پارتی ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەنگال

بەرپرسی ناوەندی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە)، داود جوندی دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێگەنادات ئاوارە ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە شەنگال، ئەوەش لەپێناو بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئاوارەکانی شەنگال لە ١٧ کەمپی پارێزگای دهۆک دەژین کە لەژێر دەسەڵاتی پەدەکەیە، بۆیە پەدەکە مانەوەیان بەکاردەهێنێت بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکان، ڕێگە بە گەڕانەوەیان نادات بۆ ناوچەکانی خۆیان، چونکە دۆسیەی ئاوارەکان و بەتایبەت ئێزیدییەکان وەک کارتێکی فشاری سیاسی دژی عێراق بەکاردەهێنێت.

خەڵکی شەنگال و موسڵ پاش هێرشی چەتەکانی داعش لە هاوینی ٢٠١٤، ئاوارە بوون. ئێستا نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئێزیدی لە ١٧ کەمپی ئاوارەی هەرێمی کوردستان دەژین، بەگوێرەی ئامارەکان، هێشتاش ٢٢٠ هەزار ئێزیدی لەم کەمپانە دەژین و پەدەکە مانەوەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاردەهێنێت.

بەرپرسی ناوەندی ڕێکخستنی شەنگالی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، داود جوندی لە لێدوانێک بۆ پێگەی حزبەکەی دەڵێت: «گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، مانای مایەپووچبوونی سیاسی و هەڵبژاردنە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە بۆتە بەربەست لەپێش گەڕانەوەیان، چونکە لەم هەڵبژاردنە دەنگەکانیان بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی کورسییە حزبییەکانی خۆی».

هەروەها گوتی: «ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان لەلایەن پارتییەوە، دەچێتە خزمەتی حزبەکەوە، چونکە ئەو هاوکارییانەی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی ناوەند و ئەمریکاوە بۆ ئاوارەکان ڕەوانە دەکرێت، حزبەکە دەستی بەسەردا دەگرێت».

وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق لە وتوێژێکی تەلەفزیۆنی دەڵێت: «هیچ دەسەڵاتێکمان نییە بەسەر کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین کارئاسانی بۆ ئەو خێزانانە بکاتەوە کە خوازیاری گەڕانەوەن بۆ ناوچەکانیان و هاوکارمان بن لە کۆتایی هێنان بە دۆسیەی کۆچ».

هەروەها ئیڤان فایەق داوا لە سەرۆکی پەدەکە مەسعود بارزانی دەکات، ڕێگە لە سەرپێچی ئەندامانی حزبەکەی بگرێت دژی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی هەولێر و دهۆک، دەڵێت: «بەرپرسی کەمپەکانی هەرێم وەزارەتی ناوخۆیە، ئیدارەی ناوخۆی کەمپەکان لەژێر دەستی ڕێکخراوی بارزانییە».

وەزیر دووپاتی کردەوە، چەندین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی باس لە سەرپێچییەکانی نێو کەمپی ئاوارەکان لە هەرێم دەکەن، هەروەها گوتی: «لە ٢٦ کەمپی نێو هەرێمدا، هێشتا یەک دانەشیان دانەخراوە».

ف.ق