پەکەکە: با لە هەموو جێگەیەک بە جۆشوخرۆشەوە ١٥ ی ئاب پیرۆز بکەین

پەکەکە گوتی: "بانگەواز لە هەمووان دەکەین، بەشێوەیەکی کاریگەر جۆشوخرۆشی ١٥ ی ئاب ئەزموون بکەن، بەجۆشەوە جەژنی ئێمەی گەریلا پیرۆز بکەن، وانە لە شەڕی ئازادیی ٤٠ ساڵە وەربگرن و لە ساڵی ٤١ هەمینی هەڵمەتەکەدا، تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی کاریگەرتر بکرێت".

ڕاگەیاندراوی پەکەکە

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بەبۆنەی ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئابەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت:

"ئێمە لە چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی ١٥ ی ئابداین کە لەدایکبوونەوەی کوردە، مێژووی ئێمەی لەبەردەم ئەگەری لەناوچوونەوە بە ئازادی گۆڕی بۆ هەبوون. وەک تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلی کورد لەسەر بناغەی هەڵمەتی گەریلای ١٥ ی ئاب، ٤٠ ساڵە بێ پچڕان تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبەین. ئەم ڕەوشە یەکەمجارە لە مێژووی کوردستان ڕووبدات، بۆ مێژووی ڕزگاریی مرۆڤایەتی و گەلانی بندەست خاوەنی بایەخێکی مێژووییە. بەڵێ، لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا گەلێک ئازارچەشتن و خوێنڕژان هەبوون، بەڵام هیچیان بەفیڕۆ نەچوون؛ بەپێچەوانەوە لەڕێگەی تێکۆشانی ئازادییەوە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو دەسکەوتی هەرە مەزنمان بۆ هەبوون و ئازادی کورد بەدەستهێنا. وەک گەل، سەردەمێک لە قارەمانی و ڕووناکی و ئازادیمان ئەزموون کرد. لێرە بەدواش، بە ڕۆحی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب و سەرکەوتنەوە تێدەکۆشین و هەردەم سەردەکەوین".  

پەکەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "لەسەر ئەم بناغەیە، ١٥ ی ئاب، جەژنی ژیانەوەی نەتەوەیی و گەریلا لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو هاوڕێیان و هێزەکانی گەریلای قارەمان و گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستە دیموکراتەکانمان پیرۆز دەکەین.

لە کەسێتی سیمبولەکانی سەردەمی قارەمانێتی و فەرماندە نەمرەکانمان عەگید و زیلاندا، بە ڕێز و سوپاسەوە هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بیردەهێنینەوە. دیسانەوە بەڵێن دووپات دەکەینەوە، هەردەم ئامانجەکانیان سەردەخەین و یادەکانیان بەزیندوویی بهێڵینەوە. لە ٤١ هەمین ساڵیادی ١٥ ی ئابدا، دووپاتی دەکەینەوە، تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسییمان فراوانتر دەکەین، هەڵمەتی ئازادیی گەردوونیی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، دەگەیەنین بە سەرکەوتن".

با ٤١ هەمین ساڵیادی هەڵمەتەکە، بکەین بە ساڵی سەرکەوتن

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا گوتی:

"وەک دەزانرێت لە هەر مانگی ئابێکی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، بەرخۆدانی مەزن کراوە. لە هاوڕێ سەیفەدین زۆگورلو و موستەفا یۆندەم تا هاوڕێ ماهیر و نوجان و عازیم و ئیبراهیم و حوسەین و ماهیر و زەکی شەنگالی و عەگید گارزان و ئاتاکان ماهیر، سەدان شەهید قارەمانمان بەخشی. بەم بۆنەیەوە بەڕێز و خۆشەویستی و سوپاسەوە هەموو شەهیدانی مانگی ئابمان بیردەهێنینەوە. تا ئێستە لەسەر هێڵی ڕێبەرێتی و شەهیدان بەردەوام بووین، تێکۆشاوین و هەردەم سەرکەوتووین، لێرەش بەدواوە هەر وا دەکەین و بێگومان سەردەکەوین. لە چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئابدا، هێڵی عەگید و زیلان لە خۆماندا قووڵتر دەکەینەوە، خۆمان نوێ دەکەینەوە و ٤١ هەمین ساڵیادی هەڵمەتەکە دەگۆڕین بۆ ساڵی تێکۆشان و سەرکەوتنی مەزنتر.

سڵاو دەنێرین بۆ ئەندازیاری هەڵمەتە مەزنەکە ڕێبەر ئاپۆ

ئێمە زۆر باش دەزانین کە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی ١٥ی ئاب کە مێژووی گەلی کوردی گۆڕی، بە تەواوی بەرهەمی بلیمەتی و ڕەنجی داهێنەرانەی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو قۆناغێکدا لەسەر بناغەی گۆڕینی شێواز و تاکتیک هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی ١٥ی ئابی پێشخست، بەجۆرێک هەرگیز تووشی شکست نەبێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی هەڵمەتی گەریلای ١٥ ی ئاب و ئەو شەڕی ئازادییەی لەسەر ئەم بناغەیە پێشکەوت، هەڵسەنگاندنی قووڵ و واتاداری کرد.

ڕەنجی داهێنەرانەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ بوێری و فیداکاری گەنجان و ژنانی کورد یەکی گرتەوە و گەریلای فیدایی کوردی نەبەزیوی ئافراند. ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بناغەی گۆڕانی پارادایمی سیستەم خۆپاراستن بە پێشەنگایەتی گەریلا و شەڕی ئازادی لەسەر بناغەی هێزی جەوهەری پێناسە کرد. لە چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئابدا، بە ڕێزێکی زۆرەوە سڵاو دەنێرین بۆ ئەندازیاری هەڵمەتە مەزنەکە ڕێبەر ئاپۆ، بانگەواز لە هەمووان دەکەین کە خۆیان بە وڵاتپارێز و دیموکرات دەبینن، کە بەرخۆدانی مێژوویی ئیمراڵی بەباشی تێبگەن و هەڵمەتی ئازادیی گەردوونی بە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر هێڵی ١٥ ی ئاب و سەرکەوتن بەرەوپێش ببەن.

وەک دەزانین، لەپێناو هەبوون و ئازادی بڕیاری بەرخۆدان لە هەموو هەلومەرجێکدا بە بەرخۆدانی مەزنی زیندان لە ساڵی ١٩٨٢ دەستی پێ کرد، وە هەڵمەتی ١٥ ی ئاب کە بە چالاکییەکانی ئەروح-شەمزینان دەستی پێ کرد، ئەم بڕیارەی بە پێشەنگایەتی گەریلا بەجێهێنا. بۆیە هەموو ئەو پێشهاتانەی لە ٤٢ ساڵی ڕابردوو لە کوردستان ڕوویانداوە، لەسەر بناغەی بڕیاری بەرخۆدانی زیندان بەدی هاتوون. هەر شتێک لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو لەسەر ناوی ئازادی ئەزموون کراوە و ئافرێنراوە، بە تێکۆشان و پێشەنگایەتی گەریلا لەسەر بناغەی ١٥ ی ئاب دەرکەوتووە. گەر هەڵمەتی ١٥ ی ئابی ١٩٨٤ و شەڕی گەریلای ٤٠ ساڵە نەبوایە، ئێستە لە کوردستان شتێک بە ناوی کوردبوون و ئازادی و مرۆڤایەتی نەدەمایەوە. هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، شۆڕشی ژیانەوەی نەتەوەیی بەدیهێنا. هەڵمەتی ١٥ ی ئاب شۆڕشی ئازادیی ژنانی دەست پێ کرد، ڕاپەڕینی گەلی کورد بەرهەمی شەڕی گەریلایە. لەسەر ئەم بناغەیە و دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕینی پارادایمی ئەنجامدا.

هەڵمەتی ١٥ ی ئاب بوو بە هەڵمەتی ئازادی و دیموکراسیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی

هەڵمەتی ١٥ی ئاب تەنها بۆ گەلی کورد ڕاستی پێشخستنی هەبوونی ئازاد و ڕۆشنگەری نەبوو، لە هەمان کاتدا هەموو ڕەهەندێکی "پرسی کورد"ـی ڕووناک کردەوە. بە ئاشکراکردنی ڕاستیی کۆماری تورکی فاشیست و ستەمکار و قڕکەر و نەهێشتنی هەموو جۆرە درۆ و فێڵێک، ژینگەی تورکیای ڕۆشن کرد و ڕێگا و میتۆدی ڕاست و دروستی دیموکراتیزەکردنی تورکیای نیشان دا. لە هەمان کاتدا ڕۆژهەڵاتی ناوینی ڕووناک کردەوە کە لە تاریکی دەوڵەت-نەتەوەدا گیری خواردووە و هەموو ڕاستییە مێژووییەکانی ئاشکرا کرد. لەسەر ئەم بناغەیە، هەڵمەتی ١٥ی ئاب ڕۆشنگەری ڕاستەقینەی بۆ هەموو تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان ئافراند، وە بوو بە هەڵمەتێکی گرنگی ئازادی و دیموکراسی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

وەک دەزانرێت دەوڵەتی کۆماری تورکیا بۆ تێکشکاندنی هەڵمەتی ١٥ی ئاب و شەڕی گەریلا  بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرشی کرد و بۆ ئەمەش هەموو دەرفەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەفەربەر کرد. ٢٤، ٤٨، ٧٢ کاتژمێر کاتی دا بە گەریلاکانی ئازادی کوردستان؛ هێرشی ئۆپەراسیۆنی بە هەموو جۆرە ناوێکەوە ئەنجامداوە. لە ساڵی ١٩٨٥ شەڕی گەریلای کردە ڕۆژەڤی ناتۆ و لە مانگی ئابی هەمان ساڵەوە خیانەت و هاوکاری بارزانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

هەرچەند بەو هەموو هاوکارییەی کە لەم هێزانە وەریگرتبوو هێرشی کرد، بەڵام بۆ ماوەی چل ساڵ نەیتوانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان تێکبشکێنێت و لاوازی بکات. گەلی کورد و گەنجان و ژنانی کورد بە پێشەنگایەتی گەریلا قارەمانانە دژی ئەو هەموو هێرشە فاشیست-قڕکەرانە بەرخۆدانیان کرد و کوردستانیان کردە گۆڕەپانی تێکۆشانی ئازادی. حکومەتی کۆماری تورکیا و بەرپرسەکانی بە هەموو جۆرێک شکستیان هێنا و خرانە زبڵدانی مێژووەوە.

ئێستا کە لە چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئابداین، ئیدارەی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، بە هاوکاری ناتۆ و بارزانی، هێرش دەکاتە سەر ڕێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی ئازادی کوردستان و گەلی کورد و ژنان و گەنجانی کورد و دیسانەوە بەروارەکان بۆ لەناوبردنی هەمووان دادەنێن. ئەم هێرشانە کە لە هەرێمەکانی باکوری کوردستان و تورکیا پێش دەخرێن، تا هەرێمەکانی عێراق و سوریا درێژ دەبنەوە، دەیەوێت پارچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش داگیربکات و بیانلکێنێت بە خۆیەوە. ئەم هێرشە پلان بۆ داڕێژراوانە کە لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٦ دەستی پێکردووە، ئەمڕۆ بە پلەی یەکەم لە زاپ و مەتینا، لە هەموو هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕووی لە زیادبوونە. بێگومان گەریلای فیدایی کورد کە لەسەر هێڵی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک خۆی نوێ کردەوە، سەرەڕای ئەو هەموو هێرشە نایاسایی و نائەخلاقیانە، ڕێگە بە فاشیزم نادات و لەسەر هێڵی قارەمانێتی و لەڕێگەی بەرخۆدانەوە ئازادی کورد دەپارێزێت. گەریلای ئازادی کوردستان ئەمڕۆ ڕۆحی ١٥ی ئاب و سەرکەوتن لەو بەرخۆدان و فیداکارییەدا زیندوو دەکەنەوە کە لە زاپ و مەتینا، هەموو هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و تەواوی باکووری کوردستان پەرەیان پێداوە. سڵاو و پیرۆزبایی دەنێرین، بۆ بەرخۆدانی قارەمانانەی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، بەتایبەت چالاکییەکانی ئەم دواییە لە سەرگەڵێ و گردی بەهار و گەڤەر و هەموو گۆڕەپانەکان، وە هیوای سەرکەوتنی زیاتر دەخوازین. باوەڕمان وایە کە بەرخۆدانی گەریلا و گەل هەموو جۆرە گەمە فاشیست و قڕکەرەکان پووچەڵ دەکاتەوە و فاشیزم هەڵدەوەشێنێتەوە.

بۆ گەلی وڵاپارێزمان و ژنانی کوردی وڵاتپارێز و گەنجان!

بێ گومان کاتێک ئێمە یادی ٤٠ ساڵەی هەڵمەتی بەناوبانگی ١٥ی ئاب دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک بەهێزترین و متمانەمان بە هێزی خۆمان هەیە. خاوەنی ئەزموونەکانی شەڕی ئازادی ٤٠ ساڵەین و لەگەڵ وەرگرتنی ئەم ئەزموونانە، هێزمان بە شێوەیەکی پلە بە پلە زیاد دەکات. لەسەر ئەم بناغەیە تێکۆشانی ئازادیمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی گەردوونی لە هەموو گۆڕەپانێک پێش دەخەین. بەڵام دەبێت بزانین دوژمنیش هەر وا ناوەستێت. لە ٤١ هەمین ساڵیادی هەڵمەتە مەزنەکەماندا، دوژمن هێرشە فاشیست و ستەمکار و قڕکەرەکانی لە هەموو گۆڕەپانێک زیاتر دەکات. هەموو دەرفەتەکانی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بۆ ئەم هێرشانە سەفەربەر دەکات. ٤١ مانگە هیچ زانیارییەکەمان دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ نییە. بۆیە ڕەوشی تەندروستی و سەلامەتی وی نازانین. هێرشەکانی داگیرکاری و لکاندن بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە هاوکاری عێراق و پەدەکە بەردەوامە. زیندانەکان پڕ بوون و هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک هەیە. تەرمەکان لە زیندانەکانەوە دەردەچن. هێرشی قڕکردن دژی زمان و چاند و هەبوونی کورد، سەپاندنی شەڕی تایبەت لەسەر ژنان و گەنجانی کورد ڕۆژانە زیاتر دەبن. لەڕێگەی تاڵانکارییەوە دەخوازرێت سرووشت و جڤاکی کوردستان لەناوببرێت.

بە کورتی هێرشەکانی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بەردەوامن. بە تایبەتی لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨ ـەوە هێرشەکانی هاوشێوەی دوای ٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ ڕوودەدەن. بێگومان ئێمە وەک بزووتنەوە و گەل بەرخۆدان دەکەین و دەرفەتی ئەوەشمان هەیە. بەڵام ڕەوشەکە جدییە و هەرگیز نابێت بە ئاسایی ببینرێت. پاشان با بە دروستی لە قۆناغەکە تێبگەین و دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی تێکۆشانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جێگەیەک بەهێزتر بکەین. لە هەموو کات زیاتر بە هەستیاری و ڕیکخستن و تێکۆشەرییەوە مامەڵە بکەین. زیاتر پشتگیری لە ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا بکەین. لەگەڵ بەرخۆدانی ئیمراڵی و گەریلا یەکبگرین و ئەرکی وڵاتپارێزیمان بە تەواوی جێبەجێ بکەین. دژی هاوکاری و خیانەت یەکێتی وڵاتپارێزی پێش بخەین. لە تێکۆشاندا ڕادیکاڵتر و داهێنەرتر و کاریگەرتر بین. لەسەر هێڵی خۆپاراستن خۆمان پەروەردە  و رێکخراو و بەهێز بکەین. لە نزیکایەتی و هەڵوێستی تاکگەرایی و دووبەرەکی و ڕەشبینی و نەرێنی دووربکەوینەوە. بە ڕۆحی ١٥ ی ئاب و سەرکەوتن، خۆمان پڕ بکەین. هەردەم و لە هەموو جێیەک بەمۆراڵ و پێداگر و ڕێکخراو و بەرپرسیار و چالاک بین!

بۆ گەلی وڵاتپارێزی باشوورمان!

ئێوە لە هەمووان زیاتر ڕووبەڕووی هێرشی فاشیست و کۆڵۆنیاڵیست و ستەمی فیوداڵی بوونەوە. ئەمڕۆ ئیدارەی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەراورد بە هێرشەکانی پێشووی ئیدارەی سەدام، هێرشی دژوارتر دەکات. ئیدارەی عێراق و خیانەتی بارزانیش هاوبەشی ئەمەن. خیانەت و ستەمی چەوسێنەرانەی بارزانییەکان، نوێ نییە. ئێوە باش ئەمە دەزانن. وەک چۆن ئیدارەی عێراق و بارزانی پێشەنگایەتی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورک دەکەن، هاوکات زانیاری ناڕاست دەربارەی پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی بڵاو دەکەنەوە. هەرچەن هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕێکخستنی ئێمەوە نییە، ڕێکخستنەکانی وەک پادێ و تەڤگەری ئازادی دادەخەن کە بەگوێرەی یاساکانی عێراق دامەزراون و بەگوێرەی یاسا کار دەکەن. هەڵبەت دەزانن ئەوان بۆچی ئەم کارە دەکەن. هەرێمی برادۆست و ڕێکانی و زاپ و مەتینا و حەفتانینیان فرۆشت بە دەوڵەتی تورک، لەگەڵ ئاکەپە-مەهەپە هێرش دەکەنە سەر پەکەکە کە دژی ئەم هەوڵە بەرخۆدان دەکات. بۆ داپۆشینی ئەمە، درۆی وەها دەکەن.

ئێوە پەکەکە و گەریلاکانتان باش دەناسن. ٤٢ ساڵە پێکەوەن. ڕاستییەکانتان لە نزیکەوە بینیوە و دەزانن پەکەکە و گەریلاکانتان بێجگە لە ئازادی کورد و کوردستان هیچ داخوازییەکیان نییە، هیچ سەرچاوەیەکی مادیی کۆ ناکەنەوە و  فیداکارانە دژی دوژمنانی کورد پێکەوە شەڕ دەکەن. بەکورتی پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی هەر وەک جارانن. هەردەم لەپاڵ گەلی کوردی هەژارە و دژی دوژمنی ستەمکار-قڕکەر و خیانەتکارە هاوکارەکان تێدەکۆشێت. ئەمڕۆ لە زاپ و مەتینا  و حەفتانین و ئاڤاشین و خواکوڕک دژی داگیرکەران قارەمانانە شەڕ دەکات. فژی ستەمکاری و چەوساندنەوەی بارزانی هەردەم پاڵپشتی ئێوەیە. هەرگیز ئەم ڕاستییە لەبیر مەکەن و لە هەموو جێیەک باسی بکەن. باوەڕ مەکەن و گوێ مەدەن بە درۆی ئیدارەی عێراق و بارزانییەکان. لە هەموو کات زیاتر خاوەنداری لە گەریلاکان بکەن کە فیداکارانە پارێزگاریتان لێ دەکەن. خیانەتی هاوکار و ستەمی فیوداڵ لە خۆتان دووربخەنەوە. یەکێتی وڵاتپارێزیی خۆتان بنیات بنێن و بوێرانە دژی داگیرکاری و هێرشی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە!

بۆ دۆستانی شۆڕشگێڕ و دیموکراتمان لە هەموو جێگەیەک!

تێکۆشانی ئازادی کوردستان بە قۆناغی چارەنووسساز تێدەپەڕێت. لە ڕاستیدا فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە گورزی گەورەی بەرکەوتووە و لە لێواری داڕماندایە. پشتیوانی دەرەکی و پشتیوانی بارزانی ئەوی هێشتۆتەوە. ڕووخانی دیکتاتۆری فاشیستی تەیب ئەردۆگان بە پلەی یەکەم بۆ کورد و هەموو گەلی ستەملێکراو دەبێت. تورکیای دیموکراتیک ڕێگا بۆ دیموکراتیکبوونی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین خۆش دەکات. بۆ ڕێگریکردن لەمەش هێرش دەکەنە سەر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە. لە بەرامبەر ئەمەدا تێکۆشانی ئێوە و فراوانبوونی ئەم تێکۆشانە لە جیهاندا زۆر کاریگەرە. بۆیە باشتر لە ڕاستییەکان تێبگەن و خاوەنداری بەهێزتر لە ئەرکە شۆڕشگێڕی و دیموکراتیکەکانتان بکەن. هێرشە داگیرکارییەکانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە و خیانەتی بارزانی بەشێوەیەکی بەهێز و بەرفراوان ئاشکرا بکەن. لەسەر بناغەی پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک خەباتی پەروەردە و ڕێکخستن لە هەموو گۆڕەپانێک بڵاوبکەنەوە. بەشدارییەکی بەهێزتر بکەن لە هەڵمەتی ئازادی جیهانی بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد. هەڵمەتەکە لە هەموو جێگەیەک بڵاوبکەنەوە و چالاکی هەمەڕەنگ مەزنتر بکەن!.

لەسەر ئەم بناغەیە دیسانەوە جەژنی ژیانەوەی ١٥ ی ئاب لە گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستە دیموکراتەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەمووان دەکەین لە هەموو جێیەک و بەشێوەیەکی کاریگەر جۆشی ١٥ ی ئاب ئەزموون بکەن. جەژنی ئێمەی گەریلا بە جۆشەوە پیرۆز بکەن و وانە لە شەڕی ئازادی ٤٠ ساڵە وەربگرن، لە ٤١ هەمین ساڵیادی هەڵمەتەکەدا تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی کاریگەرتر بکەن!".