکی هەدەپە لە سەمسور ڕایگەیاند، بە خێراییەکی زۆر هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز بەڕێوەدەچێت و ڕاشیگەیاند، لە سەمسور متمانەیان بە خۆیان هەیە.
بەکر گوربوز هاوسەرۆکی هەدەپە لە شاری سەمسور رایگەیاند، خەڵکی سەمسور ئەوەیان لەبیر نەکردووە، کە لە بوومەلەرزەکەدا ڕوویدا و وتی، ئەوان ئەو وێرانکارییە ڕوون دەکەنەوە، کە دەسەڵاتداران هۆکاری ڕوودانەکەی بوون.
پارتی چەپی سەوز بەردەوامە لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی بوومەلەرزەلێدراوەکاندا. سەمسور بە بەهێزی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان ئاماده دەکات. بەکر گوربوز هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری سەمسور لەبارەی کارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەمسوور بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
گوربوز ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی چەپی سەوز لەسەر بنەمای نەریتێک بووەتە خاوەنی ناسنامە. بەپێی تایبەتمەندیەکەی خۆی خاوەنی پرستیژ و کولتورێکە و وتی، کۆمەڵگاش ئەم ڕاستییەی قبوڵ کردووە. گوربوز وتیشی، بەهۆی ئەوەی دەسەڵات دیموکراسیی ئاوەژوو کردووە دۆزی داخستنی حیزبەکەیان بەردەوامە، لەبەر ئەوەش لەژێر چەتری پارتی چەپی سەوز دا بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
ئێمە لە پاڵ گەلەکەماندا ڕاوەستاوین
گوربوز ئاماژەی بەوەشکردووە، سەمسور شاری بوومەلەرزەیە و دەڵێت: "دەسەڵاتداران بۆخۆیان دانیان بەوەدا نا، کە لە کاتی خۆیدا دەستێوەردانیان نەکردووە و وەک ئەوەی سەمسوریان سزا دابێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە وەک پارتی سیاسی و پێکهاتەکانی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی لە سەمسور، لە ڕۆژی دووەمەوە لە پاڵ گەلەکەمانداین. ئێمە برینەکانیانمان ساڕێژ کرد، ئەوەی لە تواناماندا بوو کردمان بۆ ئەوەی بە برسێتی لە دەرەوە نەمێینەوە، ئەوە کارێکی باش بوو. ئێمە لەگەڵ گەلەکەی خۆماندا بووین، کۆمەڵگاش زیاتر بە ڕوونی هەستی بەوە کرد. ئەمەش بۆ ئێمە بووە پردێکی باش. ئێمە ئەمڕۆ کاتێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەچینە دەرەوە و دەچینە گۆڕەپان و شەقامەکان، باسی ئەو وێرانکارییە دەکەین، کە دەسەڵات دروستی کردووە."
گوربوز ڕاشیگەیاند، خەڵکی سەمسور تامەزرۆی وڵاتێکی خاوەن دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، کە تێیدا هەموو کەسێک بتوانێت بە ئازادی گوزارشت لە خۆی بکات، لە ماڵ و شاری ئارام و پارێزراودا بژین و وتی، "ئێمە لەگەڵ سەرۆک و بەڕێوەبەرایەتییە ناوخۆییەکانمان بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشانمان لە دژی بەربەستەکان، دەستگیرکردن و زیندانیکردنەکان و گوشارەکان،. ئێمە لە دوای ١٤ی ئایار دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەین. دەبێت بەیانیی ١٥ی ئایار ئەم وڵاتە لە ڕۆژێکی نوێدا بەئاگا بێت و ئێمە ئامادەین لەو ڕۆژە نوێیەدا لەگەڵ گەلەکەمان وڵاتی خۆمان سەرلەنوێ بنیات بنێینەوە".
ژ.ت