پاڵێوراوانی ئاکەپە لە وان بە گەندەڵی و تاوانکاری دەناسرێن!

ئەو سێ پاڵێوراوەی کە لەلایەن ئاکەپەوە لە وان پاڵێوراون ڕابردوویان بە تاوان و گەندەڵی دەناسرێت. تورکمان ئۆغڵو، کایا تۆرک و ئارڤاس لە ساڵانی ڕابردوودا پەرلەمانتاری وان بوون، پشتیوانییان لە قەیوم کرد و بووە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس.

لەو کاتەوەی ئاکەپە دامەزراوە، لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا لە وان لە بەرامبەر حیزبە سیاسییە کوردییەکان دا شکستی هێناوە. لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا، پاڵێوراوەکانی ئاکەپە لە بەرامبەر هەدەپەدا تێکشکابوون، بەڵام بارودۆخی ئەو پاڵێوراوانە، کە لەلایەن ئاکەپەوە پاڵێوراون زۆر خراپە. بورهان کایا تۆرک و کەیهان تورکمان ئۆغڵو و عەبدولخەڵات ئارڤاس، کە سێ کەسی یەکەمی لیستەکەی ئاکەپەن، لە ناو خەڵکی ناوچەکە و شارەکاندا بە گەندەڵی و تاوانکاری ناوبانگیان هەیە و دەناسرێن.

بورهان کایا تۆرک، کە لەلایەن ئاکەپەوە بە کەسی پلە یەکی لیستەکەیان بۆ وان دانراوە، پێشتر بۆ دوو خول ئەندامی پەرلەمان بوو. بەرگری لە هێرشی پۆلیس بۆ سەر قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ساڵی ۲۰۱۱ی وان کرد و وتی، "هەدەپە لە ناو خەڵکدا کاری ئاژاوەگێڕی دەکات". لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤شدا خەڵکی ئەبخێی پێیان وتبوو: "بۆچی هاتویت بۆ ئێرە؟، ئاکەپە بۆچی دەستێوەردانی بۆ داکۆکی لە کۆبانێ نەکرد؟" ئەویش لە بەرامبەر ئەو پرسیارانەدا فەرمانی بە پۆلیس و چەتەکان کرد هێرش بکەنە سەر خەڵکەکە.  پڕۆژەکانی وەک، "وڵاتی ئەفسانەکانی نەورۆز و ماڵەکانی فەزا لە وان" ڕاگەیاند، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکراون. خەڵکی وان زۆر دەمێکە گاڵتە بە پرۆژەکانی دەکەن.

پاڵێوراوی دووەمی ئاکەپە، کەیهان تورکمان ئۆغڵووە. تورکمان ئۆغڵو پێشتر لە نێوان ساڵانی ۲۰۰۷ بۆ ۲۰۱۱ نوێنەرایەتیی وان دەکرد، جگە لە مەراسیمی سوێندخواردنەکەی لە پەرلەماندا، بە درێژایی ماوەی پەرلەمانتاریەکەی لە پەرلەماندا هیچ قسەیەکی نەکرد. تورکمان ئۆغڵو هیچ بە دواداچوونێکی لەسەر وان ئەنجام نەدا، سەرباری ئەوەش جارێکی دیکە لە ساڵی ۲۰۱۸ دا بوو بە سەرۆکی لقی ئاکەپە لە وان. کاتێک ئەو پۆستەی گرتە دەست و لە وان دەستبەکار بوو، یەکەم کاری ئەوە بوو بینایەک، کە لە شەقامی جمهوریەتی وان دای بە کرێ بە گروپی داکا. لە ئێستادا داکا ٣٠٠ هەزار کرێ دەدات. جگە لەوە تورکمان ئۆغڵو، خۆی بە  جێبەجێکردنی کارەوە سەرقاڵ کردووە و لیستی ئەو کەسانە، کە ئەو دەیەوێت لەو شوێنانەدا کار بکەن، بۆ رێکخراوی ئیش- کور و شارەوانیی ژێر دەستی قەیومەکەی ئاکەپە دەنێرێت و بەپێی ئەو لیستە کار بە کەسانی نزیک لە خۆیان دەدەن.

پاڵێوراوی سێیەمی ئاکەپە، عەبدولخەڵات ئارڤاس-ە و بەوە ناسراوە، کە سوکایەتیی زۆر بە گەلی کورد دەکات. ئارڤاس بەرامبەر ئەو کەسانە، کە لە بوومەلەرزەکەی ئەلباک دا داوای هاوکارییان کردبوو وتی، "ئەگەر ئێوە ئەمە بکەن ئێمە دەڕۆین، بڕۆن با هەدەپە یارمەتیتان بدات.".

هەروەها ئارڤاس لە ئەردیش لە لێدانێکیدا بۆ لایەنگرانی ئاکەپە و دەوڵەتی تورک بە گەلی کوردی وتبوو، مانگا. ئارڤاس بەو لێدوانە و رەفتار سوکانەی دژ بە گەلی کورد دەناسرێت، سەرباری ئەوەش ٦٠ خزمەی خۆی بە شێوەی ناشایستە لە فەرمانگە گشتی و جەماوەرییەکاندا دامەزراندووە.

ژ.ت