لە راگەیەندراوی کۆمیتەکەدا هاتووە، کە ئەو مێشکەی لە ساڵی ١٩٩٦دا کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، هێشتاش لە زیندانەکان بەشێوەیەکی قورس ستەم و زۆرداری دەکات و ئەوەش راگەیەندراوە، "بۆ ئەوەی شایەنی ئەو هاوڕێ بەنرخانە بین، رێگەی سەرەکی خاوەندارییە لە بەرخودانی رێبەر ئاپۆ و بەرخودانی زیندانەکان، پێویستە ئەو بەرخۆدانە بەهێزتر بکرێت. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان، رای گشتی دیموکراتیک دەکەین، کە لە دژی گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ و ستەمی ناو زیندانەکان بکەونە جموجۆڵ و گوڕ بە بەرخودان بدەن".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:
"ساڵێکی دیکە بەسەر دڕندەیی ٢٤ی ئەیلولی ١٩٩٦ کە دوژمن لە زیندانی ئامەد ئەنجامیدا تێپەڕبوو، بەڵام وەک هاوڕێیانیان ئەو کردەوانەمان بیر ناچێتەوە کە بەرامبەر ١٠ هەڤاڵمان ئەنجامدران. هەربۆیە ئێمە دەڵێین؛ ٢٤ی ئەیلول لە دڵی هەموو زیندانیان و هاوڕێیانماندا وەک خۆی و وەک ئازارێکی بەسوێ ماوەتەوە. لەبەر ئەوە بە رێبەرمان دەڵێین، 'ئێمە شەهیدانمان بە دڵی خۆمان دەسپێرین و بە خاکیان ناسپێرین'.
حکومەتی فاشیستی ئانایۆل کە ساڵی ١٩٩٦ دەسەڵاتی گرتەدەست، لە هەموو گۆڕەپانێکدا لە دژی رێبەرمان و تێکۆشانی ئێمە هێرشی بەرفراوانی ئەنجامدا. گۆڕەپانی زیندانیش پشکی لەو هێرشانە بەرکەوت و لە ٢٤ی ئەیلولی ١٩٩٦دا لە زیندانی ئامەد ١٠ هاوڕێمان بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆرکران. دەیانزانی کە جگە لە ئیرادەکەیان شۆڕشگێڕان هیچ شتێکی دیکەیان نییە کە خۆیانی پێبپارێزن، هەربۆیەش هێرشێکی بەو جۆرە دڕندانەیان لە بەرامبەریان ئەنجامدا. بە ئاسن و داری بە ئاسن پێچراو جەستەی هاوڕێیانمان پارچەپارچەکرا و بەشێوەیکی بە کۆمەڵ تیرۆر کران. ئەو کۆمەڵکوژییە روخساری لە مرۆڤایەتی داماڵدراوی دەوڵەتی تورکی جارێکی دیکە بە روونی پیشان دا. بەرخودانی هاوڕێیانمان لە دژی ئەو دڕندەییەش لەو ئاستەدابوو کە بە پیتی زێڕین لە مێژووی شۆڕشی جیهاندا بنوسرێتەوە. هاوڕێیانمان لە دژی وەحشیترین و دڕندەترین هێزی مێژووی جیهان بە وشیاری، بڕوا و ئیرادەوە نوێنەرایەتی بەها مرۆڤایەتیەکانیان کرد.
لەبەر ئەوەش ٢٤ی ئەیلول مێژوویەکی بەرخودانی شکۆمەندانەی ئێمەیە کە دەبێت بەردەوام هەڵبسەنگێندرێت و یادی بکرێتەوە.
زیندان بۆ تەڤگەرەکەمان قەڵای بەرخۆدانە، بەلام بۆ دەوڵەتی تورکی فاشیست شوێنێکە کە دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت شۆڕشگێڕان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات و بیان چەوسێنێتەوە، بە ئەشکەنجە ئیرادەیان بشکێنێت و ملکەچیان بکات. سیاسەتی دوژمن لە ساڵی ١٩٩٦ لەسەر زیندان ئەوە بوو کە شۆرشگێر خیانەت لە شکۆ و ناسنامەی خۆی بکات و ببن بە دانپێدانەر. یەکێک لەو شوێنانەی کە ئەم سیاسەتە بێ پسانەوە تیایدا سەپێنرا، زیندانی ئامەد بوو. لەم کاتەدا زیندانی ئامەد بوو بە شوێنی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەکانی دوژمن. لەم شوێنەدا دەخوازرا کە ئیرادەی شۆڕشگێڕان بشکێنرێت، لە دۆزی خۆیان بگەڕێندرێنەوە و خۆیان بەدەستەوە بدەن. ئەو شۆڕشگێڕانەی سەرەتا خرانە ئەم شوێنە بە وتنی 'ئێرە دیاربەکرە، لە هیچ شوێنێکی تر ناچێت' پێشوازییان لێکرا. ئەوان بەم کارە دەیانویست ترس بخەنە دڵی خەڵک و ئیرادەیان بشکێنن. بێگومان ئەو شوێنە بۆ ئێمە زیندانی ئامەد بوو، بەڵام جیاواز بوو لە هەموو شوێنێکی تر. زیندانی ئامەد قەڵای بەرخۆدانی تەڤگەرەکەمان بوو. ئەم شوێنە شوێنی بەرخۆدانی پێشەنگانی تەڤگەرەکەمان بوو وەک: مەزڵوم، فەرهاد، کەمال پیر و ساکینە جانسز. ئێرە شوێنی بەرخۆدانی کەرامەتانەی جەنگاوەرانی پەکەکە-پاژک بوو، کە ئیرادەی بەهێزی تێدا خۆلقێندرا. ئەم شوێنە شوێنی محمەد ئاسلان، ڕدڤان بولوت، نیعمەت چەکماک، جەمال چان، ئەحمەد چەلیک، قادر دەمیر، ئەدیپ دیرەکچی، سەبری گوموش، ئەرکان پەریشان و حەقی تەکین بوو کە لە ٢٤ی ئەیلولی سالی ١٩٩٦ دا جگە لە ئیرادە وئامانج و باوەربەخۆبوون هیچی تریان نەبوو کە بتوانن خۆیانی پێبپارێزن و قارەمانانە خۆڕاگرییان کرد.
لەو کاتەدا و بۆ شەرمەزارکردنی ئەو دڕندایەتیە کە لە زیندانی ئامەد بەرامبەر ١٠ هاوڕێمان ئەنجامدرا، لە زیندانی بایرامپاشا هەڤاڵانمان وەدات ئایدەمیر و حەمدوڵا شەنگوران هەمان رۆژ و هەمان کاتژمێر وەک ئەوەی بەڵێن و پەیمانیان بە یەکتر دابێت، خۆیان کردە تۆپێکی ئاگر و تێکەڵ بەکاروانی شەهیدان بوون. بەم جۆرە ژمارەی هاوڕێیانمان کە لە دژی دڕندایەتی ٢٤ی ئەیلول لە بەرخوداندا شەهیدبوون گەیشتە ١٢ کەس.
بە بۆنەی ساڵیادییانەوە، ئێمە سەرجەم هەڤاڵانمان بە رێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنینەوە، بەڵێن دووبارە دەکەینەوە، ئێمە ئامانجی بەدینەهاتووی ئەوان بهێنینەدی و تۆڵەیان بکەینەوە. هەمان مێشکی فاشیستی ئێستاش لە زیندانەکان رۆژانە ستەم و زۆرداری دەکات. بۆ ئەوەی شایستەی ئەو هاورێ بەنرخانەمان بین، رێگەی سەرەکی خاوەندارییە لە بەرخودانی رێبەر ئاپۆ و بەرخودانی زیندانەکان و بەهێزترکردنی ئەو بەرخودانە. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان، رای گشتیی دیموکراتیک دەکەین کە لە دژی گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ و ستەمی ناو زیندانەکان بکەونە ناو جموجۆڵەوە، گوڕ بە بەرخودان بدەن".
هـ . ب