پەکەکە: بۆ لێپێچینەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس بەشداری لە رێپێوان و گردبوونەوەکان دەکەین

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی پاریسی بە رێز و پێزانینەوە بە بیرهێنایەوە و رایگەیاند، "داوا لە گەلەکەمان و دۆستانمان دەکەین کە لە هەموو گۆڕەپانێکدا بەشداری لە رێپێوان و گردبوونەوەکان بکەن".

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند، "لە ١٢هەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا هاوڕێ سارا (سەکینە جانسز)، رۆژبین (فیدان دۆغان) و رۆناهی (لەیلا شایلەمەز) شەهیدبوون. ١٢ ساڵە لە سەر رێبازی هاوڕێ سارا، رۆژبین و رۆناهی ئێمە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی بەڕێوەدەبەین. لەم ساڵیادەشدا بۆ لێپێچینەوە لە کۆمەڵکوژی پاریس شەقام و گۆڕەپانەکان پڕدەکەینەوە.

بەر لە هەموو شتێک شەهیدانی گەورەمان هاوڕێ سارا، رۆژبین و رۆناهی لە ١٢هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیان بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە؛ بەڵێن دوبارە دەکەینەوە کە خاوەنداری لە ئامانج و یادی ئەوان بکەین. ئێمە جارێکی دیکە دەستنیشانی دەکەین کە لە ساڵی ١٣هەمیندا بۆ لێپێچینەوە و حیسابپرسینەوە لە کۆمەڵکوژکاران و بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی ئازادیی ژن، بە شێوەی بەهێزتر و رێکخراوتر تێبکۆشین".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە ئاشکرایە کۆمەڵکوژی پاریس بە شێوەی مەبەستدار و پلانبۆداڕێژراو کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "بە مەبەست هێرش کرایە سەر هەر سێ هاوڕێ بەنرخەکەمان. بە تایبەتی هاوڕێ سارا لەبەر ئەوەی یەک لە دامەزرێنەرانی پارتەکەمان بوو، لە دژی رژێمی فاشیست-سەربازی ١٢ی ئەیلول یەک لەو هاوڕێیانە بوو کە بەرخودانی زیندانی گەورەکرد و رۆڵی زۆری لە بەرەوپێشچوونی هێڵی ئازادیی ژنی پارتەکان هەبوو، هەربۆیە کرایە ئامانج. لە سەر ئەو بنەمایە، ئاشکرایە کە کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە دژی پارتەکەمان پەکەکە و لە کەسایەتی ئەودا لە دژی گەلی کورد کراوە. لەو چوارچێوەدا ئەوەی کرایە ئامانجی هێرشەکە گەلی کورد و تێکۆشانی هەبوون و ئازادیی ئەو بوو.

لە راستیدا هەر لە رۆژانی یەکەمەوە ئاشکرابوو کە کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس، لەلایەن کێوە ئەنجامدراوە. لای هەموو کەس روون بوو. بەڵام حکومەتی فەرەنسا کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی لەگەڵ بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژیەکە رێککەوت، هەرگیز بە روونی ئەو راستیەی ئاشکرا نەکرد و بکوژانی دادگایی نەکرد و لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکردن. ئەگەر لە کاتی خۆیدا ئەوەی بکردایە، لە ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس رووینەدەدا کە بە هۆیەوە یەک لە فەرماندەکانی شەڕ لە دژی داعش ئەڤین گۆیی و دوو وڵاتپارێزی کورد شەهیدبوون. ساڵی رابردوو گەلەکەمان و دۆستانیان هەوڵی زۆریان خستەگەڕ، بەڵام سەرباری ئەوەش حکومەتی فەرەنسا نەچووە ژێر باری کارکردن بە یاسا و دادگاییکردنی هەموو تاوانباران.

لەم ساڵڕۆژەدا جارێکی تر داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەین کە دیموکراسیانە نزیکی دۆخەکە بێتەوە و یاسا جێبەجێ بکات و هەموو تاوانبارانی هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس ڕادەستی دادگا بکات. بە تایبەتی ڕایدەگەیەنین ئاشکراکردن و لێپێچینەوە لە بەشداری ڕاستەوخۆی حکومەتی تەیب ئەردۆغان لەم کۆمەڵکوژییانەدا ڕێگری لە جینۆسایدی کوردان دەکات و هاوکات خزمەت بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا و سوریا و سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە گەلی وڵاتپارێز و دۆستانی دیموکراسیخوازمان دەکەین هەتا گەیشتن بە ئەنجامەکان بەردەوامی بە تێکۆشانەکانیان بدەن.

ئێمە بەردەوام پشتگیریمان لە بڕیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ کردووە و لەمەو بەدواش بەردەوام دەبین.

گەلی وڵاتپارێز و دۆستانی هێژامان

لەم قۆناغەدا، کە دەچینە ١٣هەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ کە لە پاریس ڕوویدا، ئێمە وەک بزووتنەوە و گەلەکەمان، بە قۆناغێکدا تێدەپەڕین کە ئەگەر و دەرفەتی زۆری ڕەخساندووە، بەڵام مەترسی و هەڕەشەی زۆریش لە ئارادایە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم پێکهاتووە، لە جیهانی عەرەبیدا ڕووخا و لە ئێران و تورکیاشدا گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگای. هەروەها کورد و کوردستانیان لە پێکهێنانی سیستەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. ئەمەش شەر و ململانێەکان لەسەر کوردستان زیاتر دەکات. ئەو هێزانەی دەیانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریان زیاتر بێت، زۆرتر هێرش دەکەنە سەر کوردستان. لەم دۆخەدا ئێمە وەک بزووتنەوە و گەل پێویستە زۆر هەستیارانە و بە وریاییەوە پەرە بە یەکێتی و تێکۆشانمان بدەین.

ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ کردنەوەی قفڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئازادی و دیموکراسی دەستپێکردووە. بێ گومان ئەم دۆخە دەرئەنجامی هەڵمەتی ئازادی جیهانییە کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەستی پێکردووە. ئێمە بە تێکۆشان دەرگاکانی ئیمرالیمان کردەوە. راگەیەندراوەکەی شاندی دەم پارتی کە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپو کۆبووەوە، وەک ئەوەی کورد و دۆستانی دڵخۆش کرد، بە شێوەیەکی جددی کەشوهەوای سیاسی تورکیایشی گۆڕیوە.

ئێمە وەک بزووتنەوە و گەلەکەمان بێ گومان ئەم پرۆسە و گفتوگۆیە بە گرنگ دەزانین. ئێمە هەمیشە پشتگیریمان لە بڕیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ کردووە و بێ گومان بەردەوامیش دەبین. بۆ سەرخستنی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ هەر ئەرکێک لە ئەستۆ دەگرین. بۆ ئەم مەبەستە هەمیشە بە بەردەوامی و سەبرەوە لە پێناو سیاسەت و ڕێبازەکانی ڕێبەر ئاپو تێدەکۆشین. لە هەمان کاتدا بەردەوام بەوریایی و هۆشیارییەوە لە بەرامبەر فێڵ و گەمەی عەقڵیەت و سیاسەتی فاشیستی-جینۆساید نزیک دەبینەوە. وەک زۆر جار گوتومانە هەمیشە هەم بۆ شەڕ و هەم بۆ ئاشتی لە ئامادیی داین. هەروەها لە هەمان کاتدا بەو کەسانەی کە دەڵێن؛ 'لەژێر خاکیان دەکەین' دەلێین سەیری حاڵی خۆیان بکەن دەبینن ئەوە خۆیانن ژێر خاک دەبن.

جارێکی تر بە ڕێز و حورمەتەوە هەڤاڵانی شەهید سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهی بەبیر دێنینەوە و داوا لە هەموو گەل و دۆستانمان دەکەین بەشداری ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکان بن کە بڕیارە لە هەموو شوێنێک بەڕێوە بچێت."