پەدەکە؛ شێری ماڵ و رێوی دەرەوە
پەدەکە بەردەوامە لە جوڵاندنی هێز بەرامبەر هەموو هێزە کوردیەکان و بەڵام لە بەرامبەر داگیرکەران ملکەچە و رۆڵی داردەست و دەستکەلا دەگێڕێت.
پەدەکە بەردەوامە لە جوڵاندنی هێز بەرامبەر هەموو هێزە کوردیەکان و بەڵام لە بەرامبەر داگیرکەران ملکەچە و رۆڵی داردەست و دەستکەلا دەگێڕێت.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) پرسیار لە پارتی دەکات، دەڵێت تورکیا ٦٠ کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی باشوری کوردستان، بەڵام ئێوە سنوری شەڕی ناوخۆی تۆخ دەکەنەوە بۆ؟
پارتی دیموکراتی کوردستان کە وەک هێزکی داردەست و کرێگرتە هەمیشە لە هەوڵی دروستکردنی ئاژاوەیە لە نێو ماڵی کوردی، سوورە لەسەر ئەوەی ئاڵۆزی دروست بکات، ئاگر بخاتە نێو ماڵی کوردەوە لەو باریەوە هەموو گۆرپانەکانی واڵا کردوە بۆ داگیرکەران لەبەرامبەردا هەوڵی گەمارۆدانی هێزە کوردیەکان دەدات.
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی مەکەتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بەرنامەیکی تەلەڤزێۆنی دەربارەی جوڵاندنی هێزەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان بۆ ناوچەکانی هێڵی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی وتی: لە دوای شەڕی ناوخۆ و ڕێکەوتنامەی واشنتۆن مام جەلال بڕیاریدا هەموو هێزەکان لە بەرەی شەڕی ناوخۆ بگەرێنە دواوە، لە دەشتی کۆیە تا حاجی ئۆمەران هەموو هێزەکانی یەكێتی کشانە دواوە، بەڵام پارتی هێزەکانی نەکێشایەوە.
"پارتی سنوری بۆ تورکیا کردۆتەوە"
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەنەکە پرسیار دەکات و دەڵێت:" پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت هەبوو، هەر هێزەکانیان نە کێشاوە، سەرۆکی حکومەتیشان وەرگرت هەر هێزەکانیان نە کێشایەوە، بەرامبەر بە کێ؟ لە کاتێکدا دەبینین لە سنوری چەن سەد کیلۆمەتریک لە گەڵ سوپای تورکیا سنور کراوەیە و هێچ ڕەبایکی لێ نیە، هێچ هێزی پێشمەرگەی لێ نیە، تورکیا هاتۆتە نێو سنوری هەرێمی کوردستان پارتی سنوری بۆی کردۆتە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ هەتا ئیستا چەندین قەڵا و قولەی نوێ لە جێگای هێڵی شەری ناوخۆ دروست کردوە لە بەڵەکایەتی، لە خۆشناوەتی تا دەشتی کۆیە."
"با پارتی هێزەکانمان نە خروشێنێت"
لە وەڵامی پرسیارێکدا، "لەبارەی ئەوەی هۆکاری چییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هیزێکی مەشق پێکراوی پەدەکە وێستوویانە بچنە ناوچەی كڵاوقاسم کە ناوچەیەکی کۆنی مەیدانی شەڕی ناوخۆیە"، ئارێز عەبدوڵا دەڵێت:" ئێمەش پرسیار دەکەین بۆ؟ ڕێکەوتن کراوە لە نێوان یەکێتی و پارتی هەوڵماندا کە هێزەکانی یەكێتی و پارتی یەکبخەینەوە ئەگەر نە گەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک با هێزەکانی ئێمە نە خروشێنێت."
پێشتریش موراد قەریلان فەرماندی بڕیارەگەی ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل لە ١٥ ئابی ئەمساڵ بەشداری بەرنامەیکی تایبەتی ستیرک تیڤی وو، لە میانەی بەرنامەکە ئاماژەی بە جمووڵی هێزەکانی پەدەکە کرد، کە هەوڵ دەدەن هێزەکانی گەریلا گەمارۆ بدەن و هاوکاری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکەن بەم شێویە باسی کرد:" هاوڕێیانمان لە زاپ بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ئیرادە و چەکی تاکەکەسی شەڕیان کرد، ئەمە شکۆ و شانازییە بۆ هەموو کورد. بەڵام دەبینین، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەرخۆدانی ئەوێ بشکێنێت و بچێتە ئەوێ، پەدەکەش هاوکاری دەکات. ڕەنگە هەندێک بڵێن وا نییە، بەڵام ئەمە سەلماوە و بینراوە. ئێمە هەموو شتێک ناڵێین. دەبێت بەرپرسانی پەدەکە بزانن ئێمە هەموو شتێک ناڵێین. شتی زۆر هەیە بۆ وتن. هەندێک شت هەیە نامانەوێت ئێستە باسی بکەین. ئێستە دەبینن دەوڵەتی تورک لە زاپ بچوک بۆتەوە. لەگەڵ هەموو چەکی بەردەستیان، ناتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن و دەیانەوێت گەمارۆی زاپ بدات. دەبینین پەدەکە بۆتە بەشێک لەم گەمارۆیە! هاوکاری سەربازی دەکات. یارمەتی هەواڵگری دەدات و هەموو زانیارییەک دەبەخشێت. بێدەنگە بەرامبەر ئەم کارانە. بۆ نموونە، گەریلا جێگەیەک بەکاردەهێنێت، لەوێ هاتوچۆ دەکات، برینداران دەبەن و دەهێنن، دەبینی پێشمەرگە دەبەنە ئەوێ. ڕووبەڕێکی بەتاڵ هەیە، یەکسەر پێشمەرگە دەخەنە ئەوێ. سەربازانی تورک لەوێن، ئێمە لێرەین، دەبینین ئەوان دێنە نێوانمانەوە".
"ئێمە نامانەوێت لەنێوان گەریلا و پێشمەرگە شەڕ بقەومێت"
هاوکات قەریلان لەو بەرنامەی تەلەڤزیۆنیەدا ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە نایانەوێت لەگەڵ پێشمەرگە شەڕ بکەن و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:" ئێمە نامانەوێت لەنێوان گەریلا و پێشمەرگە شەڕ بێتەئاراوە. بەڕاستی لەم بارەیەوە زۆر هەستیار و بەرپرسیار دەجووڵێینەوە. بەڵام بەرپرس و فەرماندەکانی پەدەکە ئەمە دەقۆزنەوە. بە ئاشکرا دەڵێم، دەزانن ئێمە هیچ لە ئەوان ناکەین، بۆیە هەموو ڕێگەیەک دەگرنە بەر. ئەمە مەزنترین هاوکارییە بۆ دەوڵەتی تورک. باشە، ئەگەر بەرخۆدانی زاپ سەربکەوێت، تۆش سەردەکەویت، دەوڵەتی تورک زیاتر پێویستی بە تۆ دەبێت! لە پشتی بابەتی دێرەلوک، بیر لەوە دەکەنەوە ئەم شوێنە بەکاربهێنن و بچنە زاپ."
"ئەگەر ڕێگری لە پەدەکە نەکرێت ئەوە شەڕ روودەدات"
قەرەیلان وتیشی: "دەمەوێت شتێک بە هەموو گەلەکەمان و هەمووان بڵێم: تا ئێستا شەڕی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەنێوان گەریلا و پێشمەرگە نەبووە. لەدەرەوەی ئەمە هەموو شتێک ڕوویداوە. ئەگەر ڕێگەی لێ نەگیرێت، ئەگەر ڕێکارەکانی پەدەکە نەوەستێت، ئەوە ئەم شەڕە دەقەومێت. هەرچەندە ئێمە نامانەوێت _بڕوادەکەم، هیچ کوردێک ئەمەی ناوێت_ ئەوان لە هەموو جێیەک دەستوەردان دەکەن، دێنە پێشمان. بێگومان لە جێگەیەک ئەمە ڕوودەدات."
هاوکات بە فەرمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، پەدەکە ماوەی پێنج ساڵ زیاتر کەمپی شەهید رۆستەم جودی لە مەخموور، کە هاوڵاتیانی پەنابەری باکوری کوردستان تێدا نیشتەجێن، گەمارۆی سەربازی خستووەتەسەر و هەموو ڕێگایکی لە هاوڵاتیانی ئەو کەمپە بڕیوە.
بێگومان سیاسەتی خەندەقی شەرمی پەدەکەش بەرامبەر شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵکەندی ئەوە خەندەقە بە ڕووی ئەو پارچەی وڵات لە ناو کوردان وەک سیاسەتی شەرمی پەدەکە لە دژی شۆرشە ڕۆژئاوای کوردستان ناسراوە.
هەموو ئەمانە ئەوە دەر دەخەن کە پەدەکە هێزێکە لە هەموو شوێنێکی وڵات لە هەوڵی لە ناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ڕێکارەکانی گرتۆتە بەر بۆ دروستکردنی شەر کورد بە کورد، گەمارۆدانی گەریلا و بەشێک لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو هەوڵانە، لەبەرامبەریشدا پەدەکە هەموو گۆرەپانەکانی جەنگی بۆ داگیرکەران ئاواڵە کردوە بۆ بۆتە چاوساخ و داردەستیان بۆ سەرکەوتن بە چیاکانی کوردستاندا، هەر لەبەر ئەوەش پەندێکی کوردی هەیە لە ئیستادا دەتوانین بڵێن پڕ بە پێستی پەدەکە-یە کە دەڵێت:( شێری ماڵەوە و رێوی دەرەوەیە).
هـ . ب