"پەدەکە بۆ ڕازیکردنی تورکیا هەوڵی تیکدانی یەکڕیزی کورد دەدات"
هیدایەت تاهیر چاودێری سیاسی: "جێگەی نیگەرانییە، کە دەستێکی ناوخۆیی هاوکارە لە پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەمە بەراستی ئەوپەڕی خیانەتە لە میللەت و خاک، ئەمە پێی دەڵێن خیانەتی مەزن".
هیدایەت تاهیر چاودێری سیاسی: "جێگەی نیگەرانییە، کە دەستێکی ناوخۆیی هاوکارە لە پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەمە بەراستی ئەوپەڕی خیانەتە لە میللەت و خاک، ئەمە پێی دەڵێن خیانەتی مەزن".
هیدایەت تاهیر چاودێری سیاسی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، سەبارەت بە پرسەکانی وەکو بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هاوکاریی نۆکەرەکانی لە باشور بەسەرپەرشتیی پەدەکە، هەوڵە بەردەوامەکانی خەتی خیانەت بۆ تێکدانی یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد لەپێناو ڕازیکردنی داگیرکەران، گرنگیی یەکڕیزی و یەک ووتاری هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لەپێناو بەهێزی پێگەی کورد، بەردەوامبوونی هەوڵ و تێکۆشان لەپێناو نزیکبوونەوەی تەواوی لایەنە سیاسیەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەی و یەکێتی نەتەوەیی کورد و چەند پرسێکی دیکە دوا.
دژ بە دوژمنانی گەلەکەمان تێدەکۆشین
هیدایەت تاهیر چاودێری سیاسی نزیک لە یەنەکە، سەبارەت بە گرنگی نزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکانی لەپێناو تێکۆشان دژ بە دوژمنان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "بەدلنیاییەوە دیارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاری لەسەر ئەوە کردووە کە هاوکاری سێ پارچەکەی تری کوردستان بکات ئەو هەڤالانەی کەتێکۆشان دەکەن لەپێناو کوردایەتی لەپێناو مافە ڕەواکانیان بەدرێژای ئەو مێژووە چی وەک جەنابی مام جەلال چی وەکو بەرێز بافل تالەبانی هەولی ئەوە ئەدات بەبەردەوامی لەهاوکاریە بێت و لەگفتۆگۆ بێت و لەو شێوازە تێکۆشانە بێت کە دژی هەموو ئەو شوڤینیانە کەدژی میللەتەکەمان دەوەستن، ئەم هەڵوێستانەش دوژمنانی وەکو تورکیا پیانخۆش نییە".
هێرشەکانی تورکیا بۆتە جێگای نیگەرانی هەموو خەڵکی کوردستان
سەبارەت بە دژایەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژ بە پەیوەندی یەنەکە لەگەل ڕۆژئاوای کوردستان و هاوکاریکردنیان لەلایەن هاوپەیمانی دژی داعش، وە هێرشی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەو چاودێرە ئاشکرای کرد: "بۆیە لەو پێناوەدا دیارە ووڵاتی تورکیا ئەمەی پێ خۆش نییە کە ئەو هاوکاریانەی پێشکەش بە روژئاوا و بە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکرێت لەو پێناوە بە بەردەوامی هێرش دەکرێتە سەر ئەو لایەنە کوردستانیانەی کە هەوڵی یەکڕیزی و هاوکاریکردنی یەکتر دەکەن، چ لەڕێگەی هێرشی ڕاگەیاندنی یان سیاسی، کە ئەم جارەش بەداخەوە لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە هێرش کرا کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرایە ئامانج، ئەمەش بۆتە جێگای نیگەرانی هەموو خەڵکی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی سلێمانی".
دەستێکی ناوخۆی هاوکاری پەلامارەکانی تورکیایە، ئەمەش ئەوپەڕی خیانەتە
هەروەها هیدایەت تاهیر چاودێری سیاسی سەبارەت بە هاوکاری کردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەلایەن پەدەکە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژ بە گەلی کورد، ئاشکرای کرد: "بەحوکمی ئەوەی شاری سلێمانی خەڵکی زورتێکۆشەرن و رۆشنبیرن وەلەبیرمان نەچێت لەسەردەمی بەعسیشدا لەسلێمانی زور جار گیچەڵ(ئیستفزاز) دەکرا تەنانەت زانکۆی سلێمانی گواسترایەوە بو هەولێر وەکو سزایەک چونکە ئەو کات داوای مافی گەلی کورد و مافی هەرچوار پارچەی کوردستانیان دەکرد بەو شیوەیە رژێمی بەعس هەوڵی سزادانی خەڵکی تێکۆشەری دەدا، ئێستاش هەمان شت لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دووبارە دەبێتەوە بەهاوکاری لەلایەنێکی ناوخۆیی، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەمە جێگەی نیگەرانییە کە دەستێکی ناوخۆی هەیە هاوکارە لەم پەلامارانەی دەوڵەتی تورکیا، وە ئەمە بەراستی ئەو پەری خیانەتە ئەمە پێی دەڵێن خیانەتی مەزن دژی میللەتەکەت دژی خاکەکەت ئەمە جێگای قبوڵ نییە ".
بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی بەدیهێنانی یەکڕیزی نەتەوەیی
هەروەها سەبارەت بە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی نەتەوەی ئەو چاودێرە سیاسیەی نزیک لە یەنەکە ووتی: "یەکێتی بیر لەوە دەکاتەوە کەوا لەرێگای گفتوگۆیەکی دیموکراسیانە بتوانێت مافی هەموو کوردان بەدەست بێت و هێزە کوردییەکان لە یەکتر نزیبکاتەوە کە پێشتریش مام جەلال هاوڵی ئەوەیداوە کە لەڕێگەی دبلۆماسیەوە بەرێز ئۆجەلان لە زیندان دەربکرێت و بەهەمان شێوە بەهەمان شێوە پشتیوانی بەرێز قاسم لۆێی کرد بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەو تێکوشانە لەپێناو مافەکانی ڕۆژهەڵات بەدەست بێتن بەڵام تەمەن ڕێگەی پێنەدا، ئێمەش بەردەوام ئەبین لەسەر ئەو ڕێبازە بۆ هاوکاری کردن و یەکڕیز هیزە کوردییەکانی دیکە".
ڕووبەڕووی ئەو لایەن ولاتانە دەبینەوە کە دژایەتی میللەتی کورد دەکەن
هەروەها سەبارەت بەو ئاستەنی دژایەتییەی کە لەلایەن پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکرێت، ئەو چاودێرەی یەنەکە ووتی: "ئەمە بۆتە جێگەی نیگەرنی هەندێ لایەن کە چاویان بەم پێشکەوتنەوە چاویان بەو سیاسەتەوە هەلنایات کە یەنەکە دەستی داوەتێ بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان، وە دلنیام وەک کاک بافل ووتی 'بەرداوام دەبین لەو سیاسەتەی خومان یان کوردستان یان نەمان' ئەمە بەراستی ئەو پەری دروشمە کە ئەتوانین ڕووبەڕووی(تەحەدای) هەموو نەیارەکان پێ بگرین ڕووبەڕووی(تەحەدای) هەموو ئەو لایەن ولاتانە بکەین کە دژایەتی میلەتی کورد دەکەن".
پەدەکە ئامادەیە دەست بکاتە ناودەستی دوژمنان دژ بە گەلەکەی
هەروەها ناوبراو باسی لە بەردەوامی خیانەتەکانی پەدەکەی کرد لەدەست خستنە ناودەستی دوژمنی کوردەوە، و ووتی: "بەداخەوە کێشەکە لەوەیە لایەنێکی کوردستانی بەبەردەوامی هەولی ئەوە ئەدات دژایەتی لایەنەکانی ناوخۆ بکات، وە ئامادەیە دەست بکاتە ناو دەستی هەموو نەیارەکان و دوژمنان لەو پێناوەدا، ئێمە بە پراکتیکی بینیمان چی لەسەر ئاستی ناوچەکێشە لەسەرەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان) کەبەداخەوە پلانگێرییەکی گەورە لەکورد کرا کە بووە هۆی لەدەستدانی ٥١٪ی خاکی باشوری کوردستان (بەهۆی ڕیفراندۆم)".
پەدەکە کەرکوکی کردۆتە قوربانی بەرژەوەندیی حزبی خۆیەوە
هەروەها سەبارەت بە کاریگەری دەوڵەتانی داگیرکەر و خەتی خیانەتی پەدەکە لەسەر دەرچوونی کەرکوک لەدەستی کورد، ئەو چاودێرە سیاسییەی شاری کەرکوک ئاشکرای کرد: "بەهۆی ئەو دەست تێکەڵکردنەو وەستان دژی یەک ڕیزی گەلەکەمان وە لەهەمان کاتدا وەک لە شاری کەرکوک دەیبینین بەهەمان شێوە دەستێکی بالای هەیە کە ڕێگەنادات پارێزگارێکی کورد دانەنرێت و پشتیوانی لەو پارێزگارە بەوکالەتە عەرەبە دەکات لەپێناو ئەوەی مەرجەکانی قەبووڵ بکرێت و تەنها خۆی دەست بالا بێت وەکو ئاغا هەلسوکەوت بکات کە هەرشتێک لای ئەو دەربچێت لای ئەو جێبەجێ بکرێت، ئەمە بەراستی لەم سەردەمی دیموکراسیەدا جێگای قبول نییە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەردەم لەگەل یەک ڕیزی بووە وە هەردەم لەگەل خەبات وتێکوشانی سیاسی و دیبلوماسی بووە ئەو لەیەنە ناوخۆییە رێگری دەکات لە پرۆسەی یەکرێزی گەلی کورد تا بەرەوپێش نەچێت".
پێویستە کورد یەکڕیز و یەک ووتار بێت بۆئەوەی پێگەی بەهێز بێت
سەبارەت بە گرنگی یەکڕیزی نەتەوەیی کورد، لەم قۆناغەدا، جەختی لە گرنگی یەکڕیزی و یەک ووتاری کورد کردەوە و ووتی: "لە هەموو کاتێکدا یەکڕێزی بۆ کورد زۆر گرنگە بەتایبەتی لەم قۆناغەدا، کە قۆناغێکی هەستیارە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارییەکی 'حەتمی' هەنگاو دەنێت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ناوچانەی کە پەیوەستە بە کوردەوە لە گۆڕانکاریدایە لەم گۆڕانکارییەدا پێویستە کورد یەکڕیز و یەک ووتار بێت بۆئەوەی پێگەی زیاتر بەهێز بێت لەلای ووڵاتان حیسابی زیاتر بۆ پێگەی کورد بکرێت".
پەدەکە بۆ ڕازیکردنی تورکیا هەوڵی تیکدانی یەکڕیزی کورد دەدات
لە کۆتایدا هەر لەدرێژەی قسەکانی سەبارەت بە گرنگی یەکڕیزی گەلی کورد و هەوڵەکانی خەتی خیانەتی (پەدەکە) بۆ تێکدانی یەکڕیزی کورد لەپێناو ڕازیکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، هیدایەت تاهیر چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: "دەبینین کە هەرکاتێک کە یەکگرتن و نزیکبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان ڕووبدات و پارچەکانی کوردستان لەیەک نزیک دەبنەوە، ئەوە لایەنێک و تاقمێک هەوڵدەدەن ئەو یەکڕیزییەی لایەنە کوردییەکان تێکبدەن لەپێناو ڕازیکردنی ئاغاکانیان(دەوڵەتی تورکیا)، پێشتریش بینیمان ووڵاتانی وەکو تورکیا کێشەی بۆ دروست دەکەن و دواتریش ئامادەنین چارەسەری بکەن".
ژ.ت