پارێزه‌ر ته‌مور: ١١ی ته‌مووز بۆ هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسان گرنگه‌

پارێزه‌ ره‌سوڵ ته‌مور، سه‌رنجی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایی كردنی ١٥ ڕۆژنامه‌نووس له‌ باكووری كوردستان ڕاكێشا و وتی: "نه‌ته‌نیا بۆ ڕۆژنامه‌نووسانی كورد، به‌ڵكوو بۆ سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نووسان، ده‌بێته‌ بابه‌تێكی گرنگی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌".

ساڵی ڕابردوو له‌چوارچێوه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی جیاجیا، ٣٥ ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاری كورد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌، ده‌ستگیركران. له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ه‌وه‌، ١٦ ڕۆژنامه‌نووسی كورد له‌ زینداندان، هه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌فیه‌ ئاڵاگاش، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هه‌واڵی ژن نیوز له‌ دانیشتنی یه‌كه‌می دادگادا ئازاد كرا. ئه‌و ١٥ ڕۆژنامه‌نووسه‌شی، كه‌ له‌ زینداندا ماوه‌ن بڕیاره‌ ڕۆژی ١١ی ته‌مووز، یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایان له‌ دادگای ئامه‌د به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر ڕاگه‌یاندن

له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕه‌سوڵ ته‌مور، پارێزه‌ری ڕۆژنامه‌نووسان بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسه‌ی كرد و وتی: به‌هۆی پرسی گه‌رم و به‌ربڵاوی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ڕۆژنامه‌نووسان به‌ قوورسی كراونه‌ته‌ ئامانج. یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هێرش كردنه‌ سه‌ر ڕاگه‌یاندنی كوردی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بواره‌كانی جێگره‌وه‌ و ئه‌وه‌ی بتوانن رۆژەڤی سه‌ره‌كی جیاواز به‌رهه‌مبهێنن، نه‌هێڵدراون. هه‌وڵ ده‌دات ڕاگه‌یاندنی نیشتمانی به‌ چڕی یه‌كده‌ست بکات. به‌ڵام میدیایی كوردی له‌ دژی یه‌كده‌ستكردنی ڕاگه‌یاندن، هه‌میشه‌ خۆڕاگری كردووه‌. به‌هۆی ئه‌و خۆڕاگرییه‌وه‌، ده‌سه‌ڵات  به‌تایبه‌تی ساڵی ڕابردوودا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ ئاسانی بجوڵێته‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دۆخه‌كه‌ چه‌واشه‌كاری بكات، ده‌بوایه‌ ڕاگه‌یاندنی كوردی سه‌ركوت بكات.

ئه‌و پاڕێزه‌ره‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كاتێك سه‌رنج ده‌ده‌ین له‌ ناو ئه‌و ٣٥ ڕۆژنامه‌نووسه‌ی ده‌ستگیركراون، كارمه‌ندانی ده‌زگاكانی تێدایه‌، هاوكات ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌شی تێدایه‌ كه‌ به‌رنامه‌ بۆ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان ئاماده‌ ده‌كه‌ن. ده‌ستوه‌ردان له‌هه‌موو بواره‌كانی ڕاگه‌یاندن هه‌یه‌.

یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت                              

پارێزه‌ر ڕه‌سوڵ ته‌مور له‌باره‌ی یه‌كه‌م دانیشتنی ١١ی ته‌مووز، كه‌ بڕیاره‌ تیایدا ١٥ ڕۆژنامه‌نووس دادگایی بكرێن وتی: ١١ی ته‌مووز نه‌ته‌نیا بۆ رۆژنامه‌نووسانی كورد كه‌ له‌ كوردستان كاری ڕۆژنامه‌نووسی ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ توركیا كاری ڕۆژنامه‌وانی ده‌كه‌ن یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت، وتیشی: بابه‌تی گرتنی ڕۆژنامه‌نووسی ئۆپۆزسیۆن، مه‌ردان یانارداغ، له‌ ئه‌نجامی ئاسایی كردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی میدیایی و گوشار له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسانی تورك بوو.

پارێزه‌ر ته‌مور هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، ڕۆژنامه‌نووسانی كورد، به‌هۆی هه‌واڵه‌كانیان و ئه‌و زمانه‌ی به‌كاری ده‌هێنن و به‌هۆی بژارده‌كانی سه‌ر نووسه‌ری، به‌رده‌وام ده‌ستگیر و زیندانی ده‌كرێن. بۆ نموونه‌ كاتێك له‌ ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كان باسی گۆشه‌گیری ده‌كرێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆر تۆمه‌تیان ڕووبه‌ڕوو ده‌كرێته‌وه‌. له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر له‌به‌رامبه‌ر ڕاستی گۆشه‌گیری هه‌ڵوێستی جددی نیشان بدرایه‌، ئه‌وا هه‌واڵی له‌وجۆره‌ نه‌ده‌بووه‌ بابه‌تی دادگاییكردن. بۆیه‌ ئه‌و پرسه‌ نه‌ته‌نیا بۆ ڕۆژنامه‌نووسانی كورد، بۆ هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسانی توركیاش گرنگه‌. هه‌ربۆیه‌ زۆر گرنگه‌ به‌ وردی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌یی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانی ١١ی ته‌مووز بكه‌ین و پاڵپشتی ڕۆژنامه‌نووسانی كورد بكه‌ین.

ژ.ن