پەدەکە گڵۆپی سەوز بۆ بەرفراوانترکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵدەکات

پەدەکە بە ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی خۆی لە بۆردومانکردنی کەمپی پەنابەرانی مەخمور دەربڕی.

لەبارەی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی کە کوردانی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێن، پەدەکە لە بری ئیدانەکردن ڕەوایەتی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەدات بۆ سەر دانیشتوانی کەمپەکە و دەڵێت: "گەر جوڵەی چەکداری لەنێو کەمپی مەخمور نەبێت تورکیا لەوپەڕی دنیاوە نایەت بۆ بۆردومانی کەمپەکە."

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەسەر لیستی پەدەکەیە، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا لەبارەی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی ڕەوایەتی بە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک داوە بەبیانووی بوونی جموجۆڵی چەکداری لەناو کەمپەکە، ئەمەش لەکاتیکدایە لە هەمان دەمدا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورک بەهۆی بۆردوومانی بۆسەر ژێرخانی ئابوری و وزەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی بێ ئاو و کارەبا کردووە و دەیان خەڵکی سڤیلی کردۆتە ئامانج، بەمەش ڕوون دەبێت کە ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردن و قڕکردنی کوردانە.

ئەم هەڵویستەی پەدەکەش لەماوەی هەفتەیەکدا دووەم جارە کە بە ناڕاستەوخۆ هەوڵی ڕەوایەتیدان و پەردەپۆشکردنی دەستدرێژی و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک دەدات بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور، بەجۆرێک لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر مزگەوتێک لە کەمپی مەخمور ڕاستەوخۆ دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراویکی بڵاوکردەوە  کە هەواڵی کردنە ئامانج و بۆردومانکردنی مزگەوتی کەمپەکە دوورە لە ڕاستیەوە ئەمەش بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.

هاوکات ڕاشیگەیاندبوو کە چەندین کوژراو و بریندار هەبوون لە ئەنجامی بۆردومانەکان کە بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی چەکدارانی پەکەکە کراون، لەگەڵ ئەوەی تەواوی قوربانیەکان خەڵکی سڤیل بوون کە برینداربوون و زیانیان بەرکەوتبوو.